کۆچی دوایی دایە خونچێ، گوڵ و خونچەی نێودڵان

لە ڕەوتی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان دا و لە ڕیزی پێشمەرگەیاتی و حیزبی دێموکراتی کوردستان دا سەدان و بگرە هەزاران کەس وەک بازنە و زنجیریێک لە دەوری یەک بوون و بە یەکەوە رەوڕەوەی خەبات و تێکۆشانیان بەرەو پێش بردووە.

وەک خۆم ئاشنایەتیم لەگەڵ گەورە پیاوان و مەزنە ژنانی نێو شۆڕش و شار و گوندەکان پەیدا کرد، لەگەڵ گەورە تێکۆشەران و ڕێبەران و فەرماندە بەوەجەکانی حیزب و کادرو پێشمەرگەکان لە سەنگەرێک دا لە ژێر هەڕەشەی بۆمبارانی فرۆکە و بوردومانی سەخت دا درێژەمان بە خەبات و تێکۆشان دا و بەسەر زۆر کەند و کوسپ و تەگەرە دا سەرکەوتین.

شانازی بە هەموو ئەو تێکۆشەرانەوە دەکەم کە لە ڕۆژە سەختەکانی خەباتدا، لە شار و شاخ و لە هەندەران بۆ ڕزگاری گەلەکەمان وەک زنجیرێکی قائیم و نەپساوە خەبات درێژە دەدەن.

یەکێک لەو مرۆڤە تێکۆشەرانە و یەکێک لەو کادرە بە ئەزموونانە کاک حەسەن خۆشکەلام پێشمەرگەی هەموو قۆناخەکانی خەباتی گەلەکەمانە کە بی پشوودان و بێ ماندوویی و لە خۆبردووانە خەباتی پێشمەرگەانەی درێژە داوە و لە پێسمەرگایەتی‌یەوە تا ئەندامی ڕێبەری پلەکانی بەرپرسایەتی بڕین و پێشمەرگەئاسا هەنووکەش خزمەت بە گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکا.

باسەکەم بۆ ئەوە نییە کە لە سەر کاک حەسەن خۆشکەلام بنووسم ، بەڵکوو باسەکەم لە سەر مرۆڤێکە کە لە ئامێزی خۆیدا تێکۆشەرێکی پەروەردە کردووە کە هەم بۆ خۆی وەک دایک و هەم بنەماڵەکەیان شانازی پێوە دەکەن.

دایە خونچێ ئەو دایکەی کە وەک مۆمێک ڕووناکایی بە ڕێگامان دەبەخشی و بە ورە بەرزی و بە مێهرەبانی‌یەوە ئێمە پێشمەرگەکانی لە ئامێزی گەرمی دایکانە دا دەحاواندەوە، بە قسە و گوتاری و بە هەڵس‌وکەوتی ژیرانەی ئێمەی هان دەدا کە وەک خۆی بوێر بین و ڕێگای تێکۆشان و خەبات نەترسانە درێژە پێ بدەین.

دایە خونچێ ژنێکی ڕووح سووک، مێهرەبان، بوێر، نیشتمان‌پەروەر و ساحەب قسە و دەست ڕۆیشتوو بوو، لە بنەماڵە و لە گوند و ناوچەدا وەک مرۆڤێکی گەورە و ساحەب مەسەڵەت و خەمخۆر سەیری دەکرا و هەمیشە بۆ تەبایی و بۆ یەکگرتوویی ئەوپەری توانای خۆی بەکار دێنا.

چەندین جار لە نزیکەوە بە خزمەتی گەیشتووم، خەمی تەنیا ئازادی گەلەکەی بوو، خەمی گەرانەوەی کوڕی پێشمەرگەی و بنەماڵەکەی بوو، پشت و پەنای کاک حەسەن و هەموو لایەکمان بوو، ژیانی لێوڕێژ لە سەربەرزی بوو، ماڵەکەی جێگای حەسانەوەی هەموو لایەک بوو، میواندۆست و سفرە ڕەنگین بوو، بەردەوام دەوربەری ئاوەدان و پڕ بوو، لە پۆشینی جل‌وبەرگدا ڕەسەنایەتی کوردی دەپاراست و هەر کەس چاوی پێکەوت بایە دڵی پێی دەکرایەوە و بە ڕووخۆشی‌یەوە بە پێشوازی گشت لایەکەوە دەچوو و خەمی لە هەموو ئازارەکانی گەلەکەی دەخوارد.

بەداخەوە دایە خونچێ ماوەیەک بوو نەخۆش بوو، مخابن مۆتەکەی مەرگ بەرۆکی پێگرت و ئەو دایکە نیشتمان‌پەروەر و خۆشەویستەی لە بنەماڵە و شۆڕش و خەڵک ستاند و خەمێکی قووڵی خستە دڵی هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە دەیانناسی.

هەر چەند لە سەر دایە غونچێ بنووسم هەر کەمی دێنم، بۆیە تەنیا ئەوە دەنووسم کە هیوادارم کە کوردستان دایکانی وەک دایە خونچێ لە ئامێزی دا زیاتر پەروەردە بکا.

لەناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە هاورێ و برا و هاوسەنگەری هەموو قۆناخەکانی خەباتم کاک حەسەن خۆشکەلام و دادە گوڵاڵە و منداڵەکانی و کوڕ و کچ و نەوەکانی و خوشک و براکانی هەروەها بە گشتی خزمانی بنەماڵەی گەورەی دایە خونچێ و بنەماڵەی خوشکەلام دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی دایە خونچێ دەزانم.

سەری ڕێز بۆ گەورەیی دایە خونچێ و هەموو ئەو دایکانە دادەنوێنم کە لە ئامێزی خۆیان دا ڕۆڵەی تێکۆشەر و پێشمەرگەی بە جەرگیان بۆ گەل و نیشتمان پەروەردە کرد.

ڕووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ و هیوادارم کە یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

بە ڕێز و حورمەتەوە
حەمەڕەسووڵ کەریمی
١١ ـ ٠٢ ـ٢٠٢١