با ئەگەر هەر باڵاپۆش دەبن وەک حەپسەخانی نەقیب باڵاپۆش بن
جلوبەرگ پۆشین یەکیک لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە و هەموو کەس ئازادە چۆن جلوبەرگ دەپۆشێ. ماوەیەکە شەڕێکی سارد و بە بەرنامەدارێژراو سەبارەت بە جلوبەرگی کوردی و ڕەسەنایەتی کورد لە لایەن رژێمی ئێرانەوە دەستی پێکردووە. بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی دەڵێن “لباس چوپانی”، بێشک هەموومان وەک گەلی کورد شانازی بە جڵوبەرگی شوانییەوە دەکەین.
لە ساڵانی پێشووش دا دیتمان بۆ ئەوەی شکۆی چەند کوڕە گەنجێکی مەریوانی بشکێنن، جلوبەرگی ژنانەیان لەبەر کردن و بە شەقام دا گێرایانن و دواتر شەپۆلی نارزایەتی ژنانی مەریوانی و گشت کوردستانی لێکەوتەوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە مێژە کار بۆ ئەوە دەکا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وەک زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران خەڵکەکەی تووشی پۆشینی جلوبەرگی ڕەش بکا، زۆری هەوڵدا پێش بە گرتنی زەماوەند و شایی خەڵکی کوردستان بگرێ، دەیان جار هێرشیان کردە سەر زەماوەندی پیری شالیار و هونەرمەندانی تەمبور بە دەستی یارسانیان و زۆر بۆنە و ڕێوڕەسمی گەورەی وەک نەورۆز و بێڵندانەوە و ڕۆژە کولتوری و مێژووییەکانی گەلی کورد. لەگەل ئەو هەموو هێرش و بێحورمەتیانەش لە ئاکام دا هەر نەیتوانی بە سەر خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا زاڵ بێ و سەری وەبەردی ڕەق کەوت. لە ماوەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێراندا خەڵک بە پۆشینی جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و ئاڵواڵەوە هەموو کات شەقام و شوێنە گشتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان ڕازاندۆتەوە و لەو پێناوەش دا قوربانی گەورەیان داوە.
کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە کە لە ڕێگای دەست و پەیوەندەکانیەوە لە هەموو بارێکەوە ڕووی باشووری کوردستان بە مەیلی خۆی نیشان بدا، بە درووست کردنی ڕایەڵکەی جۆراوجۆر دەستی خستۆتە نێو کاروباری سیاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ناردنی کەلوپەلی تایبەتی بە ناوی بازەرگانی دووکان و بازارەکانی هەرێمی کوردستانی پر لە شتوومەکی بێ بەها کردووە و لە ڕێگەیەشەوە هەندێک کەسی نەفس نەزمی دەستەمۆ کردوون و کارە چەپەڵەکانی خۆیانی پێ جێبەجێ دەکا و لە هەناردەکردنی ماددەی سڕکەریش دا هیچ دریغی نەکردووە.
شک لەوەدا نییە کە زۆرینەی خەڵکی باشووری کوردستان موسڵمانن، لەو بارەوە هیچ پێویست ناکا خەڵکی موسڵمانی کوردستان وەک چۆن کۆماری ئیسلامی دەخوازێ بجووڵێنەوە، جلوبەرگی ڕەسەنی ناوچەی هەورامان و یەک لەوان هەڵەبجە لە جوانی دا ئەگەر بێوێنە نەبن، لانیکەم کەم وێنەن، ساڵانێکی زۆرە خەڵکی موسڵمانی ئەو دەڤەرە بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی لە چەشنی جلوبەرگی حەپسە خانی نەقیب باوەرمەندی خۆیان بە ئیسلام نیشان دەدەن و لە زۆر بواردا ڕەچەشکێن و پێشرەو بوون.
هەموو ساڵێک کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرەبەری ٢٢ی ڕێبەندان دا هەندێک دەسکەوتی لاوەکی بە خەڵک نیشان دەدەن و دەیانهەوێ بەم شێوەیە بڵێن کە ئەوانە دەسکەوتەکانی ئیسلامن.
ئەمرۆ لە هەڵەبجە کۆمەڵێک خاتوونی باوەرمەند کە ١٣٥٧ کەس بوون بە پۆشینی جلوبەرگی یەک رەنگ باڵاپۆشی خۆیان راگەیاند، ئەو ڕەقەم و ژمارەیە نیشانەی ساڵی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئەوەش دەری دەخا کە چ کەس و لایەنێک لە پشت ئەم پرۆسەیە. وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە مرۆڤ ئازادە لە پۆشینی جلوبەرگ دا، بەڵام خۆزگە هەموو ئەو خاتوونە باڵاپۆشانە، بە جلوبەرگی رەسەنی کوردییەوە بالاپۆشی خۆیان رادەگەیاند، پۆشینی جلوبەرگی کوردی تەواو باڵاپۆشییە، کراس و ئاواڵ کراس و پشتێند، سوخمە و کولوجە و کۆڵوانە ، شەدە و کوڵاو و تاسکوڵاو، لە دیارترین جلوبەرگەکانی ژنانی کوردستانن کە بە تەواوی باڵاپۆشن و سەدان ساڵە نەنک ، دایک ، پوور ، خاڵۆژن ، ئامۆژن ، کچ و خوشک و براژنەکانمان ئەو جلوبەرگە ڕەسەنانەی کوردی دەپۆشن و لە نوێژ و تاعەتی خواش دریغیان نەکردووە.
چاولێکەری بۆتە پیشەو عادەتێکی خەراپ، بەشێک لەو مەڵبەندە ئیسلامییانە بە بێ ئەوەی گرینگی بە ڕەسەنایەتی ناوچەکان بدەن، تەنیا بە دوای وەرگرتنی پووڵ و پارە لە ئێران و چەند دەوڵەتێکی بە ناو ئیسلامین و بۆ ئەوەی مەعاش و پووڵەکەیان لە دەست نەچێ زۆر ئاگاهانە و بە ئانقەست دەستیان داوەتە جێبەجێ کردنی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەگینا چۆن دەکرێ گەلیک بۆ خۆی جوانترین و ڕەسەنترین جلوبەرگی هەبێ، بەڵام لە جلوبەرگێک کەڵک وەر بگری کە هەر رەنگەکەی تایبەت بە شیعەگەرییە.
حەمەرەسووڵ کەریمی
١٢ ـ ٠٢ ـ ٢٠٢١