پەیامی هاوخەمی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان لە پیوەندی لە گەڵ نوێترین قوربانییەکانی شەڕ لە گەڵ داعشدا
لەو کاتەوە کە چەکدارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، خاکی پیرۆزی کوردستانیان کردوە بە ئامانجی هێرشەکانیانو بەرەیەکی بەربڵاوو دوورو درێژ بە درێژایی سەدان کیلۆمیتریان لە باشوورو خۆراوای کوردستان لە دژی خەڵکی کوردستان کردوەتەوە، کەم ڕۆژ هەبووە چەند ڕۆڵەیەکی نەتەوەکەمان گیانی خۆیان بەخت نەکەنو نەبنە قوربانی.
ئەوە بۆ ٦مانگ دەچێ هێزی پێشمەرگە،هەرلە سەعدییە و جلەولاوە تا دەگاتە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووکو لەوێشەوە تا دەگاتە شەنگال، وەک قەڵخانێک بەرامبەر پەلاماری تیرۆریستان ڕاوەستاوە. ڕۆڵە قارەمانەکانی کوردستان بە بەخشینی خوینو گیانی خۆیان، پەلاماری تیرۆریستانیان تیک شکاندوەو خاکو خەڵکی هەرێمی کوردستانیان پاراستوە. دیارە لە خۆراوای کوردستانیش خۆڕاگریو فیداکاریی شەڕڤانانی کورد بە تایبەتی لە کۆبانی،بووە بە مایەی سەرنج وئافەرینی نەک هەر نەتەوەی کورد بەڵکوو ئازادیخوازانی جیهانیش.
بەم جۆرە نەتەوەی کورد لە دوو بەشی نیشتمانەکەی لە سەنگەری هەرە پێشەوەی شەڕ بە دژی سوپای تاریکیو دڕندەیی دایەو لە شەڕ بە دژی تیرۆریستاندا، بەردەوام قوربانی دەدا.لە شەڕەکانی ئەم دوایانەی هیزی پێشمەرگەشدا کە ڕزگارکردنو پاک بوونەوەی چەند شارو شارۆچکەو چەندین ناوچەو گوند لە چەکدارەکانی داعشیان بە دواوە بوو،بە داخەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگەکانو کۆمەڵێک لە فەرماندەرانو ئەفسەرانی هیزی پێشمەرگە گیانیان بەخت کرد.
لە بەر بەرفراوانیی ڕووبەڕی شەڕگەکانو بەربڵاوبوونی خەسارە گیانییەکان، بە داخەوە بۆ ڕێبەری و نوێنەرایەتییەکانی حیزبی ئێمە لە هەرێمی کوردستان نەگونجاوە لە نزیکەوە بەشداری هەموو یا زۆربەی بۆنەو ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە شەهیدبوونو خەسارەگیانییەکانی هیزی پێشمەرگە بێ. هەر بۆیەو بە تایبەتی کە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا،دەیان پێشمەرگە لە پلەی جۆراوجۆردا، لە شەڕ لە گەڵ تیرۆریستاندا گیانیان بەخشییوە، بە پێویستی دەزانین وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆمان لەو بەرگرییە ڕەواو جیی شانازییە،هاودەردیو هاوخەمیی خۆمان بە هەموو بنەماڵە شەهیدەکان،بەهێزی خۆڕاگری پێشمەرگەو تیکڕای خەڵکی هەرێمی کوردستان، رابگەیەنین. ئێمە بۆ بریندارەکانی ئەم شەڕانە ئارەزووی چاکبوونەوەو بۆ خەڵکی ئاوارەی شەڕی داسەپێنراوی داعش، هیوای گەڕانەوەی بە زوویی بۆ سەر ماڵو بۆ نێو زێد و گوندو شاری خۆیان، دەخوازین.
ئەو نموونەو دیمەنانەی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە فیداکاریو گیانبەخشین، لە شەڕی بەرگری لە خاکو خەلکی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوو دا نیشانیان داوە، باوەڕی قووڵی نەتەوەی کورد بە ئازادژیان وملنەدان بۆ تاریکیو جەهلو ستەم وزۆرداری، دەسەلمێنن. هیوای ئێمەو هەموو خەلکی ڕۆژهەلاتی کوردستان ئەوەیە حکوومەتی هەرێمو هێزی پێشمەرگە بە پشتیوانیی بێدریغی کۆمەڵانی خەڵکو پشت ئەستوور بە یەکیەتیو تەبایی ڕیزەکانیان، لەم شەڕەشدا بە سەر دوژمنانی پەلاماردەردا سەرکەونو خوێنی شەهیدەکان، باشترین دەسکەوت و بەرهەمی لێ بکەوێتەوە.
سڵاو لە گیانی نوێترین شەهیدانی سەنگەری بەرگری لە خاکی کوردستان و سەربەرزی بۆ بنەمالەکانیان.
شکان و سەرشۆری بۆ پەلاماردەرانی تیرۆریست.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٢٩/١١/٢٠١٤
٨ی سەرماوەزی ١٣٩٣