کۆچی دوایی فاتمە عەبدی ناسراو بە پورە فات دایکی تێکۆشەر کاک کەریم رەسولی

بە پێی هەواڵی گەیشتوو سەر لە بەیانی ڕۆژی 29-11-2014 دایە فاتمە عەبدی دایکی پێشمەرگەی دێرین و تێکۆشەر کاک کەریم رەسولی لە تەمەنی 75 ساڵی دا کۆچی دوایی کرد . پورە فات ژنێکی ڕووخۆش و خۆشەویست و مێهرەبان بوو، خەمخۆری گشت لایەک بوو، لە شین و شایی و لە خەم و شادی گشت لایەک دا بەشدار بوو، بەردەوام کاری بۆ تەبایی و بە یەکەوە ژیان دەکرد و کەسێکی جێگای باوەر و متمانەی خەڵک و خۆشەویستی گشت لایەک بوو، خەڵکی خۆشدەویست و ئەوانیش ڕیزیان لێدەگرت. مرۆڤێکی ڕووح سووک و دەست ڕەنگین و بە دەستەوە بوو، دایە فات بە دڵ و بە کردەوە کورد و نیشتمانپەروەر بوو، ڕێزی زۆری بۆ خەباتکاران و شۆرشگێرانی گەلەکەمان هەبوو، هەموو پێشمەرگەکانی حدک و بە تایبەت هێزی زمزیرانی بە کوڕی خۆی دەزانین، له‌به‌ر ئەوە هاورێ کەریم وەک پێشمەرگە و کادرێکی بەوەجی سیاسی جێ دەستی بە کاری پێشمەرگانەوە دیار بوو، بەردەوام رژێم بنەماڵەکەی و بە تایبەت پورە فات یان دەخستە ژێر گوشار و بێ ڕیزی و بێ و حورمەتیان پێدەکرد . زۆرجاران وێرای دایک و باوکی کادرو پێشمەرگەکانی ئەو ناوچەیە، بێ حورمەتیان پێ دەکراو تەنانەت لە گوند دەریان دەکردن و ئاودیوی سنووری باشووریان دەکرد، ئەم بنەماڵەیەو بەتایبەت پور فات چەندین جار لە لایەن ئیتلاعات و جاش و سیخورانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕاکێشی ئیتلاعات و سوپا کراوە، بەڵام پور فات کەسێک نەبوو کە بە هەڕەشەی ئەوان بترسێ و واز لە کوردایەتی و خۆشەویسی خۆی بە حیزب بێنێ.
لە ماوەی نزیک بە ٣٥ ساڵ دووری لە کوری پێشمەرگەی بە دەیان جار ڕێگای گەرمێن و کوێستانی بڕی بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کەریم رەسولی کوڕی و هاوسەنگەرانی لە ئامێز بگرێ هیچ تەنگ و چەڵەمەیەک نەیتوانی پێش بە دیدارەکانی بگرێ، پورە فات ژنێکی دڵسۆز و بە هەست و سۆز بوو، بەداخەوە ئەو ماوەیە بە هۆی نەخۆشی کەم تاقەت ببوو، بەڵام وەرە بەرزو باوەر بەخۆوە هەر هیوادار بوو بە خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەکەی.
به‌داخه‌وه‌ رۆژی شەممە 29-11-2014 لە ئامیزی گەرمی بنەماڵەکەیدا و لە گوندی سەربەرزی گەرۆر کۆچی دوایی کرد و هەموو لایەکی خەفەت بار کرد.
بەم بۆنەوە لە لایەن بنەماڵەی کاک کەریم رەسولیەوە لە شاری تۆرکۆی فینلاند کۆڕێکی پرسە و سەرەخۆشی بەرێوە دەچی و دۆستانی نزیک دەتوانن سەردانی بکەن.
لەگەڵ ئەوەدا هەموو لایەک خەمخۆرن و لەگەڵ کاک کەریم برا و هاورێ و هاوسەنگەرن، تکا دەکەین ئەوانەی ڕیگایان دوورە بۆ پێشگیری لە ڕووداوی هاتووچۆ زەحمەتی هاتن بۆ پرسەکە نەکێشن و لە ڕیگای تەلەفوونەوە دەتوانن هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆیان دەر ببرن.


به‌ بۆنه‌ی کۆچی دوایی پووره‌ فات له‌ ناخی دڵه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌ی به‌رێزی کاک که‌ریم ڕه‌سووڵی و هه‌موو خوشک و براکانی و تێکرانی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی به‌رێزیان له‌ نێوخۆی وڵات و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌که‌م و خۆم به‌ هاوخه‌م و شه‌ریکی ئه‌و کۆسته‌ گه‌وره‌یان ده‌زانم، هیوادارم که‌ جێگای به‌هه‌شتی به‌رین بێ و ڕووحی هه‌رده‌م شاد و له‌ دڵان دا زیندوو بێ،
حه‌مه‌ره‌سووڵ که‌ریمی