لە دایکبوونی وشه‌ی پێشمه‌رگه‌و دیاریکرانی رۆژی پێشمه‌رگه (به بۆنه‌ی رۆژی پێشمه‌رگه‌وه) مستەفا مەعرووفی
دیاریکرانی رۆژی پێشمه‌رگه بۆخۆی هه‌ڵگری دوو رووداوه؛ یه‌که‌م، دیاریکردنی ناوی پێشمه‌رگه، دووه‌م، دیاریکردنی رۆژی پێشمه‌رگه. وشه‌ی پێشمه‌رگه یادگاری سه‌رده‌می کۆماری کوردستان له ساڵی 1324دایه. شه‌هید د. عبدولره‌حمانی قاسملوو له کتێبی “چل ساڵ خه‌بات له پێناوی ئازادی”دا له باره‌ی وشه‌ی پێشمه‌گه‌وه نووسیویه‌تی:”پاش دامه‌زرانی کۆماری کوردستان کۆڕێکی ئه‌ده‌بی له مه‌هاباد پێک هات بۆ ئه‌وه له باتی وشه‌ی فارسی و عه‌ره‌بی وشه‌ی کوردیی ره‌سه‌ن بۆ زاراوه‌کانی نێو سوپا بدۆزنه‌وه. یه‌که‌م زاراوه که پێویست بوو دابنرێ به‌رامبه‌ر به وشه‌ی سه‌ربازی فارسی که ئازه‌ربایجانییه‌کان کردبوویان به فیدایی. گۆیا ئه‌دیبه‌کان هیچیان بۆ نه‌دیترابۆوه تا پیاوێکی پیری دنیادیتوو که چای بۆ ده‌هێنان پێی گوتن: کورد به پیاوی له‌خۆبردوویان ده‌گوت”پێشمه‌رگه”.”.
له‌و کاته‌وه وشه‌ی پێشمه‌رگه بۆ خه‌باتکاران و ئازادیخوازانی کورد به‌کاردێ. له راپۆرتێک‌دا که له باره‌ی مه‌راسیمی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له 2ی رێبه‌ندان‌دا له ژماره 10ی رۆژنامه‌ی کوردستانی سه‌رده‌می کۆمار، تاریخی 15ی رێبه‌ندانی 1324دا بڵاو کراوه‌ته‌وه، بۆ یه‌که‌مجار وشه‌ی “پێشمه‌رگه” به‌کار هاتوه. به‌ڵام بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌که وشه‌ی پێشمه‌رگه له جیاتی سه‌رباز به‌کار بێ، ده‌گه‌رێته‌وه بۆ بڕیارێک که له رۆژی 15ی رێبه‌ندانی 1324 ( 4ی فیورییه‌ی 1946) له کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌فسه‌رانی کۆمار‌دا دراوه. ئه‌و بڕیاره بۆ رۆژنامه‌ی کوردستان، ژماره 12 ی 20ی رێبه‌ندان نێردراوه و له لاپه‌ڕی 3 دا به ئیمزای ( مرادی) چاپ بووه. له‌و بڕیاره‌دا 35 زاراوه‌ی سوپا به کوردی له به‌رامبه‌ر زاراوه فارسییه‌کاندا دانراون، یه‌که‌م زاراوه وشه‌ی “پێشمه‌رگه” یه که له به‌رامبه‌ر وشه‌ی فارسیی “سرباز”دا دانراوه.
بنه‌مای دیاریکردنی رۆژێک به ناوی پێشمه‌رگه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رووداوێکی مێژوویی پاش دامه‌زرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، به‌ر له دامه‌زرانی کۆماری کوردستان: له رۆژی 26ی سه‌رماوه‌زی 1324( 15ی دیسامبری 1945)دا بۆ یه‌که‌مجار خه‌ونی کورد بۆ هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له شاری مه‌هاباد وه‌دی هات. له‌و رۆژه‌دا ئاڵای کوردستان به‌شکۆیه‌کی زۆره‌وه هه‌ڵدراوه و پاشان ئه‌و رێوره‌سمه له شار‌و ناوچه‌کانی دیکه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستانیش به‌ڕێوه چووه.
30 ساڵ له‌وه پێش له ساڵی 1363ی هه‌تاوی (1984)دا ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان له‌سه‌ر پێشنیاری مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده بۆ دیاریکردنی رۆژێک به ناوی پێشمه‌رگه‌وه،رۆژی 26ی سه‌رماوه‌زی وه‌ک رۆژی پێشمه‌گه‌ی کوردستان دیاری کرد.
ئه‌و رۆژه وه‌کوو رۆژێکی سه‌مبولیک بۆ رێزگرتن له مه‌قامی به‌رزی پێشمه‌رگه و فیداکاری و له خۆبردوویی پێشمه‌رگه دیاری کراو و له‌و کاته‌وه هه‌موو ساڵێک له‌و رۆژه‌دا رێوڕه‌سمی تایبه‌تی بۆ ناو و یادی پێشمه‌رگه پێک دێ.
جوغرافیای وشه‌ی پێشمه‌رگه
وشه‌ی پێشمه‌رگه هه‌ر له سه‌رده‌می کۆماری کوردستانه‌وه که‌وتۆته سه‌ر زار و زمانان. جگه له تێکۆشه‌ران و خه‌باتکارانی ئه‌و کاتی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌تی ئه‌و به‌شه له سوپای کورد له خزمه‌تی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان دابوون، ئه‌م وشه‌یه بوو به نازناوی ئه‌و تێکۆشه‌ره کوردانه‌ی که له باشووری کوردستانه‌وه روویان کردبووه رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌تی بارزانییه‌کان که له سوپای کۆمار‌دا ده‌ورێکی کاریگه‌ریان هه‌بوو. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌وه وشه‌ی پێشمه‌رگه رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستانی گرتۆته‌وه.
دوای ئه‌م قۆناغه کاتێک حیزب و رێکخراوی دیکه‌ی کوردی له رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان دامه‌زران وشه‌ی پێشمه‌رگه بۆ تێکۆشه‌رانی ئه‌و حیزب و رێکخراوانه‌ش به‌کار هات. ئه‌گه‌ر له مێژووی نزیک به 70 ساڵه‌ی له دایکبوونی پێشمه‌رگه‌وه حیزب و رێکخراوه کوردییه‌کان به داخه‌وه ناکۆکی و ته‌نانه‌ت دوژمنایه‌تییه‌کانیان له هاوده‌نگی و هاوکاریی نێوانیان زیاتر بووه، به خۆشییه‌وه له به‌کار هێنانی نازناوی پێشمه‌رگه‌دا بۆ تێکۆشه‌رانیان هاوده‌نگ بوون.
ته‌نانه‌ت دوژمنانی کوردیش بۆ له‌بار بردنی پیرۆزیی پێشمه‌رگه که‌ڵکی خراپیان له‌و ناوه وه‌رگرتوه. کۆماری ئیسلامی وشه‌ی پێشمه‌رگه به پاشگری مسوڵمانه‌وه بۆ ئه‌و که‌سانه به‌کار دێنێ که به کڕێیان ده‌گرێ و له دژی “پێشمه‌رگه” رایان ده‌گرێ. به‌ڵام زاراوه‌ی “پێشمه‌رگه‌ی مسوڵمان” هیچ کات جێگای وشه‌ی “جاش”ی نه‌گرته‌وه و نه‌که‌وته سه‌ر زار‌و زمانان.
ئه‌مڕۆ له کاتێکدا که وشه‌ی پێشمه‌رگه سنووری کوردستانی بڕیوه و چووه‌ته نێو فه‌رهه‌نگی وشه‌ی بێگانانیش و ته‌نانه‌ت له سه‌رانسه‌ری جیهاندا کوردی پێ ده‌ناسرێته‌وه، له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان ئه‌و وشه‌یه بۆ خه‌باتکاری کورد به‌کار نایه. له باکووری کوردستان وشه‌ی ئیتالیایی “گه‌ریلا” بۆ تێکۆشه‌ر و گیانبازی کورد به‌کار دێ.
پێشمه‌رگه له فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتدا
هه‌رکه وشه‌ی پێشمه‌گه داکه‌وت، بوو به مایه‌ی شێعره هه‌ر به‌پێزه‌کانی شاعیرانی ناوداری کورد،به تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می کۆماری کوردستان له شێعره‌کانی دوو شاعیری گه‌وره‌ی کورد هێمن و هه‌ژاردا.
ئیدی له‌وکاته‌وه پێشمه‌رگه‌و ئه‌ده‌بیاتی کوردی له دوو باره‌وه ده‌ستله‌ملانی یه‌کتر بوون: یه‌که‌م، پێشمه‌رگه‌ی ئه‌دیب و دووه‌م، ئه‌ده‌بیاتی پێشمه‌رگانه.
ئه‌گه‌ر چاوێک به ژیانی شاعیران و هونه‌رمه‌ندانی ناسراوی کورد له رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستاندا بخشێنی به ده‌گمه‌ن ئه‌دیب یان هونه‌رمه‌ندێک شک دبه‌ی که ماوه‌یه‌ک یان هه‌تا سه‌ر پێشمه‌رگه نه‌بووبێ. له نێو ئه‌واندا پێشمه‌رگه‌ی شاعیر‌و هونه‌رمه‌ند کە شەهید بوون به داخه‌وه که‌م نین.
ئه‌ده‌بیاتی پێشمه‌رگانه له نێو ئه‌ده‌بیاتی کوردی‌دا یه‌کجار ده‌وڵه‌مه‌نده. پێشمه‌رگه له هه‌موو ژانره ئه‌ده‌بییه‌کانی کوردی دا: له شێعر، رۆمان، چیرۆک، شانۆ، فیلم، وێنه کێشان، سروود‌و گۆرانی و…دا حوزووری پڕڕه‌نگی هه‌یه. ته‌نانه‌ت پێشمه‌رگه بۆته به‌شێک له ئه‌ده‌بیاتی فۆلکلۆریک، واته هه‌ڵقوڵاوی ناخی کۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵک که روون نیه خاوه‌نه‌کی کێیه. جێی سه‌رنجه که ئه‌ده‌بیاتی پێشمه‌رگانه ته‌نیا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ستی پیرۆزی ئازادیخوازی و نیشتمانیی ئه‌دیبانی کورده که قازانجی ئابووریی له پشت نیه. ته‌نانه‌ت ئه‌دیبانی کورد سه‌باره‌ت به ده‌ربڕینی بیری ئازادیخوازی و پێشمه‌رگانه، جگه له‌وه‌ی ماڵ و سامانیان له‌ده‌ست داوه، گیانیشیان که‌وتۆته مه‌ترسییه‌وه، به پێچه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌ته دیکتاتۆره‌کان که سه‌ره‌ڕای خه‌رجکردنی پووڵ و بوودجه‌یه‌کی زۆر هونه‌ر و ئه‌ده‌بیاتێکی قه‌ڵب و بێنێوه‌ڕۆک به‌رهه‌م دێنن.
رۆڵی پێشمه‌رگه له بزووتنه‌وه‌ی کوردستاندا
هه‌رچه‌ند له قۆناغی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کورددا به تایبه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌ر حیزبێک هێزی پێشمه‌رگه‌ی خۆی هه‌یه، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌سه‌ر شانی پێشمه‌رگه و له سایه‌ی فیداکاریی پێشمه‌رگه درێژه به ژیانی سیاسیی خۆی ده‌دا. له راستیدا هێزی پێشمه‌رگه نه‌ی‌هێشتوه خه‌ونی له‌نێوچوون و گیرانی تێکۆشه‌رانی کورد وه‌دی بێ. زامنی پاراستنی بزووتنه‌وه‌ی کورد هێزی پێشمه‌رگه بووه. تێکۆشه‌ری سیاسیی کورد له کاتێکدا که مه‌ترسیی مه‌ر‌گی له‌سه‌ره، ته‌نیا زامنی پاراستنی ئه‌و، چه‌کی ده‌ستیه‌تی، بۆیه هه‌رله‌و کاته‌دا که تێکۆشه‌رێکی سیاسییه، پێشمه‌رگه‌شه. ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه و پێشمه‌رگایه‌تی نه‌بوایه ئاسه‌وارێک له بزووتنه‌وه‌ی کورد نه‌ده‌ما.
له‌و کاته‌وه پێشمه‌رگه له‌دایک بووه، دوژمنه ره‌نگاوره‌گه‌کانی کورد که به چه‌کی وڵاتانی بێگانه ته‌یارن خۆیان له هیچ چه‌شنه جینایه‌تێک له دژی کورد و پێشمه‌رگه نه‌پاراستوه. له کۆنه‌وه باو بووه که ده‌ڵێن ته‌نیا پشت و په‌نای کورد چیاکانن، ئه‌م قسه‌یه لانی که‌م هه‌تا ئێستا له باره‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه راسته، له چیاکانیش ته‌نیا شتێک که بزووتنه‌وه‌ی کورد و پێشمه‌رگه ده‌پارێزێ چه‌که‌کانیانه.
جیاوازیی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ سه‌رباز
وشه‌ی پێشمه‌رگه هیچکات به‌رامبه‌ر به وشه‌ی سه‌رباز نیه، چونکه سه‌ربازی زۆره‌ملییه، ئه‌گه‌ر که‌سێک له ئه‌رته‌شدا بمێنێته‌وه پله و پایه‌و ئیمتازاتی ئابووریی زیاد ده‌بێ. به‌ڵام پێشمه‌رگایه‌تی له‌سه‌رده‌می خه‌بات بۆ ئازادی‌دا نه به زۆره ملییه و نه ئیمتیازاتی ئابووری له پشته، ته‌نیا بیری ئازادیخوازی و نیشتمانپه‌روه‌ری هه‌وێنی پێشمه‌رگایه‌تییه.
پێشمه‌رگه‌ی کورد به پێچه‌وانه‌ی سه‌ربازانی وڵاتانی زاڵ به‌سه‌ر کوردستاندا که باری ره‌گه‌زییان هه‌یه و له جینسی نێر پێک هاتوون، پێشمه‌رگه‌ی کورد جیاوازیی ره‌گه‌زی ناناسێ. ژنان و پیاوانی کورد، کوڕ و کچ شانبه‌شانی یه‌ک له هه‌موو مه‌یدانه‌کانی خه‌بات دا تێده‌کۆشن. له راستیدا پێشمه‌رگایه‌تیی ژنان پێناسه‌یه‌کی دیکه‌ی به ژن له کۆمه‌ڵی کورده‌واری دا به‌خشیوه. نه‌ته‌وه‌یه‌ک وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کورد که ژنانی شانبه‌شانی پیاوانی له پێناو ئازادی و نیشتیمانه‌که‌یاندا گیانی خۆیان داده‌نێن، ئاسۆیه‌کی روون و دیاری له دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌مانی سته‌می جینسی دا له پێشه.
ره‌ساله‌تی پێشمه‌رگه
ده‌بێ دان به‌وه دابێنین هه‌تا ئێستا “پێشمه‌رگه” پڕ به مانای خۆی پێناسه نه‌کراوه. که ناوی پێشمه‌رگه دێ، ئه‌فرادی چه‌کداری حیزبه کوردییه‌کان به بیر‌و زه‌ینی خه‌ڵکی دا دێ. له کاتێکدا له به‌رنامه‌ی زۆربه‌ی حیزبه کوردییه‌کاندا هێزی پێشمه‌گه ئاسایش و ئه‌منییه‌تی کوردستان ده‌پارێزێ که نابێ سه‌ر به حیزبێکی تایبه‌ت بێ. پێشمه‌رگه، پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و حکوومه‌تی کوردییه نه‌ک حیزبه‌کان. له به‌رنامه‌ی حیزبه‌کاندا، حیزب کاری سیاسی ده‌کا نه‌ک نیزامی، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه کاری نیزامی ده‌کا و ئه‌رکی پاراستنی کوردستانه نه‌ک پاراستنی ئه‌حزاب. له باشووری کوردستان که کورد چاره‌نووسی خۆی به‌ده‌سته کار بۆ ئه‌وه ده‌کرێ که هێزی پێشمه‌رگه سه‌ر به حکوومه‌تی کوردستان بێ و پێویسته حیزبه‌کان له پێشبڕکێی سیاسی دابن تاکوو له شه‌ڕو کێشه‌ی نیزامی‌دا. له مێژووی کورد دا هه‌رکات حیزبه‌کان له شه‌ر و کێشه دابوون به داخه‌وه پێشمه‌رگه له به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه‌دا راوه‌ستاوه و ته‌نانه‌ت یه‌کتریان شه‌هید کردوه. بۆیه ئه‌رکی واقعیی پێشمه‌رگه به‌ر له هه‌ر شتێک ده‌بێ ئه‌رکێکی نیشتیمانی بێ تاکوو حیزبی.
له‌سه‌رده‌می کۆماری کوردستاندا هێزی پێشمه‌رگه مه‌رج نه‌بووه که ته‌نیا له ئه‌ندامانی حیزبی دیموکرات پێک بێ، بارزانییه‌کان و تێکۆشه‌رانی کوردی باشوور که له ریزی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستاندا بوون ئه‌ندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان نه‌بوون، ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌و کاته‌دا که ئه‌وان له هێزی پێشمه‌گه‌ی کوردستاندا بوون، به سه‌رۆکایه‌تیی نه‌مر مه‌لا مسته‌فا ساڵێک دوای دامه‌زرانی حیزبی دیموکرات، پارتی دیموکراتی کوردستان دامه‌زرا. که‌وابوو ئه‌و کات لانی که‌م دوو حیزب، ته‌نانه‌ت له دوو پارچه‌ی کوردستان به یه‌ک هێزی پێشمه‌رگه‌وه له کۆمار دا هه‌بوون.
له قۆناغی ئازادی و ده‌سه‌ڵاتی کوردی دا که به داخه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ماوه‌که‌ی کورت بووه، ره‌ساله‌تی پێشمه‌گه پاراستنی کۆمار له مه‌ترسییه‌کان و دابینکردنی نه‌زم و ئاسایشی کوردستانه.
له قۆناغی خه‌بات بۆ ئازادی دا ئه‌رکی پێشمه‌رگه له لایه‌ک به‌ربه‌ره‌کانی له دژی مه‌ترسییه‌کانی رێژیمه دیکتاتۆره‌کانه و له لایه‌کی دیکه‌ش پاراستنی بزووتنه‌وه‌ی کورد و تێکۆشه‌رانی کورده. له‌م قۆناغه‌دا تێکۆشانی حیزبی و سیاسی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگایه‌تی لێک جیا ناکرێنه‌وه. ئازادیخوازی کورد هه‌میشه مه‌ترسیی دوژمنانی له‌سه‌ره، بۆیه هاوکات له‌گه‌ڵ تێکۆشانی سیاسی دا ئه‌رکی پێشمه‌گایه‌تییشی ده‌که‌وێته سه‌ر شان. بۆیه پێشمه‌رگه هه‌ر له‌و کاته‌دا که چه‌کی دیفاع و به‌ربه‌ره‌کانیی به ده‌سته، ده‌کرێ روونکبیرێکی سیاسی، نووسه‌ر، شاعیر، هونه‌رمه‌ند و خوێنده‌وارێکی شاره‌زاش بێ.
وێنایه‌کی گشتی له پێشمه‌رگه: پێشمه‌رگه بریتییه له‌و پیاو و ژنه کوردانه‌ی که توانا ئینسانییه‌کانی خۆیان خۆ به‌خشانه له پێناوی ئازادی و مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یاندا ته‌رخان ده‌که‌ن و له‌و رێگایه‌دا ئاماده‌ن گیانی خۆیان ببه‌خشن.