هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر نووسینگەی حەوتونامەی “شارلی ئێبدۆ” لە پاریس
کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی بەیانی ڕۆژی ٠٧ ـ ٠١ ـ ٢٠١٥ سێ چەکدار کە دەم و چاویان داپۆشیوە و هەڵگری چەکی کەڵاشینکۆف و ئارپیچی بوون، هێرشێکی تیرۆریستی دەکەنە سەر بنکە و نووسینگەی بڵاوکراوە و حەوتونامەی “شارلی ئێبدۆ” لە پاریس و هەموو ئەو کەسانەی لەو نووسینگەیە بوون دەدەنە بەر دەسترێژی چەکەکانیان و لە تەقە و لێکدانێکی کورت دا ١٢ کەس دەکوژن کە ٢ کەس لەوان پۆلیسن و هەروەها جیا لە کوژراوەکان ١٠ کەسی دیکەش بریندار دەکەن کە سێ کەس لە بریندارەکان برینەکانیان قورسن و مەترسی گیانیان لە سەرە.
دوابەدوای ئەو هێرشە تیرۆریستیە، دەسەڵاتدارانی فەرانسە حاڵەتی ئامادەباشیان لە شوێنی ڕووداوەکە و لە پاریس ڕاگەیاندووە و هاوکات فرانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەرانسە دەچێتە شوێنی ڕووداوەکە و لەوێ بۆ مێدیاکان لێدوان دەدا و هاوکاتیش داوا لە خەڵکی فەرانسە دەکا کە ئەمرۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی و گشتی پێویستە و بێشک ئەو کارە دڕندانەیە هێرشێکی تیرۆریستی بووە و بەم شێوەیە تیرۆریستان دەیانهەوێ کەش و هەوای وڵاتەکەمان تێک بدەن، ئەو هێرشە زۆر جێگای داخە، ئەو هێرشە تیرۆریستیە، لەگەڵ ئەوەدا ماوەیەکی زۆرە ئەو نووسینگەیە هەڕەشەی لێکراوە و لە لایەن پۆلیسەوە لە ژێر چاوەدێری دابووە، بەڵام بەداخەوە تیرۆریستەکان دەرفەتیان هێنا و وێرای کوشتنی دوو پۆلیس توانیویانە ئەو جەنایەتە بخوڵقێنن، بۆیە لێرەوە داوا لە دانیشتوانی فەرانسە دەکەم کە یەکگرتووانە بە گژ ئەو کارە ناپەسەند و نامرۆڤانەی تاقمەکانی تیرۆریست دا بچنەوە، ئەمرۆ ڕۆژی یەکگرتوویی نەتەوەیە و دەبێ کارێک بکەین کە شایستەی ولاتەکەمان بێ، لە ماوەی ڕابردوو دا ئێمە توانیومانە چەندین کردەوەی تیرۆریستی پووچەڵ بکەینەوە، ئێمە وەک فەرانسە دەمانزانی کە هەڕەشەمان لە سەرە، لەبەر ئەوە وڵاتی فەرانسە وڵاتی ئازادییەکانە، ئەمن ئێستا زۆرتر بیر لە قوربانییەکان دەکەمەوە و هەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی دارێژەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستیە و تیرۆریستەکان بدۆزینەوە، هەر بۆیە هەموو ئێوە دانیشتوانی فەرانسە بە یەکگرتوویی نەتەوەیی بانگهێشت دەکەم.
شایانی باسە کە گۆڤاری Charlie Hebdo گۆڤارێکی ڕەخنەگری حەوتووانەیە و تاکوو ئێستا چەند جار کاریکاتێری لە سەر کەسایەتییە ئایینیەکان و یەک لەوان پێغەمبەری موسڵمانان بڵاو کردۆتەوە. هێرشبەرەکان زانیاریان لە سەر نووسینگەکە هەبووە، بۆیە چوار کەس لە کوژراوەکان بە ناوەکانی “کابو”، “شارب”، “تینیوس” و “ولینسکی” لە وێنەکێشەکانی ئەو گۆڤارەن، هێرشبەرەکان لە کاتی تەقە کردن و دواتریش لە کاتی راکردنیان بە دەنگی بەرز هاوریان کردووە ” اللەاکبر” و هاوکات گووتوویانە ئەوە تۆڵەستاندنەوەیە بۆ پێغەمبەری موسڵمانان.