پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ كۆنگرەی لەندەن كە تایبەتە بەو وڵاتانەی لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەشەڕدان

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
كۆنگرەی لەندەن كە تایبەتە بەو وڵاتانەی لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەشەڕدان، لەكاتێكدا دەبەسترێت كە كوردستان لەشەڕێكی ڕاستەوخۆ و توند دایە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش و ڕۆژانە بە خوێنی گەشی پێشمەرگە قارەمانەكان، شكستی گەورە تووشی تیرۆریستانی داعش دەبێت.
لەدوای پەلاماری تیرۆریستانی داعش، پێشمەرگە بەخوێنی خۆی سەدانهەزار ئاوارە و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پاراستووە و چەندین ناوچەی بەرفراوانی بە بێ ڕەچاوكردنی پێكهاتەی دانیشتوانی ئەم ناوچانە لەدەست تیرۆریستان ڕزگار كردووە.
ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان دەكرد هەموو لایەك ڕێز لە قوربانیدانی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە بگرن و داوای بەشداربوونی نوێنەری كوردستان لەم كۆنگرەیە و كۆنگرە هاوشێوەكان بكەن. هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە ئێستا كاریگەرترین هێز كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و كردەیی ڕووبەڕووی تیرۆریزمی جیهانی بووەتەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.
لێرەدا ناڕەزایەتی خۆمان و خەڵكی كوردستان ئاراستەی ڕێكخەرانی ئەم كۆنگرەیە دەكەین و جێگەی دڵگرانیی ئێمەیە كە شەهیدبوون و قوربانیدان بەشی خەڵكی كوردستان بێت و ئیعتبارەكەش بۆ خەڵكی تر هەژمار بكرێت. خەڵكی كوردستان شایانی ئەوەیە كە لەمجۆرە دانیشتنە نێودەوڵەتیانەدا نوێنەری خۆی هەبێت كە گوزارشت لە واقع و بیروبۆچوونەكانی گەلی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان بكات. قورسایی ئەم بارودۆخە  لەسەر شانی گەلی كوردستانە و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان بكات و دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان بگەیێنێت.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
22ـی 1ـی 2015