دیزاینی سەرلەنۆێی ڕۆژهەڵاتی ناوین. جەماڵ عەڵیاڵی

نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر شۆڕشی بەناو بەهاری عەرەبی دەستی پێکرد، لەوساوە تا ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوین زۆر ئاڵوگۆڕی بەسەرا هاتووە، هەر دەم شتێکی نۆێ دەردەکەوێ و بە دەرکەوتنی هەر شتێکی نۆێ، هێزەکانی سەرەکی ناوچەکە خۆڕێکخستتنیان نۆێ دەکەنەوە.

واتە جێگە گۆرکێی فاکتەرەکانی کاریگەر لە سەر دۆخەکە هەردەم لە ئاڵ و گۆڕدایە. لەوناوەدا تەنیا فاکتەری کوردە کە لە شۆێنی خۆی چەقبەستوو بووە و ئامادەیی بۆ هەڵسووران لە مەیدانی ململانی ناودەوڵەتیدا نیە. ئەو چەقبەستنە تەنیا لە ڕووی یەک دوو هۆکارەوە نیە بەڵکوو رەنگە فاکتەرگەلێکی زۆر تێوەگلاوی بن بەڵام بە هۆکاری سرووشتییەوە رەنگە هەر یەک فاکتەری سەرەکی هەبێ کە بنەمای ئەو چەقبەستووییە پێکدێنێ. ئەو بابەتەی بەردەمی خۆێنەری بەرێز هەوڵێکە بۆ پێداچوونەوەیەکی خێرا لە سەر ئەو پرسیارە.
لە چوارساڵەی بووریدا داگیرکەرانی کوردستان هەوڵی ئەوەیان چڕتر کردۆتەوە کە نەتەوەی کورد لە پەڕوپۆی نەتەوایەتی داپڵۆسن، نەک بەهۆی خۆشەویستی بەڵکوو بەو هۆیەوە کە لە دۆخی هەنووکەییدا، لەوە زیاتریان لە دەست نایەت. مخابن تا ڕادیەکیش سەرکەوتووبوونە. دابەشبوونی باشوور بە سەر دوو هەرێمی تورکی و ئێرانی لە لایەک و لە قووژبنێک ئاخنینی ڕۆناکبیری ڕۆژهەڵات لە لایەکی ترەوە دوو مینای بەرچاوی ئەو سیاسەتە سەرکەوتووانەی داگیرکەرانن. ڕۆناکبیری ڕۆژهەڵات بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی باشوور باس و خواس دەکات بێ ئەوەی کە خۆی بیرێک لە ناتەبایی خۆی بکاتەوە. لە باشووریش لە سەر پەرتەوازی هێزی ڕۆژهەڵات باس و خواس دەکرێ کە چی بیر لە ناتەبایی هێزەکانی باشوور ناکرێتەوە!!!
هێزی پێشمەرگە دەتوانن یەک بگرنەوە، بەر لەئەوە پێویستە دەسەڵاتێکی یەکگرتوو هەبێ، بەر لەوەش پێویستە عەقلییەتی یەکگرتوو هەبێ، عەقلییەتی یەکگرتوو نەک عەقلێیەتی وەکوو یەک! مرۆڤ پێویست نیە پیتۆڵ بێت بۆ ئەوەی کە تێبگات لە کاتی نەبوونی عەقلییەتی یەکگرتوو هەرگیز پێشمەرگە یەکگرتوو نابێت. هەر ئەو دۆخە لە سەر ڕووناکبیرانی ڕۆژهەڵات بە تەواوی شیمانە دەکات کەواتە باشتر ئەوەیە کە لەوە بکۆڵینەوە بۆچی “عەقلییەتی یەکگرتوو” لەناو کورددا نیە؟
یەک لە گومانە بەهێزەکان بۆ وڵامی ئەو پرسیارە فرچکگرتن بە دامودەزگای داگیرکەر بە گشت لایەنەکانییەتی. کاتێک تاکی کورد سنوورەدەستکردەکان دەسەلمێنێ، ئەو سنوورانەی کە وازەق و بەرچاون! ئەوسا ئیتر تاکی کورد زۆر “شتی” تریشی سەلماندووە کە لە لایەن داگیرکەر دەرخواردی دەدرێت.
بەلای داگیرکەرەوە، کوردستان دوو بەرەیە، یەکیان ئەو بەشەیە کە رەنگە زۆر بە هاسانی بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، ئەویتریان ئەو بەشەیە کە دەبێ وێران بکرێ بۆی ئەوەی بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان. ئەگەر بێتو نەتوانن بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، ئەوسا دەبێ وەها وێرانی بکەن کە وا بە هاسانی خۆی نەگرێتەوە و لە ئەگەری پێکهاتنی کوردستانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ خاوەنی چ هێزێک نەبێ! ئاخۆ خۆێنەری بەرێز خۆی بە کام بەشیانەوە دەلکێنێ؟
پاشای سعوودی عەڕش و قووڕشی بەجێ هێشت، جێگرەکەی خێرا بوو بە پاشا و خەڵکانی ناوداری سعوودی دەستیان کرد بە “بەیعەت”کردن دەگەڵ پاشا نۆێیەکە. کاتی ئەوە هاتووە کە نەتەوەی کورد لەڕێگەی ڕۆشنبیرانی خۆیەوە دەگەڵ پێویستییەکانی سەردەمی نۆێ، بۆ هەمیشە بەیعەت بکات. ڕووداوەکانی چوار ساڵی بووری ئەوەی سەلماندووە تەنیا رێگەیەک کە دەتوانێ دەرئاوێکی ڕوونی هەبێ، سەربەخۆیی کوردستانی یەکگرتوویە و چارەسەرییکانی جیاواز لە سەربەخویی کوردستان تەنیا گاڵتەجاری و گەمەی داگیرکەرانەو و کاتی زیاتر بۆ داگیرکەران دەکڕێ. ئەگەر بێتو ڕۆناکبیر گۆێبیسی پێویستییەکانی سەردەمی نۆێ نەبێ ئەوکات زەحمەتە نەوەکانی داهاتوو بەدڵ فراوانییەوە لە هەڵەکانیان خۆش بن.
جەماڵی عەڵیاڵی ٢٤-٠١-٢٠١٥