راگەیاندنی سكرتاریەتی كۆمەڵە سەبارەت بە هێرشی گەریلاكانی PKK بۆ سەر پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران

دەقی راگەیاندنەكەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ:

لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوودا ژمارەیەك لە پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە پێی هەواڵەكان لە ناوچەكانی خنێلەو كێلەشین جێگیر ببوون.

پاش جێگیربوونیان هەروەك لە زمان رێبەرانی حدكاوە بە میدیاكان راگەیەندرا لە لایەن هێزەكانی PKK پێیان رادەگەیەندرێ كە پێویستە لەو ناوچەیە نەمێنن و لە هەمان كاتدا بە ئیجازەی PKK لەوسنورانە هاتووچۆ بكەن. هەر بۆیە بۆ سەپاندنی داواكەیان دەكەونە گەمارۆدانی هێزەكەی حیزبی دیموكرات و پاش چەند رۆژ وتوویژی ناراستەوخۆی هەر دوولایەن بە داخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ گریلاكانی PKK هێرش دەكەنە سەر پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و لە ئاكامدا دوو پێشمەرگە شەهێد دەبێ و چەند پێشمەرگەیتریش بریندار دەبن.

ئێمە ئەم كردەوەی PKK مەحكووم دەكەین و هەروەها پشتگیری خۆمان بۆ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەردەبڕین. بە پێویستی دەزانین جارێكیتر رایبەگەیەنین چالاكی و هەڵسوڕان لە سەر خاكی كوردستانی رۆژهەڵات بە مافی رەواو بێ ئەملاولای حیزبەكانی رۆژهەلات دەزانین.

ساڵانێكە ئێمە بە دروست سەبارەت بە مەترسیەكانی سیاسەتی دەستێوەردانی نابەرپرسانەی PKK لە پارچەكانیتری كوردستان بە تایبەتی لە كوردستانی رۆژهەلات هوشداریمان داوەو رای گشتیمان لە زیانەكانی ئاگادار كردوەتەوە.

هەر لێرەشەوە سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان بۆ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و بنەماڵەی شەهیدەكان دەردەبڕین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكانیش دەخوازین.

سكرتارییەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران

24ی مەی2015

3/جۆزەردانی/1394