بەدەست پێشخەری پارتی کرێکاران، هێرشی چەکداری کراوە سەر پێشمەرگەکانی حدکا! محەممەد سلێمانی

بەداخەوە ئەوەی نەدەبوو رووبدات لە نێوان ‌هێزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستاندا ئەمڕۆ بەدەست پێشخەری ” پکک” هێرش کراوەتە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران جێگیر لە ناوچە سنووریەکان و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا، وەك نوێنەری حدکا ڕێزدار ” محمد ساڵح قادری” بە تۆرێ میدیای رووداوی ڕاگەیاندوە، دوو پێشمەرگە شەهید بوونە و برینداریش هەیە. گریلاکانی پکک لە کاتێكدا ئەو کردەوەیان ئەنجامداوە، کە دڵسۆزانی ئاشتی و تەبای لە نێوان هێزەسیاسیەکوردستانیەکاندا زۆر بەچڕی لە هەوڵی هێور کردنەوە و بەرگرتن لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزی و بارگرژی لە نێوان حدکا و پکک لە ئارادابوو و ئەو هەوڵانە هەتا ئێستایش بە جدی بەردەوامیان هەیە. بۆ چی سەرکردایەتی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان بێ گوێدانە ویست و ئیرادەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد، بە خێرای بڕیاری هێرش کردنە سەر پێشمەرگەکانی حیزبیان دەرکردوە. ئەو هەڵوێستەی پارتی کڕیکاران بە دڵنیایەوە زیانی زۆر دەگەیەنێت بە تەبای و هاوکاری لە نێوان ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و باکوری کورستاندا. دیارە هەوڵەکانی لێک تێگەیشتن و گفتووگۆی سیاسی بە هۆی بڕیاری خێراو چاوەڕواننەکراوی پکک شکەستی هێناوەو دوولایەن کەوتنە بەردەم شەڕی براکوژییەوە.
ئەوەی پەیوەندی بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە هەیە، پشتیووانی بارگرژی و ئالۆزای سیاسی و دروستبوونی شەڕی براکوژی ناکات و پاش پێکدادانی چەکداریش بە دەست پێشخەری پکک، بەڵام حیزبی دێمۆکڕات ڕایگەیاندوە کە بەمەبەستی کۆتای هێنان بەو قەیرانە، ئامادەی گفتووگۆی سیاسین و هەوڵدەدەن بە رێگای ئاشتیەوە ئەو مەسەلەیە چارەسەربکرێت. ئەوەی پکک لەو سنوورە کردویەتی بە هیچ پاساوێك پاک ناکرێتەوە و درێژەی ئەو ستڕاتیژیە مەترسیدارەیە، کە دوژمنانی گەلی کورد هەوڵدەدەن خۆ کوژی و شەڕی براکوژی بکەوێتەوە نێو ماڵی گەلی کوردەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان بە چی نیەت و مەبەستێک پێش بە چالاکی سیاسی و تێکۆشانی ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەگرێت. ئەو بزووتنەوەیەی کە بۆ چەند ساڵێك دەبێت بەرەو کزی و لاوازی چووە و، پاش هەڵسەنگاندن و دروست بوونەوەی هەلومەرجی لەبارتر، حیزبی دێمۆکڕات بڕیاری چالاکی و هەڵسوڕانی خۆیداوە و هەوڵدەدات کۆمەڵانی هەرواوی خەڵکی کوردستان وەك ساڵانی ڕابردووو بەدژی سیاسەت و سەرکووتی ڕێژیمی ئاخوندی ئێران ڕێکبخاتەوە. ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە و جێگیرکردنیان لە سەرسنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەشاندنەوەی خەبات و زیندووکردنەوەی ئومێدە لە لای گەلی کوردە. کاتێک حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بڕیاریدا، هێزەکانی لە سەر سنوورەکانەوە بەرەو قوڵایی خاكی کوردستانی باشوور بجوڵێنێت، بۆ ئەوەی بوو کە بەشداری پاراستن و پشتیووانیکردنبووە لە سەقامگیری سیاسی و حوکمڕانی کورد لە باشوری کوردستاندا. بە دڵنیایەوە ئەو هەڵوێستەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەوەندەی لە خزمەتی دوژمنانی گەلی کورد دایە، ئەو خێرەی بۆ شۆڕشی کوردستان لێناکەوێتەوە و بەڵکوو زیانی زۆر گەورە بە بووژانەوەی شۆڕشی کوردستان لەو بەشی کوردستان دەگەیەنێت.
گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مێژساڵە بڕیاری خۆیداوە کە هێزە تێکۆشەر و ڕەسەنەکانی ڕۆژهەڵاتیان بە پێشڕەوی خەباتی سیاسی خۆیان قبووڵکردوە و هێزە تەقلیدی و خۆسەپێنەکان بەدوور لە ئیرادە و هەستی نەتەوەی سەیر دەکەن و چین و توێژەگەلیەکانی کوردستان بە شایانی هاوکاری و کۆدەنگی نیشتیمانیان نابین. بۆ چی پکک دەبێت گەمارۆی هێزێکی پێشمەرگەی حدکا بدات، کە بەدرێژای مێژووی سیاسی ئەرکی پاراستن و تێکۆشانی سیاسیان لەو بەشە گرینگەی کوردستان لەسەر شانبووە. ئەگەر ئەو هەواڵە بڵاو کرایەوە، سەیرم پێیهات و هەرگیز بیرم بۆ ئەوەی نەدەچوو ” پکک” کارێکی واناشیاو و هەڵوێستێکی ئەوتۆی هەبێت و بەکردەوە و سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دژایەتی هێزەکانی کوردستان بەکاربێنێت. چوونکی ساڵانی پێشوو بە ئێستایشەوە هێزە ئەمنی و جاشەکانی حکوومەتی ئاخوندی سنوورەکانیان بە هێزێکی زۆر و مۆڵگەی گەورەو پچووك گەمارۆدابوو، بۆ ئەوەی پێش بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆپکراتی کوردستانی ئێران بگرن بۆ نیو قوڵای خەکی کوردستان. جێگای داخە کە ئەمڕۆ هێزێکی کوردی، کەئیدیعای زۆر گەورەو بریقەداریان گەڵگرتووە، ئەو کارە بکەن و سنوورەکان بۆ دوژمنان بپارێزن و گەمارۆی هێزێکی سیاسی وەك حدکا بدات. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کە ڕەساڵەتی سیاسی و مێژووی لەسەرشانە،زۆر بەوریای و بەرچاوروونیەوە لەو پەیوەندیەدا هەڵوێستی خۆی دەربڕێوە و بەئاشکرا، بێزاری خۆی لە بارگرژی سیاسی و شەڕی براکوژی پێشانداوە و لە ئاستی بەرزی ڕێبەریدا، هەوڵدەدات ئەو قەیرانە بەرێگای لێک تێگەیشتن و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی نەتەوەیدا چارەسەربکرێ و پارتی کڕیکارانی کوردستان واز لە گێچڵ کردن بێنێت و ئەگەر بێت ئەو کردەیە ئەنجامبدات، هیچ خزمەتێک بەپرسی سیاسی و نیشتیمانی کورد لە ڕۆژهەڵات ناکات. بەو هیوای سەرکردایەتی سیاسی پکک بەو هەڵوێستەیاندا بچنەوە و هەوڵی بارگرژی و ئاڵۆزی سیاسی و ڕێکخراوەی لەوەی زۆرتر نەدەن. ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵاتی هەر گیز ئەو کردەوەیە بەشتێکی شیاو پەسند نابینین. چوونکی هیچ پاساوێک ئەو کردەوەیەی پێ سەرپۆش ناکرێت. بەڕاستی ئەگەر پکک خۆی بە برا گەورەی هەر چوار بەشی کوردستان سەیر بکات، لە ئێستاوە لانیکەم ئەو مرۆڤانەی مێژوویەکی دوور و درێژی سیاسی و نیشتیمانپەروەریان لە نێو شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستاندا هەیە و هەبووە و لە ڕۆژە سەختەکانی خەباتی شار و شاخی ڕۆژهەڵاتدا بەشداربوونە، ئەو براگەورەیان قبووڵ نیە و شوێنی کار و چالاکی پارتی کرێکارانی کوردستان، کوردستانی تورکیە ، نەوەك باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. بەو هیوای پارتی کرێکارانی کوردستان بەو سیاسەت و هەڵوێستەیاندا بچنەوە ونەبنە هۆکاری گرژی سیاسی لە نێو گەلی کورد دا.
محەممەد سلێمانی
24.05.2015