بەیاننامەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بارەی تێکهەڵچوونی گریلاکانی پێ. کا.کا لەگەڵ پێشمەرگەکانی حدکا

ماوەی چەند ڕۆژێک بووبە نیگەرانییەوە گوێبیستی گرژیی نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و گریلاکانی پێ.کا.کا لە ناوچە سنوورەکانی نێوان سیدەکان‌و ناوچەی شنۆ بووین.

ئەمڕۆ بە داخەوە سەرچاوەکانی هەر دوو لایەنی ناوبراو، هەواڵی ڕوودانی تێکهەڵچوون لە نێوان هیزەکانیان، پشتراست کردەوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشتوون تێکهەڵچوون‌و پەلاماری پێشمەرگەکانی حدکا لە لایەن هیزەکانی پێ.کا.کا وە درێژەی هەیە. ئەگەر چی زانیاریی ورد لە سەر زیانە گیانییەکان بڵاو نەبوونەوە یا بە تەواوی پشتڕاست نەکراونەوە، بەڵام وەک دەگوترێ ئەم تێکهەڵچوونە، بە داخەوە زیانی گیانیشی بە دواوە بووە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێستی خۆی لە بارەی ئەم تێکهەڵچوونانەوە بەم جۆرە بە نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە سەرانسەری جیهان، سەرجەم هیز‌و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان‌و ناوچە‌و، بیروڕای گشتیی ڕادەگەیەنێ:
١- شەڕ‌‌و تێکهەڵچوون لە نێوان هەر هێز‌و لایەنێکی کوردیی نێو بزووتنەوەی کورد بە زیانبار بۆ بزووتنەوەی کورد لە تەواوەتیی خۆی‌دا دەزانین. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، وێڕای بە داخبوونمان لە هێرشی گریلاکانی پێ کاکا بۆ سەر پێشمەرگەکانی حدکا‌ و مەحکوومکردنی، داواکاری ڕاوەستانی دەستبەجێی ئەم تێکهەڵچوونە‌و چارەسەری گرژی‌و ناکۆکییەکان لە ڕێگای وتووێژو دانیشتنی هێمنانەوەین.
٢- پێ.کا.کا هێزێکی سیاسیی باکووری کوردستانە‌و، چالاکیی هێزەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە نیوخۆی ڕۆژهەڵات‌و بوونی هێزەکانیان لە سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات، نە هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندی ڕەوای پێ.کا.کا‌و باکووری کوردستان، نە پێشگیری‌و دژایەتی لە گەڵ ئەم جۆرە چالاکی و تێکۆشانەش، دەچێتە خانەی ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی.
٣- لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان‌و هەموو هیزە سیاسییەکانی نێو بزووتنەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، داوا‌و چاوەڕوانیمان ئەوەیە هەوڵ‌وهەنگاوی بە پەلە بنێن بۆئەوەی ئەم تێكهەڵچوونە، پتر تەشەنە نەستێنێ‌و هاندەر بن بۆ ئەوەی کێشە‌و گرژییەکان بە وتووێژ‌و شێوەیەکی هێمنانە، چارەسەر بکرێن.
٤- سیاسەتی دەستوەردانی پێ.کا.کا لە کاروباری بەشەکانی دیکەی کوردستان هەر لە کۆنەوە، سەرچاوەی گرژی‌و ناکۆکی لە گەڵ هێزەکوردییەکان بووە. لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان‌و سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەخوازین بە ڕاشکاوی دژی ئەم دەستوەردانانە‌و پەنابردن بۆ چەک بۆ خۆسەپاندن بەسەر هیزە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان‌دا، دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕن.
٥- لە هێزکۆکردنەوە‌و جموجۆڵی‌ هاوکاتی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و پیلانگێڕییان لە دژی هیزە سیاسییەکانی ئەو بەشەو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نیگەرانین‌.هەر بۆیە داوای وشیاری‌و لەسەر هەستبوون لە هەموو لایەنەکان بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی نیاز‌و پیلانە شوومەکانی ئەو ڕێژیمە دەکەین.
ئێمە وێڕای دەربڕینی هاوخەمیمان لە گەڵ بنەماڵە‌و هاوسەنگەرانی قوربانییەکانی ئەم شەڕو تێکهەڵچوونە داخاوییەوە،هیوا دەخوازین بە هەوڵی هەموو لایەک هەر چی زووتر بارودۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە‌و بە لێک تێگەیشتن‌و هاوکاری، ڕێگاچارە بۆ گرفتەکانی لەمەودوا بدۆزرێتەوە. هیوادارین سەرکردایەتیی پێ. کا.کاش هاوکار‌و یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە دووپات نەبنەوە‌و بزووتنەوەی کورد لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، لە سۆنگەی ئەم جۆرە ڕووداوانە زیانی زیاتر نەبینێ.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان
٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤
٢٤ی مای ٢٠١٥