شههیدبوونی پێشمهرگهیهکی حدکا به دهستی گریلاکانی پکک لە ناوچەی کێلەشین
بە پێێ هەواڵی کومیسیۆنی سیاسی نیزامیی حدکا له شەڕیکی نەخوازراودا پێشمەرگەیەک بە ناوی قادر کەریمی لە هێرشێکی گریلاکانی پکک بۆ سەر پێشمەرگەکانی حدکا لە کوێستانەکانی کێلەشین شههید بووهو هاوکاتیش چەند پێشمهرگهی دیکەشیان بریندار بوون.
بهپێی هەواڵ و ڕاپۆرتی کومیسیۆنی سیاسی نیزامیی حدکا پێشمەرگەیەکی ئەو حیزبە بە ناوی قادر کەریمی، خهڵکی نهغهده بەرە بهیانیی رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردان بەرامبەر بە ٢٤ ی مای ٢٠١٥ له ئاکامی هێرشی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا شههید بووه.
ماوەی چەند ڕۆژ بوو دەنگۆی گەمارۆدانی پۆلێک پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن گریلاکانی پکک وە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ناوچەی شنۆ و سیدەکانی باشووری کوردستان بڵاو ببۆوە و ئەوەش ببوو مایەی نیگەرانی دڵسۆزانی کورد، لە دوای چەند ڕۆژ گەمارۆدانی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە، بەداخەوە بەیانی ڕۆژی یهکشهممه لە لایەن گریلاکانی پکک وە هێرشیان کرایە سەر و لە ئاکام دا لێکدانو پێکدادانی نێوان ئهم دوولایهنهی لێکهوتهوه پێشمەرگەیەکی دڵ پڕ لە هیوا بە ناحەق شەهید کرا.
گریلاکانی پکک لە جیاتی پێش گرتن بە خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە پارچەکانی دیکە و پاوان کردنی کوردستان بە ناوی خۆیان، باشتر وایە خەباتی خۆیان لە باکووری کوردستان چڕتر بکەنەوە و خەباتی خۆیان و سنوورپارێزیان لە شوێنی خەبات و تێکۆشانی خۆیان بێ. دەستێوەردانی پ ک ک لە مێژ ساڵە بۆتە هۆی ئاڵۆزتر کردنی دۆزی ڕەوای کورد و ئاواتەخوازین کە پکک بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی مێژوویی خۆی واز لە خۆ بە زلزانی و پاوانخوازی بێنێ و چیدی ڕیگری لە خەباتی کوردەکانی پارچەکانی دیکە نەکات.
بە هیوای ئەوە کە پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوام بێ لە خەباتی خۆی بۆ ڕزگاری گەلی چەوساوەی کورد لە باکووری کوردستان و پکک هەر کات توانی ئەو پارچەیە جێی تێکۆشانی خۆیەتی ڕزگار بکات با قۆڵی هیممەت هەڵماڵێ و بێتە هانای پارچەکانی دیکەی کوردستان و سنوورپارێزی خۆی بۆ پاراستنی کەیانی کورد بەرێوەبەرێ نەک بۆ خۆ سەپاندن بە سەر کوردەکانی پارچەکانی دیکەدا .
جێگای ئاماژەیە کە شەڕی براکوژی بە هەر مەبەستێک و بۆ هەر ئامانجێک بێ، دەکەوێتە خانەی خەیانەت کردن بە گەل و نیشتمان و لە مێژە گەلی کورد نەفرەتی لە شەڕی براکوژی کردووە.
لەم ساتە وەختەدا ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستیمان بە یەکبوون و یەکریزی و یەکگرتوویی هەیە و وەرن بە یەکبوونمان دڵی ئەویندارانی ڕێگای ئازادی شاد بکەین و خۆشی بخەینە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و لە هەمان کاتدا تەزوو و چەقوچۆ و لەرزە بخەینە دڵی نەیار و ناحەزان و داگیرکەرانی کوردستان و لە سەرووی هەمووان کۆماری ئیسلامی ئێران.
وەک بەرێوەبەرانی ماڵپەری گیارەنگ نەفرەت لە شەڕی براکوژی دەکەین و لە هەمان کاتدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید قادر کەریمی و هاورێ و هاوسەنگەرانی لە حدکا دەکەین و ئاواتەخوازین ئەوە دوایین فیشەکی شەڕی براکوژی بێ لە نێوان کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان.
حەمەرەسووڵ کەریمی