بەیاننامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر شەرفرۆشتنی پکک بە حدکا
خەڵکی مافخوازی کوردستان!
رێکخراو و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان!
کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەیییەکان!
دوای چەند رۆژ هەوڵ و چالاکیی چەندین لایەنە بۆ دانیشتن و دیاڵوگ لەگەڵ سەرکردایەتیی pkk بۆ ئەوەی تووشی رووداوی ناخۆش و دڵتەزێن نەبین و گرفت و کێشەیەک کەلە نێواندا هەبوو بە لێکتێگەیشتن و دیالۆگ چارەسەری بکەین،pkk فەرمانی بە هێزەکانی کرد کە هێرش بکەنە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەداخەوە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ٣/٣/١٣٩٣ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٤/٥/٢٠١٥ی زایینی هێزەکانی pkk تەقەیان لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و شەڕی نەخوازراو لەگەڵ هێزێکی کوردیی بەسەردا سەپاندووین. بەپێی هێندێک زانیاری، هێزەکانی سپای پاسدارنی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە مۆڵ دراون و ئەگەری زۆری تێکەڵبوونی هێزەکانیان لەگەڵ هێزەکانی pkkدا هەیە.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ئەو شەڕە نەخوازراوە دەکرا بە رێگای سیاسی و لۆژیکییەوە خۆی لێ لا بدەین و دەستە و یەخە لەگەڵ هێزیک نەبین کە ئەرکی ئەو رزگاریی بەشێکی دیکەی کوردستانە و ئێمە کە بەدژی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەین، ئەوان نەکەونە ئەو نێوە و رووداوەکان بە ئاڕاستەیەکدا نەچن کە ئەوان ببنە سپەر و قەڵغان بۆ هێزی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەوپەڕی بەداخبوونی خۆمان بۆ ئەو کردەوە دزێوەی pkk رادەگەیەنین کە دەچێتە خانەی خیانەت بە خەباتی کوردەوەو ئەوەش رادەگەیەنین نە دەسپێکەری شەڕ بووین و نە خوازیاری درێژەی کێشانی ئەو ناخۆشی و شەڕەین و داواکارین کە هەم رێبەرایەتیی pkk پەنا بباتە بەر مەنتق و لۆژیکی سیاسی و نەتەوەیی و دەست لەو رێگا هەڵەیە گرتوویەتی بەر، هەڵگرێ.
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە هەموو بەشەکانی کوردستان!
رێکخراو و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان!
داواتان لێدەکەین کە بە هەر رێگایەک بۆتان دەکرێوێڕای مەحکووم کردنی ئەو شەڕفرۆشییەی PKK ، هەوڵ بۆ گۆڕینی هەڵوێستی ناکوردانەی رێبەرایەتیی PKK بدەن و هەموومان چەکی خەبات و شۆڕشمان روو لە دوژمنانی گەل بکەین نەک روو لە یەک.
هەر جۆرە زانیارییەکی دیکە لە پێوەندی بە ئاکامی شەڕ و تێکهەڵچوونەکە و ئاکامی هەوڵە سیاسی و پێوەندییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە، ڕای گشتیی لێئاگادار دەکەینەوە. بەڵام وێڕای هەموو هەوڵ و تێکۆشانێکی نەتەوەیی و سیاسی و ئاشتیخوازانەمان، هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە تەسلیمی گوشار و هەڕەشە و خۆسەپێن نابین.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی
٢٤ی مەی ٢٠١٥ی زایینی