راگەیاندراو بە بۆنەی شەهیدبوونی ئاکام تەلاج، یەکێک لە بریندارانی رووداوەکەی شاری مهاباد

خەڵکی مافخوازی کوردستان!
هاونیشتمانانی ئازادیخوازی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان!
بەداخ و کەسەرەوە رادەگەیەنین کە جارێکی دیکە دەستی رەشی تاوانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی رۆڵەیەکی دیکەی ئەم نیشتمانە زامدارەی لێ ئەستاندین. خوێندکاری خاوەن هەڵوێستی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە، ئاکام تەلاج کە لە رەوتی خۆپێشاندانەکانی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵی شاری مهاباد دا بە گوللەی سەرکوتکەرانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بریندار کرا، رۆژی دوو شەممە، رێکەوتی ٨ی پووشپەڕ، دوای ماوەیەک بەربەرەکانێ لە گەڵ مەرگ، گیانی لە دەست دا و چووە ریزی کاروانی نەمرانی گەل و نیشتمانەوە.
لە کات و ساتێک دا هەواڵی شەهیدبوونی ئاکام تەلاجی جوانەمەرگ بڵاو دەبێتەوە کە، هێشتا رێورەسمەکانی پرسەو سەرەخۆشیی شەهید مەنسووری ئاروەند، زیندانیی سیاسیی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مهاباد لە نێو بنەماڵەو هاوسەنگەرانی دا کۆتایی پێ نەهاتووەو زام و برینی لە دەستدانی ئەم رۆڵە بەهەڵوێست و چالاکەی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان سارێژ نەبووەوە.

هاونیشتمانانی ئازیز!
حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تێگەیشتن لە کەمتەرخەمیی و گوێنەدانی کاربەدەستانی رێژیم لە حاست پێراگەیشتن بە بریندارەکانی خۆپێشاندانەکانی شاری مهاباد و گرتنە پێشی سیاسەتی سەرکوت و ئەشکەنجەی دەزگا ئەمنییەتییەکانی رێژیم بەرانبەر بە گیراوانی خۆپێشاندانەکە، هەر دوای روواداوەکانی شاری مهاباد و روو بە “هەموو ڕێکخراو‌و دامەزراوە جیهانییەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ”، نیگەرانیی خۆی لە بارودۆخی بریندارەکان و گیراوانی رووداوەکە دەربڕی و سەرنجیانی بۆ لای چارەنووسی بەندکراوان‌و بریندارەکان راکێشا.
لەم پێوەندییەدا دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٢٤ی بانەمەرێ ١٣٩٤ی هەتاوی دا روو بە هەموو ڕێکخراو‌و دامەزراوە جیهانییەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ رایگەیاند:

“لەم بارودۆخە هەستیارە‌دا، بە پیویستی دەزانین، دامەزراوە‌و ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ‌و بیروڕای گشتی لەو سەرکوت‌و هەڕەشانە ئاگاداربکەینەوە کە خەڵکی کوردستان بە تایبەتی چالاکانی بەشدار لە حەرەکەتە ئێعتڕازییەکان لە گەڵیان بەروڕوون. ئێمە سەرنجتان بۆ لای چارەنووسی بەندکراوان‌و بریندارەکانی ڕووداوەکانی ئەم دوایانە رادەکێشین. هەر وەها چارەنووسی دەیان بەندیی سیاسیی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیتان‌دا وەبیردێنینەوە کە چەندین کەس لەوان، حوکمی ئێعدامیان بە سەردا سەپێندراوە‌و هیچ دوور نییە ئەو ڕێژیمە بۆ چاوترساندنی خەڵک، گیانیان لێ نەستێنێ.”
حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی شەهیدبوونی ئاکام تەلاجەوە، لە گەڵ دەربڕینی داخ و پەژارەی خۆی بۆ گیان لە دەستدانی ناوبراو، سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان بە گشتی و بە تایبەت بنەماڵەی تەلاج دەکات و بۆ جارێکی دیکەیش رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئیران لە بەرانبەر گیانلەدەستدانی ئاکام تەلاج دا بە بەرپرسیار دەزانێ.
بە دڵنییاوە شەهید بوونی ئاکام تەلاج و مەنسووری ئاوروەند، نیشانەی زیندویەتی و بەردەوامیی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانە و لە کۆتایی دا ئەوە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە کە بە سەر سیاسەتی “کوشتار”و “سەرکوت” و “ئینکار”ی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا سەردەکەوێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
ناوەندی راگەیاندن
٩ی پووشپەری ١٣٩٤ی هەتاوی