“بەھاری کوردەواری سوورو شینە لەدەوری تەرمی خوێنین کۆڕی شینە” نووسینی: محەممەد خزری

وەرزی بەھار، ھەر لە سەرەتایەوە ھەتا دوا مانگەکانی تری ئەم وەرزە بۆ ئێمەی کورد، لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان وەبیرھێنەرەوەی خوێنی بەناھەق و لەسەرھەق‌ڕژاوی رۆڵە بە ئەمەگ‌و فیداکارەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانە.

{بەھاری ئەمساڵ١٣٩٤_ چل‌وحەوتەمین‌ ساڵی شەھیدانی٤٦-٤٧‌‌و جووڵانەوەو بەرگریی چەکدارانەی کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. بەو بۆنەیەوە، وەک ئەمەگ‌و وەفاو بۆ ڕێزگرتن لە فیداکاری‌و لە خۆبووردوویی ئەو رۆڵە جوانەمەرگانە، دەمەوێ یادێک لە لەخۆبووردوویی ئازایانەیان‌ بکەمەوەو کورتە ئاماژەیەکیش بەسەرھەلدان‌و تراژیدیاو دابڕانی قۆناخە جیاوازەکانی رابردوو بکەم کە، بەشێوەی جۆراوجۆر، لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ڕوویان داوە. ھیوادارم بەو یادکرنەوەیە، درزێکی چووکەی ڕووناکاییم، خستبێتە سەر تەم‌و مژی رووداوە پرلە تڕاژیدیایەکانی.}
داخوا جووڵانەوەی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ “ابتدا بەساکن” ھەلگیرسا، ھەڵقوڵای بیری چەند لاوی خوێندەواری کورد بوو، یان ئەو ڕووداوە خوێناوییە، لە درێژەی خەباتی نەپساوەی دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان دا، دواتر بەسەر کادرو پێشمەرگە شەھیدەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان‌دا سەپاند؟ وەک نووسەری ئەو چەند دێڕانە، وێرای ڕیزو کرنۆش لە حاند خەبات‌و فیداکاری سەرجەم ئەو ڕۆلە تێکۆشەرو نەترسانە، گەره‌کمە کورتە پێشەکییەک لە سەر ڕابردووی پڕ لە شانازی‌و خەباتی پڕ لە ھەورازو نشیوی ڕۆژگارە سەخت‌و دژوارەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سەردەمەدا،و یادێک لەو لەخوێنداشەڵاڵکراوانە بکەمەوە، بە چەند دێڕێک ئاوڕێکیش وەسەر ڕووداوە پڕ لە قەیرانەکان بدەمەوە!
خوێنەرانی بە ڕیز! ئەوەی لەو لاپەرانەدا دەیخوێننەوە، وێڕای ھەڵەو ناپاراویی زمان، لەوانەیە ئەو نووسراوەیە دەگەڵ ھەست‌و ویست‌و چوار چێوەی حەزو عاتیفەو بۆچوونەکانی ئێوەی بەڕیز نەگونجێ. بەلام بە جورئەتەوە دەتوانم بڵێم؛ ئەمە لێکدانەوەو ھەڵقوڵا‌وی زەینی نووسەر نیە! بەڵکوو ئەوە بەسەرکردنەوەی ئەو رووداوانەیه‌ کە لە سەردەمێکی دیاریکراودا، ڕوویان داوە! بەشی یەکەمی، ئەو ڕووداوانەن، تاقیکردنەوەی ئەو ھاوڕێیانەیه‌ کە لە خۆم بەتەمەنتر بوونەو لە کات‌و زەمەنێکدا لە نێویاندا ژیاون‌و دواتر، گواستوویانەتەوە بۆ ھاوڕێکانیان. بەشەکانی تری، ئەو بەسەرھات‌و ڕووداوانەن کە، نووسەر لە نزیکەوە تەجروبەی کردوون.