یادی شەهید کرانی پۆلێک لە لاوانی شارەکەم سەردەشت . وەستا ڕەحمان

بەندەکەمان کە ژوورێکی پێنج لە هەشت متریدا بوو. بیست و پێنج تا سیی زیندانی تێدا جێگیر کرابووین. کە تەمەنی هەموومان لە نێوان چاردە بۆ بیست و چوار ساڵان دەبوو، بە هۆی ئەوەی سەردەشت ئەو سەردەم هێشتا شارێکی بچووک بوو هەر هەموومان یەکترمان دەناسی. ئەمن تەمەنم ١٦ ساڵان بوو کە تا ئەوکات نیزیک بە پێنج مانگ بوو لە زیندان دابووم، دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر و پێنج مانگ مانەوە لە ژووری ئینفرادی نیزیک بە مانگێک بوو بۆ ئەو بەندەیان راگوێستبووم، بەڵام هێشتا دادگایی نەکرا بووم ، هەر وەها لە من کەم تەمەنترینیشمان لە گەڵ دابوو .
بەرەبەیانی رۆژی ١٥ی خاکەلێوەی١٣٦٢ی هەتاوی بوو، بە پێی بەرنامەی زیندان بەندی ئێمە واتە بەندی یەک، کاتژمێر ٩ی بەیانیی هەموو رۆژێ کاتی هاتنەدەر و هەواخۆریمان بوو، دوو دوو و سێ سێ لە حەوشەی زیندان خەرێکی قەدەم لێدان بووین کە لەو کاتەدا دەنگی تەپە تەپی هەلیکۆپتێر کە بەرەو شار دەهات سەرنجی هەموومانی بۆ لای خۆی راکێشا ، بە پێی رەواڵ یەک کاتژمێر لە دەرەوە بووین و دوایی بردیانینەوە ژووری بەندەکە ، چەند خولەک تێنەپەڕی کە بەرپرسی زیندان هات و هەواڵی گەیشتنی دادستانی گشتی بۆ ناو زیندان و سەردان کردنی بۆ بەندەکەمانی پێ ڕاگەیاندین .
دادستان کە ناسناوی “موعینیان” بوو، وەژوور کەوت و بە فیز و ئیفادەوە لە قولینچکێک راوەستاو و دەستی پێ کرد: ئێوە لە خەتی ئیسلام لاتان داوە، دژە شۆڕشن (ضد انقلاب)، ئیرە زیندان نییە، پەشیمانخانەیە، ئێوە دەبێ ئیسلاح ببن، تەکلیفی هەمووتان بەو زووانە روون دەکەینەوە…” چەند خولەکێک لەو جۆرە قسانەی کردو بە جێی هێشتین ، نیو کاتژمێر بە سەر رۆیشتنی دادستان تێنەپەڕیبوو کە دوو کەس لە زیندانبانەکان کە لای ئێمە بە ناوەکانی “موئمێنی” و “ئەمیر” ناسرا بوون وەژوور کەوتن ، پێیان راگەیاندین ئەو ناوانەی دەیانخوینینەوە کەلوپەلەکانیان کۆ بکەنەوە:
١- ناسر ئیبراهیمی ٢- شەریف محەممەدپور ٣- کەماڵ کەسرایی ٤ – رەحمان خزرنیا ٥- محەممەد موسازادە ٦- عەبدوڵلا محەممەدی ٧- عبدولکەریم شافعی.
زیندانبانەکان لە بەر دەرگای بەندەکە چاوەرێی ئامادە بوونی زیندانیەکان مانەوە، ئەوانەی ناویان خویندرابۆوە بە ئارامی و بە دڵە خورپەوە خەریکی خۆ ئامادەکردن بوون پاشان یەک بە یەک ئێمەیان لە ئامێزیان گرت و ماڵئاواییان کرد و بە جێیان هێشتین .
دوابەدوای رۆیشتنی هەموو زیندانیەکان، بەندەکە حاڵەتی نائاسایی بە خۆوە گرت. بێدەنگیەکی سامناک باڵی بەسەر ژووری بەندەکەماندا کێشا، هەموومان کش و مات و بە دڵ نیگەرانیەوە لە بیر و فکرێکی قوڵ راچوبووین، زیندانبانەکان هیچ زانیاریەکیان سەبارەت بە راگوێستنی ئەو هاوبەندیانەمان نەدرکاندبوو ، هەر ئەوەش هۆکار بوو تا زیاتر نیگەران بین. هەر کەس بیری بۆ شتێک دەچوو، کە ئاخۆ ئەو زیندانیانە بۆ کوێ ببەن ، یەک قسەی لە ئەگەری ئازادبوونیان دەکرد و ئەویدی راگواستنیان بۆ زیندانێکی دیکە و ئەویدی… بە نیگەرانیەوە هەر کەس جۆرێکی بیر دەکردەوە .
دوای کاتژمێرێک لە رۆیشتنی هاوبەندیەکانمان دیسان دەنگی تەپە تەپی هەلیکۆپتێرەکە هەودای بیرو خەیاڵی هەموومانی پساند. ئەو جار تێکرا بیرو فکرمان بەرەو ئەوە رۆیشت کە بە هۆی ئەوەی ئەوان چەند مانگێکە دادگایی کراون ، رەنگبێ چارەنووسیان روون بووبێتەوە و حوکم دراون ، ئیستاش بە هەلیکۆپتێر بۆ زیندانی شارەکانی دیکەی ئێران رایاندەگوێزن تا ماوەی زیندانیەکەیان تێپەڕ بکەن، بەو گومانەش کەمێک ئارام بووینەوە ، ئەوجار لە سەر ئەم هەودایە لە گەڵ یەکتر کەوتینە قسە و باس کە ئاخۆ کەنگێ ئێمەش دادگایی بکرێین و چارەنووسمان روون بێتەوە.
کەمێک جیاواز لە رۆژانی رابردوو، ئەو رۆژەشمان تێپەڕ کرد شەو داهاتبوو، کاتژمێر دەی شەو کە کاتی خامۆشی بوو، هەر کەس لە سەر جێی خۆی راکشابوو ، بیر و فکر و خەیاڵی جۆراوجۆری ئەو رووداوە هێشتا نەیهێشتبوو چاوەکانمان لە خەو راچن ، لەو دەمەدا دەنگەدەنگێکی نامۆ لە حەوشەی زیندان سەرنجی هەموومانی بۆ لای خۆی راکێشا ، دەنگەدەنگەکە بەرز بوو ، تاوێک لە سەر هەست گوێرایەڵ بووین بەڵام دەنگەدەنگەکە هەر دەهات و زیاتر دەبوو.
هیچمان لێ مەعلووم نەبوو بۆیە دوو کەس کە لە هەموانمان بە تەمەنتر بوون لە جێی خۆیان هەستان و بەرەو ئەو دەلاقەیەی بەندەکە رۆیشتن کە حەوشەی زیندانی لێوە دیار بوو ، یەکیان پشتی کووڕ کرد و ئەویدی بە سەر پشتی ئەودا سەری گەیاندە دەلاقەکە ، تاوێک لە حەوشەکە راما ، هەموو چاومان لە دەم و ڕاوێژی ئەو بوو ، بە ئەسپایی هاتە خوار و بە چپە گوتی :
“رەفیقەکانمان کە بەیانی بردیانن ئیستا ئەوە لە حەوشەی زیندانن یەک بە یەک دەست و چاویان دەبەستن و دەیانبەنە دەرێ.. پاسدارێکی زۆریشیان لە دەورو بەرن..”.
ئەو هەواڵە هەموومانی ڕاتڵەکاند. بە دەم نیگەرانیی زۆرەوە ئەو شەوە خەو لە چاوانمان ڕەوی و خوا نەبێ کەس نەیدەزانی لەو کاتەدا چ هەستێکمان هەبوو و کاتەکانمان چۆن لێ تێپەر دەبوون. بە هیچ رۆژمان لێ نەدەبۆوە، کاتەکە هەر درێژ و درێژتر دەبۆوە، بەڵام چەرخی گەردوون راوەستانی نییە و لە کاتە ناخۆش‌و هەستیارەکانیشدا لە گەڕ ناکەوێ ، هەر چۆنێک بوو شەو تەواو بوو و کاتژمێر گەیشتە نۆی بەیانی.
بەیانیەکی تا بڵێی ناخۆش و پڕ خەم و تەم ، دڵتەنگی و نیگەرانی هەموو جەستەمانی داگرتبوو ، ئەم بەیانی‌یە وەک هیچ یەک لە بەیانیەکانی ئەو ماوەیەی زیندان نەدەچوو، کەش و هەوایەکی خەماوی و تەماوی بە سەر ژووی بەندەکەدا زاڵ ببوو ، هەموو چاومان لە یەکتر دەکرد بێ ئەوەی بتوانین لە گەڵ یەکتر قسە بکەین ، تەنیا چاوەکان و نیگاکان پێکەوە دەدوان ، لە پڕ دەرگای بەندەکە کرایەوە و وەک بڵێی هەموومان چاوەڕێی هاتنی تەتەرێکی بەدشووم بووبین.
روانینەکان بەرەو دەرگا ڕاچڵەکان. سێ زیندانبان لە دەم دەرگا قوت بوونەوە، ئەوانیش هەڵسوکەوتیان وەک رۆژانی رابردوو نەدەچوو تەنانەت قەڵافەتیشیان لە بەر چاومان گۆرابوو. یەکیان بە زمانێکی تێکەڵ پێکەڵ گوتی “ئەورۆ هەواخۆری نییە.. لە ژوورێ دەمێننەوە.. ئیستاش ئامادە بن و دوو کەس دووکەس لە گەڵمان وەرن!” ئەو رۆژە بنەماڵە و کەس و کاری گشت زیندانیەکان لە بەر دەرگای زیندان کۆ ببونەوە ، تەنیا بە ماوەی یەک چرکە ئێمەیان لە دوورەوە نیشانی ئەوان دەداو دەیانبردینەوە ژووری بەندەکەمان .
نیشاندانی تابڵۆی ئەوە رۆژە و نووسینەوەی ئازارەکانی ئەو ساتە وەختانەی زیندانی خانەی معلمانی سەردەشت، وێنەگرێکی بە توانا و قەڵەمێکی بە هێزی دەوێ تا وێنای بکەی و بیگێریەوە، نیشانەکان کارەساتێکی قورس و تاوانێکی گەورەیان پێشان دەداین ، بە تەواوی لێمان ئاشکرا بوو کە ئەوەی نەدەبوو روو بدا رووی دابوو ، کار لە کار ترازا بوو.
مەخابن شەش نەونەمام ، شەش لاوی دڵگەرمی شارەکەمان ، ئەو شەوە لە سێدارە درابوون ، شەش گوڵی نەپشکوتووی سەردەشتی سەر سەوز هەڵپروکێندرا بوون، شەش دار بەڕووی ڕیشەداکوتراوی لێرەوارەکانی کوردستان کە هێشتا بەریان نەگرتبوو، لق و قەدیان کەوتووبوونە بەر تەوری جاهیلان و ڕەشەکوژانی کۆماری ئیسلامی ئێران. بەو جۆرە شەهیدانی جوانەمەرگ : کەماڵ کەسرایی ١٦ ساڵ ، ناسر ئیبراهیمی ١٥ ساڵ ، رەحمان خزرنیا ١٧ ساڵ ، شەریف محەممەدپور ١٨ ساڵ، محەممەد موسازادە ١٨ ساڵ و عەبدوڵلا محەممەدی ١٩ساڵ، بە دەستی درەندەترین و دژی مرۆڤایەتیترین رژیمی سەردەم، بە دەستی جەللادانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران لە سێدارە دران و بەهاری سەوز و رازاوەی ئەو ساڵەی سەردەشتیان بە خوێنی ئاڵی خۆیان سور هەڵگێراو خەباتی شار و شاخیان لێک گرێدا و چوونە ناو کاروانی لەپسان نەهاتووی شەهیدانی سور خەڵاتی گەلەکەمان.
ئەو پۆلە شۆرەلاوە شەهیدەی شارەکەمان ئەگەرچی هێشتا نەو نەمام و شلک بوون ، بەڵام دانەهاتن ، کڕنۆشیان بۆ داگیرکەر نەبرد و بە پێوە سەریان نایەوە ، ئەگەرچی کەم ژیان بەڵام کەڵ ژیان ، منیش هەر ئەو رۆژە لە سەر قەرەوێڵەکەی زیندان تاوێک لە گەڵ خۆم خەڵوەتم کرد و لە ناخی خۆمدا بەڵێنیم پێدان کە تا سەر و تا وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانیان رێبوارێکی بە وەفای ڕێبازەکەیان و درێژەدەرێکی بە ئەمەگی رێگای پڕ لە سەروەریی ئەوان بم .
زیندانبانەکان حەوت کەسیان لە گەڵ خۆیان بردبوو، بەڵام ئەو رۆژە واتە ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٦٢ی هەتاوی تەنیا هەواڵی ئێعدامی شەش کەسیان هەبوو ، چوار رۆژ دوای شەهید بوونی رەفیقەکانمان ئێوارەیەک کاک “عبدولکەریم شافیعی‌ یان گەراندەوە ژووری بەندەکەمان ، بە هاتنەوەی کاک کەریم خۆشحاڵی و ئارامبوونەوە لە جەستەمان و لە بەندەکەمان گەڕا.
عبدولکریم شافیعی لە ئێمە بە تەمەنتر بوو، پێش زیندانیش مامۆستای قوتابخانەمان بوو ، لە زینداندا بە ڕێنوێنی و ئامۆژگاریەکانی هەروا ئەرکی مامۆستایەتی خۆی بۆ ئێمە قوتابیەکانی بە جێ دەگەیاند ، بۆیە هاتنەوەی تا ئەو رادە خۆشحاڵی کردین ، بە هاتنەوەی مامۆستا عبدولکەریم ، بە هەڵسوکەوت و قسە خۆش و ورەبەخشەکانی بۆ بەردەوام بوون لە ژیان، دۆخی ئاسایی بۆ ژووری بەندەکەمان گەڕایەوە. ئەو بۆی گێراینەوە:
بەیانی ئەو رۆژەی لە گەڵ کوڕەکان بانگیان کردینە دەرێ، یەکسەر بەرەو ژوورە تاکە کەسی‌یەکانی زیندان راکێشیان کردین ، دوو کەس دووکەس لە ژوورە تاکە کەسیەکان جێگیریان کردین ، لای ئیوارێ حوکمی ئێعدامیان پێراگەیاندین و کاغەزیان داینە دەست تا وەسیەتنامە بنوسین ، بەڵام کاتژمێر یازدەی شەو پاسدارەکان هاتن و جگە لە من ئەوانی دیکەیان هەموو لە گەڵ خۆ بردن .
بەڵام داستانەکە بەو شێوە کۆتایی نەهات ، دوای ماوەیەک کە مامۆستا عەبدولکەریم شافیعی گەڕابۆوە لامان ، ئێوارەیەک دوای بانگی شێوان سێ پاسدار بە ناوەکانی رەنجبەری ، ئەکبەری و مستەفا وەژوور کەوتن ، سەرەتا چاوێکیان بە سەر هەموو زیندانیەکاندا گێرا پاشان بانگی کاک عەبدولکەریم شافیعیان کرد و لە گەڵ خۆیان بردیانە دەرێ ، پاش دە خولەکێک کاک کەریم گەرایەوە ژوورەکە و یەکسەر بۆ لای جێگا خەوەکەی رۆیشت ، چەند کاغەزێکی لە ژێر جێگاکەی هەڵگرت ، هەموومان نیگا و سەرنجمان لە سەری بوو بۆ ئەوەی بزانین چ بووە ، روو بە ئێمە راوەستاو دەستی بە ئاخاوتن کرد:
“کورینە وادیارە دەستم لێ هەڵناگرن ، دەیان هەوێ ئەم شەو منیش ئێعدام بکەن و کۆتایی بە ژیانم بێنن ، بەڵام ئێوە نیگەران مەبن ، چارەنوسی ژیان هەر ئەوەیە کە دەبێ رۆژێک ئەو دونیایە بەجێ بێڵین ، هیوادارم ئێوە ئازاد ببن و کەسێکی سەربەرزو بە وەفای گەڵ و نیشتیمانەکەمان بن..” بەو شێوە بە لە ئامێز گرتنی تاک بە تاکمان و وەرگرتنی دەنکێک جگەرە و لە پێ کردنی کۆنترین سەرپایی و بە دوا نیگای لە دەم دەرگای بەندەکەوە لە ئێمە بۆ هەتا هەتایە بەجێ هێشتین و بە ورەیەکی بەرز و بە روویەکی شاد و گەشەوە ، بە هەنگاوی قورس و قایم بەرەو بارەگای سەربەرزی شەهیدانی ڕێگای سەربەستی و ئازادی هەنگاوی نا.
دواتر بیستمانەوە لە کاتی لە سێدارەدانیشی‌دا نەیهێشتبوو چاوە جوانەکانی ببەستن ، بەم جۆرە پاسدارە دڵرەق و داگیرکەرەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی مامۆستا کەریم شافیعیش هێنا.
ئەوە گێرانەوەی یەکێک لەو سەدان تاوان و جەنایەتە دژی گەلیانەیە کە رژێمی کۆنەپەرەستی ئاخوندی ئێران ٣٣ ساڵ بەر لە ئیستا لە زیندانی خانەی معلمانی شاری سەردەشت بەرامبەر بە لاوەکانمان ئەنجامیان داوە .
رووحی بەرزی ئەو پۆڵە شۆرلاوەی گەلەکەمان شاد بێ و ناو و یادیان بۆ هەتا هەتایە بە بەرزی لە بیر و دڵمان دا دەمێنێتەوە. دڵنیام ئاوات و ئامانجەکانیان وەدی دێن و رۆژێک دێ کە بچینە سەر گۆرە پیرۆزەکەیان و موژدەی ئازادی و سەربەستی گەل و نیشتیمانیان پێ ڕابگەیەنین .
تێبینی: بۆ ئاگاداریتان ئەو لاوە تازە پێگەیشتوانەی شارەکەمان ماوەیەک دوای لە سێدارە درانیان هەموویان حوکمی زیندانیان هەر لە دوو تا حەوت ساڵ بۆ هاتبۆوە ، بەڵێ ئەوەیە قانون و دادگای حکومەتی سێدارەی کوماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە لاوانی کورد .
فینلاند – وەستا رەحمان
١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی