ساڵی چەك بۆ رۆژهەڵات و ئەركی ئێمە. هاوار بازیان

ئاماژەكان باس لە وەخۆهاتنەوەی هێزە كوردییەكانی نەیاری كۆماری ئیسلامی دەكەن، بەتایبەت حیزبی دیموكرات كە بەڕەسمی باس لە دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری لە كوردستانی بەردەستی ئێراندا دەكا پاش ئەوەی لە ئەزموونی پارچەكانی تر گەیشتنە ئەو راستییەی “هێشتا چەك هێزی یەكەمە بۆ رزگاری و مانەوەی كورد”.
بەڵام ئەركی ئێمە وەك كوردی رۆژهەڵاتی بۆ ئەو بڕگە لە خەباتی چەكداری چییە؟ بەڕاستی هەروا ئاسانە باس لە دەستپێكی جووڵەی سەربازی دژی كۆماری ئیسلامی بكەین؟ چیمان لەدەست دێت و ئەركمان چییە تا هەناسەیەك بە جووڵەی كورد لە رۆژهەڵات بدەینەوە كە بە بەراوردی پارچەكانی تر لە بواری رزگاریدا دوا كەوتووە؟
1. لە ئاستی ناوەخۆی حیزبیدا
بۆیە باسی حیزبی دیموكرات دەكەین چونكە ئەو پرسە لەلایەن ئەو هێزەوە هاتەوە بەرباس و بەكردەوەش چوونەتەوە سەر سنوورەكان و بارەگا و پێشمەرگەیان لە ناوچەیە، ئەگینا زۆر هێزی تریش لە مەیدانەكەدان كە پشكی خۆیان لە خەبات و قوربانی بەردەكەوێ.
یەكەم شت بۆ ئەو بەشە لە خەبات، لێكنێزیكبوونەوە و هاوكاریی باشتری هەردوو حیزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانە (حدكا). هەرجۆرە خەباتێكی چەكداری كە بەناوی حیزبی دیموكراتەوە دەست پێ بكا، سەرەتا پێویستە بە یەكدەنگی و هاوئاهەنگیی نێوانیان بێ، ئەگینا لە ناوەخۆی رۆژهەڵات نەك هەر پێشوازییان لێناكرێ، بگرە رەتیش دەكرێنەوە! چونكە لە بواری دەروونی و فەزای سیاسییەوە، هیوای خەڵك بۆ ئازادی و شۆڕش راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە یەكبوونی هەردوو دیموكرات. ئەو یەكبوون یان لێكگەیشتنە كاری باش دەكاتە سەر گشت پێكهاتەكانی كورد هەر لە گەنجێكی تازەپێگەیشتووی خوێنگەرم تا دەگاتە پێشمەرگەی ناو مقەڕ و سەرچیا و پیرەمێردێكی كورد لە دوورترین گوندی كوردستان دڵخۆش دەكا! جگە لەوەی نەبوونی هاوكاری و یەكدەنگیی نێوان ئەو دوو هێزە دەرفەتی زیاتر بەدوژمن دەدات كە بەرەنگارییان بێتەوە.
واتە یەكەم ئەركمان ئەوەیە دیموكراتەكان لە هەموو ئاستێكدا ئەگەریش جارێ یەكناگرنەوە، هاوئاهەنگ بن و بەرەو ناكۆكیی زیاتر نەڕۆن!
2. راگەیاندن
بەشێكی زۆر لە ئەندامانی هەردوولایەنی حیزبی دیموكرات، مەبەستدار بی یان نا، كەوتوونەتە بەرەی دژایەتیی یەكتری. بەشێوەیەك كە زۆرجار دەستكەوتەكانی یەكتری بەرامبەر دوژمنی سەرەكییان بێ بایەخ دەكەن و سوودی هەموو ئەو شەڕ و قوربانیدانەی كورد دەچێتەوە گیرفانی كۆماری ئیسلامی! پێویستە راگەیاندنەكانی هەردوولا هەر لە میدیای فەرمی و هەوادار و لایەنگرەوە كار بكەن بۆ ئەوەی زەمینەی پێویستی شۆڕشێك ئامادە بكەن. رووماڵی چالاكییەكانی یەكتری بەرامبەر دوژمن بكەن و بەهای پێبدەن. كێشە بچووكەكانی ناوەخۆی حیزبەكانیان نەگاتە دەمی راگەیاندن تا نەكات لە ئاستی ناوەخۆی كوردستاندا جۆرێك لە ساردبوونەوەی خەڵك بۆ پێشوازیكردن لە خەباتی لێبكەوێتەوە. ئەركی راگەیاندنەكان و ئەوانەی بە هەرشێوەیەك پێوەندییان بەناوەخۆی رۆژهەڵاتەوە هەیە زۆر ئەستەم و گرینگە. لە سەردەمی ئێستەدا هیچ شۆڕش و چالاكییەكی سەربازی سەركەوتوو نابی ئەگەر دەنگی راگەیاندنێكی رێكوپێك و هاوئاهەنگی لەگەڵدا نەبی.
واتە ئەركی دووەممان ئەوە دەبی قەڵەم و دەنگ و رەنگی میدیا هەر لە ئاستی كەسی تا دەگاتە رەسمی بخەینە خزمەت گەشەپێدانی ئەو خەباتە چەكدارییەی بڕیارە لە رۆژهەڵات دەست پێ بكاتەوە.
3. كوردانی دەرەوەی وڵات
هێزێكی زۆری حیزبە كوردییەكان بەتایبەت خاوەن ئەزموونی خەباتی چەكداری رووی لە دەرەوەی وڵات كردووە. بەڵێ زۆر ئاسایییە حیزبەكان بەڕەسمی بانگەشەی گەڕانەوەی كوردانی دەرەوە و تێكەڵبوونیان بە خەباتی چەكداری بكەن، بەڵام رەنگە داوایەكی ئاسان نەبی بانگەوازی هاتنەوەی ئەوانە و پێوەست بوونی هەموویان بە خەباتی چەكداری بكرێ، بەڵام پێویستە ئەوانیش ئەركی خۆیان لەئەستۆ بگرن. هەر لە ناونووسینی ئەوانەی ئامادەگیی گەڕانەوە بۆ شاخیان تێدایە و بوونی هەماهەنگیان لەگەڵ سەركردایەتیی حیزبەكان لە كوردستان. یان لەلایەن دارایی و ماڵی كە پێویستییەكی گرینگە بۆ پاڵپشتیی هەر شۆڕشێك. هەروەها وەڕێخستنی چالاكی لە ناوەندە سیاسی، مرۆیی و ناودەوڵەتییەكانی رۆژئاوا و رەنگدانەوەیەكی كاریگەر بە هەر چالاكییەكی چەكداری كە لە رۆژهەڵات دەكرێ. كوردانی دەرەوەی وڵات ئەگەر رێكبخرێن، هێزێكی باشیان تێدایە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستە سوودیان لێوەرنەگیراوە.
ئەركی سێیەممان بەستنەوەی كوردانی رەوەندە بە سەركردایەتیی كورد لە كوردستان و هاوئاهەنگییان لەگەڵ ئەو خەباتەی خەریكە بەڕێوە بچێ.
4. خەڵك لە ناوەخۆی رۆژهەڵات
پێویستە خەڵك ئەو راستییەی بزانن كە هێزی هەرەگرینگ و سەرەكیی شۆڕشێك، جەماوەر و تاكەكانی ناو نەتەوەكەیە. خەباتی چەكداری چاوەڕێیە خەڵك لە ناوەخۆ بەپیلی بانگەوازیی حیزبەكانەوە بچن و تێكەڵ بە ریزەكانی شۆڕش بن. لە قۆناخی ئێستادا زیاتر چاوەڕوانیی تێكەڵبوونی خەڵك و بەتایبەت لاوان بە حیزبەكان، هاوكاریی دارایی، كاری تەشكیلاتی و هەڵگەڕانەوە لە دەسەڵاتی ئێرانییە و یان لانیكەم تێكەڵنەكردنی دەستە لەگەڵ دوژمن. جەماوەی ناوەخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان بەشێكی زۆر گرینگی سەركەوتنی هەر جووڵەیەكی چەكدارین كە بڕیارە دژی كۆماری ئیسلامی دەست پێ بكاتەوە. بۆیە پێویستە خەڵك و هەركەس بەپێی توانا و دۆخی خۆی ئەركێك لە سەرخستنی خەباتی نوێی رۆژهەڵات وەئەستۆ بگرێ. مامۆستایەك لە قوتابخانە، دوكاندارێك لە شوێنی كاری خۆی، ژنێك لە ماڵ، خوێندكارێك لە زانكۆ، كۆڵبەرێك لە كوێستانەكان و هەركەس لە هەر پێكهاتەیەكی كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتدا دەتوانێ كەم و زۆر هاوكار بی لەوەی پەیامێكی گرینگ بە گوێی هاووڵاتییان و حكوومەتدا بدات: ئێمەش ئازادیمان دەوێ و ئامادەین نرخەكەی بدەین!
واتە خەڵك دەبی ئەركی چوارەمی ئەو پرۆسەیە وەربگرن كە ئەویش بەدەنگەوەهاتنی هەر داوایەكی رێبەرایەتیی كوردە لە كوردستان. پێویستە ئەو راستییە باش تێبگەین كە هەرخۆمان دادڕەسی خۆمانین!
5. پارچەكانی تری كوردستان
ئەگەر تا ئێستە پارچەكانی دیكەی كوردستان بەتایبەت باشوور و باكور خاتری ئێرانیان گرتووە، ئێستە ئەو دوو پارچەیەش باشتر لە جاران مافی خەبات بۆ رۆژهەڵات بەڕەوا دەبینن! باكووری كوردستان كە خۆی دوچاری شەڕێكی سەخت و راستەقینەی توركیا بووەتەوە و باشووری كوردستانیش شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی و تیرۆر دەكا، هەروەها رۆژئاواش شەڕی مانی خۆی كردووە و دەیكا، ئەو سێ پارچەیەی كوردستان بەچڕی شەڕی ئازادی و مانەوەی خۆیان دەكەن و بڕوای قووڵیان بە شەڕ هەیە كە ئەویش دوژمن بەسەریدا سەپاندوون. بۆیە بەشەكانی تری كوردستان پێویستە هانی كوردی رۆژهەڵات بدەن و رێگەی نەگرن ئەگەر ئەویش دەست بۆ جووڵەی چەكداری ببات. ئەگینا ئەركی ئەوەشمان لەسەرشانە كە بیانووی فشارخستنە سەر باشوور بە ئێران نەدەین، ئەویش بەوەی هەموو كار و چالاكییەكی حیزبەكان لە ناوەخۆی رۆژهەڵات و بۆ رۆژهەڵات و لەسەر دەستی تەنیا رۆژهەڵاتییەكان خۆیان بی و هیچ بەرپرسیارێتییەكی یاسایی و دارایی نەچێتەوە سەر شانی باشوورییەكان!
بەشەكانی تر بەتایبەت باشوور دەتوانێ كاریگەری باشی هەبی لە دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری دژی كۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵات، ئەویش نەك بە پێدانی هاوكاری سەربازی و هەواڵگری، بەڵكوو تەنیا بەوەی قبووڵی بكات كە ناكرێ كوردی رۆژهەڵات بۆ هەمیشە پەنابەری كوردی باشوور بی! بەتایبەت كە ئێستە كوردان بەرهەمی شەڕ و چالاكییەكانی خۆیان دەبیننەوە و ئەزموونی ئەو 3 ساڵەی رابردوو بەڕوونی پێمان دەڵێ: دوژمنی كورد بڕوای بەشەڕە، كوردی ئازادیخواز چارەی نییە جگە لە شەڕ!
ئەركی پێنجەم دەكەوێتە سەر شانی سەرجەم پێكهاتەكانی كورد لە پارچەكانی تر هەر لە میدیاكانەوە بگرە تا دەگاتە ئەو تاكە پێشمەرگەی باشووری كە لەسەر سنوور تووشی پێشمەرگەیەكی رۆژهەڵاتی دەبی! كاتی بێلایەنی كورد بەرامبەر كورد بەسەر چووە! پێویستە هەموویان هاندەر بن لەوەی رۆژهەڵاتیش مافی خۆیەتی لەو گۆڕانكارییانەدا كە ئێرانیشی ماندوو و ئاڵۆز كردووە، كوردیش مافەكانی خۆیان لە دەسەڵاتی تاران وەربگرێتەوە!
ئەنجام
ئەوانەی باسكران هەمووی نییە، بەڵام بەشێكی دیار و گرینگن لە ئەركەكانی كورد و بەتایبەت رۆژهەڵاتیەكان بەرامبەر ئەو درووشمەی بۆ ئەمساڵ هەڵیانگرتووە و ئەویش دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكدارییە دژی كۆماری ئیسلامی كە بەكورتی ئاماژەیان پێكراوە. سەرجەم ئەو پێنج خاڵانەی باسكران دەتوانین بەشێوەی ورد و كراوەتر باسیان لەسەر بكرێ بەمەبەستی سەرخستنی ئەو بانگەوازییە كە پێویستە هەموو كوردێك بەدەنگییەوە بچی تا لەو سەردەمە پڕ لە گۆڕانكاری و دەرفەتەدا كوردی رۆژهەڵاتیش دەستكەوتێكی هەبی كە دەمێكە لێی بێبەش كراوە، بەتایبەت كە ئەگەر سەیری مێژووی سیاسیی كوردی ژێردەستی ئێران بكەی دەبینی مێژووی سیاسیی ئەو پارچەیە بۆ نموونە كۆماری كوردستان و حیزبی دیموكرات لە سەرجەم رێبەرانی ئێستەی پارچەكانی تر بەتەمەنترە كە بەرەو ئازادیی یەگجاری هەنگاو دەنێن. هەر بۆیە پێویستە زۆر بەباشی و بەبەرنامە ئەمساڵ بكەین بە ساڵی دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری بۆ رزگاری و بەرپرسیارێتی وەربگرین لەوەی بیكەین بە ساڵی رۆژهەڵات!
سەرچاوەكان:
1. http://www.kurdistanmedia.com/sorani/dreje/22892
2. http://www.kurdistanukurd.com/?p=8613
3. http://www.kurdistanmedia.com/sorani/dreje/22590