سەروان چەکۆ ڕەحیمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حدکا کۆچی دوایی کرد.

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە نیوەرۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١١ـ٠٥ـ٢٠١٦ بەرێز و تێکۆشەر، کاک سەروان چەکۆ ڕەحیمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرپرسی کۆمیتەی ئەمنییەتی ئەو حیزبە بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.
شایانی باسە کە کاک چەکۆ ڕەحیمی یەکێک لەو ئەفسەرە شۆڕشگێرانە بوو کە هەر لەگەڵ یەکەم چەخماخەی ڕاپەرینی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی حکوومەتی پەهلەوی ڕیزی ئارتەشی رێژێمی شای بەجێ هێشت و بە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پەیوەست بوو. بە هۆی شارەزایی نیزامی و هەڵسوورانی بێ وچانی لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا وەک فەرماندە هێز سازمان دراو و دواتریش بە هۆی شارەزایی و پسپۆری لە سەر چەک و چۆڵی قورس لە سەر تۆپ و خۆمپارە هاوێژ و تۆپی ١٠٦ میلیمیتری و جۆرەکانی دیکەی چەک کاری دەکرد.
سەروان چەکۆ زۆر زوو توانی بە هۆی لێوەشاوەیی و ڕاوەستاوی خۆی پلە جۆراوجۆرەکانی پێشمەرگایەتی ببرێ و دواتریش ببێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
کاک سەروان چەکۆ یەکێک لە مامۆستا هەرە شارەزاکانی فێرگەی سیاسی نیزامی حیزبی دێموکرات بوو و بە هەزاران کەس لە ریزەکانی حیزبدا لە سەر دەستی ناوبراو فێرگەی سیاسی و نیزامی حیزبیان بە سەرکەوتوویی بریوە و بە خۆشیەوە بۆ خۆشم لە کاتی پێشمەرگایەتی دا وەک قوتابی لە چەند دەورەی تایبەتی دا لە تەنیشت بەرێزیان بووم و یەکێک لە مامۆستا هەرە بەرزەکانی من بووە. کاک سەروان چەکۆ کەسێکی خاکی و شۆڕشگێر و تێکۆشەرێکی ڕاستەقینەی ڕێگای ئازادی گەلەکەی بوو، جێی متمانەی حیزب و هاورێیانی بوو.
ئەوەی جێگای داخە لە ماوەی نزیک بە حەوتوویەک دا دوو تێکۆشەری دیاری بنەماڵەی دێموکرات دوو ئەندامی هەڵسوور و چالاک و دوو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حدکا، ڕێزداران کاک سەید ڕەزا دروودگەر و کاک چەکۆ ڕەحیمی کۆچیان کرد، هەر دوو بەرێزیان دەیان و بگرە سەدان مەئموریەتی جۆراوجۆریان بۆ حیزبی دێموکرات بەرێوە بردووە و چەندین بەرپرسایەتی گرینگیان لە نیو ریزەکانی حیزبدا بەرێوەبرد، ئەو کۆچە ناوادەیان هەموو لایەکی خەفەتبار کرد و بە تایبەت دڵی ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە بە یەکەوە بوون و بیرەوەریان بە یەکەوە هەیە لە هەموو کەس زیاتر خەمبار و بە پەرۆش کرد، ڕووحی هەر دووکیان شاد و ڕێگای خەباتیان بەردەوام بێ و سەرەخۆشی لە گشت لایەکیان دەکەم.
لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەریزی کاک سەید ڕەزا و کاک چەکۆ، لە هاوسەرانی بەوەفایان و کچ و کوڕەکانیان و هەروەها برای ئازیزمان کاک کاوە ڕەحیمی و کەس و کاریان لە نێوخۆی وڵات و تێکرای هاورێ و هاوسەنگەرانی لە ڕیزەکانی حدکا و خزم و ئاشنایانیان دەکەم.
ڕووحی شاد و ڕێگای خەباتیان پڕ ڕێبوار بێ.
حەمەرەسووڵ کەریمی