پەیامی هاوخەمیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی ناوەختی تێکۆشەری دێرین سەروان چەکۆ ڕەحیمییەوە

دوێنێ چوارشەمە ٢٢ی بانەمەڕی ١٣٩٥ (١١ی مانگی مای ٢٠١٦) بە داخێکی گرانەوە سەروان عەبدوڵڕەحمان رەحیمی(سەروان چەکۆ) تێکۆشەری دێرینی دیموکرات‌و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناوەخت کۆچی دوایی کرد. کۆچی دوایی سەروان چەکۆ لە کاتێک دایە کە هێشتا حەوتوویەک بە سەر کۆچێکی ناوەختی دیکە، کۆچی دوایی کاک سەید ڕەزا دروودگەر تێکۆشەری دێرینی دیکەی دیموکرات دا ڕانەبردووە. ئەم دوو ڕووداوە بە دوای یەک دا بێگومان هەموومان پتر دەباتە نێو خەم و بەداخبوون.

کاک چەکۆ هەر لەو ڕۆژەوە کە وەک ئەفسەرێکی نیشتمانپەروەر‌و شۆڕشگێڕ، ئەرتەشی ئێرانی بە جێ هێشت‌و سەنگەری پێشمەرگە‌و ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی هەڵبژارد، هەموو پسپۆری‌و تواناکانی خۆی بۆ پێگەیاندن‌و بەرەوژووربردنی هێزی پێشمەرگە‌و بەرەوپێشبردنی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەرخان کرد. فیداکاری‌و خزمەتی سادقانە‌و پێشمەرگانەی لە پۆستی فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی شنۆ، سنە‌و مەهاباد، ڕۆڵی یەکەمی لە بنیاتنانی فیرگەی سیاسی نیزامیی حیزب‌و، خۆتەرخانکردنی بۆ فیرکردن‌و پێگەیاندنی فەرماندەران، کادرەکان‌و پێشمەرگەکانی حیزب، لە کارنامەی٣٧ ساڵەی کاک چەکۆی نەمر‌دا، بە درەوشاوەیی دەمێننەوە.
کۆچی ناوەختی‌هاوڕێ چەکۆ ڕەحیمی، بووە مایەی خەم‌و پەژارەی تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە هەموو ئاستەکان‌دا. ئێمە لە دەستچوونی کاک چەکۆ بۆ هەموو دیموکراتەکان‌و بۆ هێزی پێشمەرگە‌و خەباتی شۆڕشگێڕانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خەسارێکی دیار دەزانین‌و لە ناخی دڵمانەوە بۆ کۆچی ناوەختی بە داخ‌و خەمبارین. بەم بۆنەیەوە گەرمترین سەرەخۆشی‌و هاوخەمیمان پێشکەشی بنەماڵە سەربەرزەکەی، ڕێبەری‌و تێکڕای تێکۆشەران‌و ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین. بە دەرفەتیشی دەزانین جارێکی دیکە سەرەخۆشیی خۆمان بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک سەیدڕەزا دروودگەر، لە گەڵ بنەمالە‌و هەموو هاوسەنگەران و هاوڕێیانی دووپات بکەینەوە.
یاد و ناوی سەروان چەکۆ ڕەحیمی ، سەید ڕەزای دروودگەر و هەموو ئەو تێکۆشەرانەی سەرانسەری تەمەنی خۆیان بۆ خزمەتی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە و ئازادیخوازیی کوردستان تەرخان کرد، بۆ هەمیشە بەرز‌و بەڕێز بێ.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٢٣ی بانەمەڕی ١٣٩٥
١٢ی مای ٢٠١٦