راپۆرتی رۆژی سێهەم و کۆتایی کۆنگرەی سۆسیالیست ئینترناسیۆنالی ژنان

رۆژێ سێهەمی کۆنگرەی سۆسیالیست ئینترناسیۆنالی ژنان بە وتەکانی وەفا ‌حاجی سەرۆکی ڕێکخراوەکە دەستی پێکرد کە لە سەر شێوەی هاوکاری و داوای هاوکاری زیاتر و چالاک بوونی زیاتری ئەندامانی بە پێویستێکی هەنووکی زانی. وەفا حاجی لەو بروایەدا بوو کە دەبێ

ئاستی پەیوەندیەکان هەر لە چوارچێوەی ناوچە دیاری کراوەکانی رێکخراوەکان دا قەتیس نەمێنێتەوە بەڵکوو پەیوەندییەکە هەمەلایەنە بێت بۆ ئەوەی زیاتر بتوانین کاریگەریمان لە سەر بەرێوبردنی بریارەکان هەبێت. بە دوای ئەودا هەیئەتی بەرێوبەری تازە هەڵبژێردراو کە هەر یەکەو بەرپرسایەتی ناوچەیەکیان بەدەستە هەر کەسە و بە نۆرەی خۆی پلان و پرۆژەی کاری خۆیان بە کورتی باس کرد. بەرپرسی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست هیلال دۆکوزکان وێرای داوای هاوکاری و پەیوەندی بەردەوام لە رێکخراوەکانی سەر بەم ناوچەیە هاوکات باسی لەوە کرد کە بە زووترین کات دوای ڕاوێژ لەگەل دەستەی بەرێوبەریی و هەروەها ئەندامانی سەر بەم ناوچەیە، کۆبوونەوەی بەرین بۆ تاوتوی کردنی باسەکان و کێشە و پرسەکانی ئەم ناوچەیە پیک دێنن و ئەمە هەنگاوی یەکەمی دەبێت بۆ دەسپێکی بەرنامەی تایبەت بە رۆژهەلاتی ناوەراست بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
لە پانێلێ دووهەم دا خاتوو شازی ماریی( پاکستان)، باسیێکی لە سەر ژنانی پاکستان و تواناییەکانیان لە ئێستا بە بەراورد لەگەڵ رابردوو هەبوو کە پێشکەوتنی بە خۆوە بینیوە، بەڵام ئێستاش زۆر کێشەی چارەسەر نەکراویان هەیە کە دەبێ هەوڵی بۆ بدەن و نابی دڵسارد بن و خۆیان بە قوربانی بزانن، بەڵکوو دەبێ زیاتر لە جاران زیندووتر لە پێشبردنی کارەکان و ئەرکەکان دا خۆیان ببینەوە.
ماریا لافێبر ( هولەند) باسێکی لە سەر ژنانی پەنابەر هەبوو بەتایبەت لە دوو ساڵی رابردوودا و شێوەی هاوکاری وڵاتانی ئوروپایی کە بەرێزیان ئاماژەی بو زۆر خاڵی ئەرینی و نەرینی لە سەر وەزعی پەنابەران بە گشتی و ژن و منداڵ بە تایبەتی کرد.
لە بەشێکی دیکەی کاری کۆنگرەدا ئەندامانی بەشدار و نوێنەری رێکخراوەکان مەجالی قسە کردنیان پێ درا کە ئەگەر بابەتێکیان هەیە و تا ئێستا باس نەکراوە باسی بکەن. نوێنەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان د. کوێستان گادانی لە م پەیوەندیەدا ئێشارەی بە چەند خال کرد کە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا. خاتوو کوێستان گووتی: ئێمە کە باسی یەکسانی دەکەین و هەمووشمان پێمان وایە کە سەربەخۆیی ئابووری بەشێکی هەرە گرینگە بۆ یەکسانی ژنان. ئایا دەزانن کە پارلمانی ئێران لایحەیەکی پەسند کردووە و ئەگەرشواری نگهبان و مەجمەعی تەشخیسی نیزام پەسندی بکەن، یەک میلیۆن ژن لە کۆی ٣میلیۆن ژن کە لە کاردان بێکار دەبن و ئەوەش بە دڵنیایەوە زیاترین تەئسیری لە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت و ئەم بێکارەیە ئەوەندی دیکە بەرەوە نایکسانی رەگەزی و هەروەها توندو تیژیمان دەبات. لێرەدا داوا لە بەرپرسی بەشی ناوچەی رۆژهەڵات دەکەین کە لە داهاتووی کاری خۆیدا ئاگاداری ئەم جۆرە بریارانە لە وڵاتانی ناوچە بێت و لە دوای لێکدانەوە و مەشوەرت لەگەڵ ئەندامانی ناوچە بە وەخت هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن. خاڵێکی دیکەی کە دەمهەوێ ئاماژەی پێ بکەم ئەویە کە ئێمە دەڵێن رێکخراوەی سوسیالیست ئینترناسیۆنال سەربەخۆیی بەرێوبەریی و سیاسی خۆی هەیە، کەواتە ئێمەی ئەندامی ئەم رێکخراوەیە چاوەروانی زیاترمان لە ئاستی بەشداری بە کردەوە و لە ئاست بەیاننامە و نوسراوەکانی ئێوە هەیە. تێکۆشانی بێوچانی ژنی کورد بۆ وەدەست هێنانی مافی یەکسانی و مافی نەتەوایەتی خۆی مێژوویەکی پر لە سەروەری بۆ خۆی تۆمار کردووە، هەر لێرە بە چەندین ئەندامان هەیە کە سەردانی کوردستانیان کردووە و رادەی چالاکی و قوربانی ژنی کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافی رەوای خۆی بۆ هیچمان شاراوە نیە و ناتوانین لە بەر چاوی نەگرین. نموونەی هەرو زیندوو بارودۆخی ژنی کوردە لەم دوو ساڵەی دواییدا کە ژنی کورد لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست چ رۆلێکی هەبووە و چی چێشتووە. ئەوە ژنی کوردە کە بۆتە قوربانی شەری داعش، قوربانی زوڵم و زۆری کلتوری و توندو تیژی. ئەوە ژنی کوردەکە شان بە شانی برا پێشمەرگەکانی بۆ دەستەبەر کردنی ئاسایش و ئاشتی لە شەردایە و شەهیدی داوە و نموونەی هەر زیندووی هەواڵنێری کاناڵی روودا شیفا گەردی شەهیدی تازەمانە خاتوونێکی بە توانی کورد بوو نەک عێراقی. پەنابەرانی ئەم دوایانە کە گەیشتوونەتە ئوروپا و هەرئێستا لەم کۆنگرەیەدا باسی رەوشی خراپی ژیان و لە دەستدانی ئەندامانی بنەماڵەیان دەکرێت لە رێگای کۆچ بۆ وڵاتانێک کە ئاسایش و ئەمنیەتی گیانی خۆیان ببینەوە بەشی زۆریان دایکانی کوردن، خۆشکانی کوردن ژنانی کوردن نەک سوری وعێراقی و ئێرانی. هەر ئێستا لەم چەند رۆژەی کە ئێمە لە کۆنگرەدا باسی دەستەبەر کردنی مافی یەکسانی و مافی ژنان بە تایبەتی دەکەین لە کوردستانەکەی من فەرزانە جەلالی دەسبەسەر دەکرێ چونکە داوای مافی خۆی دەکات. فەرزانە کوردە نەک ئێرانی و مەهدیس میرقەوامی دوای ئەوەی دەستگیر دەکرێت خۆی دەکوژێت کورد بوو نەک ئێرانی، بە سەدان فەرزانە و شیفا – کان کوردن و کورد بوون نەک عێراقی و نەک سورری و نەک ئێرانی . هەر بۆیە داوا لە کۆنگرەو بە گشتی و داوا لە بەرێوبەریی تازە و بەتایبەتی لە بەرپرسی بەشی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکەم کە لەمەو بەدواو ژنی کورد وەک ژنی کورد پێناسە بکرێت نەک ئەوەی پێناسەی وڵاتانی دیکەی پێ بدرێت. ئێمە دەزانین کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە بەڵام ئەوە بەو مانایە نێیە کە لە رێکخراوەی سوسیالیست ئینترانسۆنالی ژنان کە ئێمە ژنانی کورد بە ماڵی خۆمانی دەزانینن و هەست بە پشتیوانی و هاوکاریتان دەکەین لێرەش بە ئایدینتێکی دیکە بێجگە لە کورد پێناسەمان بکەن.
دوای ئەم بەشە کاتی بریارات و بەیانییەکان کۆنگرە هات، کە کۆنگرە یەک بڕیارنامە و دوو بەیانییەی لێکەوتەوە. بڕیارنامەی ٨ خاڵی لە سەر نابەرابەری یەکسانی ئێستا و دەستەبەرکردنی یەکسانی رەگەزی تا سالی ٢٠٣٠ بوو و دوو بەیانیەکە یەکیان پشتیوانی لە ژنانی کۆلۆمبیایە کە رۆلیان لە دەستپێکی رەوتی ئاشتی خوازای لە بەینی دەوڵەتی کۆلۆمبیا و ئۆپۆزیسۆنی ئەم وڵاتەدا هەیە. بەیانییەی دووهەم بە بۆنەی رۆژی ٨ مارس- رۆژی نێونەتەیی ژنان کە رێکخراوی سۆسیالیست ئینترناسیۆنالی ژنان داوای ئیعتسابی( مانگرتنی) سەرتاسەری دەکات لە رێگای ئەندامانی خۆی بۆ دەربرینی نارەزایەتی توند و تیژی دژ بە ژنان.
کۆنگرە ی سۆسیالیست ئینترناسیۆنالی ژنان دوای سێ رۆژ کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێناو و یەکیەتیی ژنانی دیمۆکراتی کوردستان وێرای پیرۆزبایی لە سەرۆک و تیمی هاوکاری تازە هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت و بەڵێنی هاوکاری و چالاک بوونی زیاتری بە کردەوەی بە کۆنگرە و دەستەی بەرێوبەریی راگەیاند.
نوێنەرایەتی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی ژنانی سوسیال ئینتێرناسیۆناڵ

 ئاڵبۆمی وێنەکانی ڕۆژی سێهەمی کۆنگرە