جاشنامە. هاوار بازیان

پڕ بە دڵ حەز دەكەم بزانم مووچەكەت چەندە! پێت وانییە ئەوەی فرۆشتووتە زۆر هەرزانت بەخشیوە؟ ئەو رۆژەی وەری دەگری چ هەستێكت هەیە! بە ڕاستی بە هەمان بەرگی كوردییەوە دەچی بۆ سەر كارەكەت؟ بە كوردیش قسە دەكەی؟ لە ئاوێنە دا چۆن سەیری چاوانی شۆڕت دەكەی؟ دەزانی بۆچی ئەو پرسیارانەت لێدەكەم، چونكە هەموو شتێك كڕین و فرۆشتن هەڵدەگرێ جگە لە وڵات.

جەستەی خۆت مافی خۆتە بیفرۆشە و منەتت نەبێ و ناوی بنێ “ئازادیی تاك”. ئەگەر دەزانی لە گەڵ سنوورەكانی ئەخلاقیت دا دەگونجێن، دەتوانی واز لە زۆر بەها‌ی‌تری خێزانی و كۆمەڵایەتیشت بێنە و ناوی بنێ “كراوەیی”! ئەگەر نیازی ئازاری خۆتیان تەنانەت كوشتنی خۆت هەیە دیسان هەر ئازادی و ئێمە ناوی دەنێین: ماسۆكیزم! بەڵام ناشیرینترین كار بۆ كەسێك كە خۆی و وڵاتەكەی داگیركراوە، ئازاری خەڵك و فرۆشتنی وڵاتە!

ئەوانەی وڵاتەكەیان لێ دەفرۆشی، پێت دەڵێن “جاش”، من جارێ ئەو قسەیە ناكەم چونكە هەموو ئاژەڵێك بێ تاوان و پیرۆزترە لە تۆ! بەڵام هیچ دەزانی ئەوانەی كاریان بۆ دەكەی و بەكرێیان گرتووی چیت پێدەڵێن! دڵنیام سووكتر لە “جاش”! نەك چونكە ئاژەڵی، بەڵكوو چونكە لە كوردەواریدا “سووكتر” لەو وشەیە بۆ رەفتارەكانت نەدۆزراوەتەوە.

شەرم ناكەی كورد بی؟ حاشا تۆ كورد نی! كارم بە كورد بوونت نییە، من گومانم لە مرۆڤ بوونیشت هەیە! تەنانەت لەو سرووشتە دڕندەیە دا هەرگیز نەمبینی گورگ گورگێكی هاوڕێی بخوات، ورچێك هەوڵی كوشتنی ورچێك بدات!

بەرلەوەی بەڕاستی بزانم “جاش” چییە و چەندە پاك و بێ گوناهە، ناوی تۆم بیستبوو! دەمێكە خۆت و رەنگی تۆم بینیوە، بۆیە هەرگیز دەنگ و رەنگت لە بیر ناكەم و هەمیشە وەك هێمای “پیسی” یادت دەكەم. دەڵێن فەرامۆش كردنی بكوژی كەسێك ئاسانە، بەڵام زۆر ئەستەمە خیانەتی كەسێك لە بیر بكەی كە بە كوشتنیداوە، چونكە زۆر سەختە دوژمنەكەت هەر لە خۆت بووبێ!

ئەو كەسەی چەك لە شان دەبیتە دار دەست و چاوساخی دوژمن، كلاسیكترین جۆری بەكرێگیراوە. جۆری نوێی جاش پەیدا بوونە! ئەوەی یەكبوونی كوردان تێكدەدا، كەسایەتییەكانی كورد دەشكێنێ و بەهاكانی كوردەواری هەر لە ئەدەبی و كۆمەڵایەتی بگرە تا مێژوویی و ئاینی و هونەری بە گشتی بێ بایەخ دەردەخات. بە گشتی ئەوانەی لە ئیشكی و گەرمیی دوژمن دەژین بەڵام پەنجە و خامەیان تەڕی ئارەقی شەرمەزاری و روو رەشی‌یە!

بە نیازی چی؟ پێتوایە ئەگەر تۆ بەكرێگیراو بووی ئیتر كاروانی رزگاری نەتەوەكەت دەوەستێ؟ باشە بەڕاستی پێتوایە جاش بوونی تۆ بە هانای لە ناو چوونی ریژیمی داگیركارەوە دەچێ؟ یان لەو بڕوایەدای تەمەنی دوژمن لە تەمەنی خۆت درێژتر بی؟ زۆر نەزانن ئەگەر لەو بڕوایە دابن كورد زیاتر لەوە چاوەڕوانی مێژوو دەبی و باجی جاش و بەكرێ گیراوانی دوژمن بدا!  كورد بە سەدان و هەزارانی خائین و بەكرێگیراوی وەك تۆ و گەورەتری كردووە بە خۆڵەمێشی گەشانەوەی خۆی!

ئەو كارە قێزەونەی تۆ هیچ پاساوێك هەڵناگری! ئەو كەسانەی بە ناوی “رۆشنبیری و سیاسەت” بەرگریت لێدەكەن، زۆر جار پەنا بۆ هۆكاری ئابووری و كەشی نالەباری ژیانی ژێردەستی داگیركاردەبەن، بەڵام هەڵەن! چونكە ژیانی تۆ خراپتر نەبووە لەو هاووڵاتییانەی بەدەستی تۆ دەچەوسێنەوە تەنیا بۆ ئەوەی دوژمنی داگیركار دڵخۆش بكەی. ئەگەر بەو پێیە بێ، زۆربەی كورد دەبێ رێگەی خراپی تۆ هەڵبژێرن. ئەوانەی بەرگریت لێدەكەن و بە ناوی “سیاسەت” بە نیازن رۆژانێك لێبووردنت بۆ دەربكەن، یا لە تۆ خراپترن، یان لەو راستییەی تێنەگەیشتوون كە مرۆڤی ئاقڵ هەرگیز بڕوا بە كەسێك ناكاتەوە كە خیانەتی لێ بینیوە!

دڵنیام دەزانی مێژووی نەتەوەكەت پڕ لە خیانەت و بەكرێگیراوییە و دڵنیای ئەوانە هەمیشە سەرشۆڕی گەل و نیشتمانن، كەچی تۆ هێشتا لە ریزی ئەوان دای! گومانم نییە هەست بە سووك بوونی خۆت لە ناو خەڵك و جەماوەر دا دەكەی، بەڵام بەردەوامی لە بەكرێگیراویت! باش دەزانی درانگ یان زوو دەكەویتە بەر تۆڵەی ئەوانەی خاوەنی كەرامەتی ئەو خەڵك و خاكەن، بەڵام تۆ هەر بەردەوامی! سزای تۆ روون و ئاشكرایە!

تا ئەو رۆژەی دەكەویتە بەر رق و تووڕەیی ئەوانەی خیانەتت لێكردوون، شەرمەزار بوون و سەرشۆڕییتە بەرامبەر خاك و گەل و دار و بەردی وڵاتەكەت! خیانەت نەخۆشییە و شێرپەنجەیە ، ئەگەر ئەمڕۆ رووت زەرد دەكا، بەڵام دواجار هەر لە ناوت دەبات!