بەشداریی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕ

لە کۆبوونەوەیەک کە بە بەشداریی ٦ ڕێکخراوی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ تاوتوێ کردنی هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕ لە کاناڵی ڕووداو بەڕێوەچوو.

شاندێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزب بەشدارییان کرد.
لەو کۆبوونەوە‌دا هەرکام لە نوێنەرانی ٦حیزبی رۆژهەڵاتی ڕاوبۆچوونی خۆیانیان لە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری و شووڕای شارو گوندەکان و ، کۆدەنگی لایەنە کوردییەکان لە سەر بایکۆتی هەڵبژاردنەکان خستەڕوو.
لەو کۆبوونەوەیە‌دا سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان مستەفامەولوودی بە کورتی خوێندنەوە و، ڕوانگەی حیزبی لەسەر پرسە سیاسییەکانی نێوخۆی ئێران، بەتایبەتی پرسی هەڵبژاردنەکان باس کرد.
بەڕێزیان لەو بارەوە گوتی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەموو کات بە وردبینیەوە سەرەنجی رووداوە سیاسییەکانی نێوخۆی ئێرانی داوەو، بە نیسبەت هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ کە رۆژی هەینی ٢٩ی بانەمەڕ بەڕێوەدەچێ تێبینی و خوێندنەوەی خۆی هەیە.
ناوبراو لەو پێوەندییە‌دا بە ئاماژەدان بە هەلومەرجی سیاسی ئێستاکەی ئێران و، بە هەڵسەنگاندنی بەربژێرانی سەرۆک‌کۆماری کە هیچ کامیان پلان و بەرنامەیەکی وایان نیە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە سیستمی کۆماری ئیسلامی‌دا، لەو بارەوە ڕایگەیاند کە بە لەبەرچاوگرتنی جێبەجێ نەکردنی وادە و بەڵێنیەکانی سەرۆک‌کۆماری دەوڵەتی یازەیەم حەسەن روحانی کە هیچ هەنگاوێکی جیددی هەڵنەهێناوە بۆ ئەوەی وادە و بەڵێنیەکانی خۆی بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە، هەروەها بە هاتنە ئارای کۆدەنگی‌یەک لە نیوان لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکان لەم قوناخە هەستیارەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەشداریی کردن لە کۆدەنگی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە کاری هاوبەش و هاوهەڵوێستی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەمیشە پاڵپشتی دەکا.
ناوبرا لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی دا، ئەو دەرفەتانەی کە لە کەشوهەوای هەڵبژاردنەکان لە ئێران و کوردستان دێنە ئاراوە بە باش زانی، بۆ ئەوەی کە خەڵک و بەتایبەتی چالاکانی نیو خۆ و ڕێکخراوە سیاسییەکان بتوانن بۆ بەرزکردنی ویست و داخوازییەکانی خۆیان کەڵکی لێ وەربگرن.
شایانی باسە رۆژی چوارشەممە ٢٧ی بانەمەڕ کۆبوونەوەیەک لە چەندین پانێلی جیاجیا بۆ نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەندین رۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسی کورد لە سەر پرسی هەڵبژرادنەکان، لە کاناڵی ڕووداو بەڕێوەچوو.