٢٥ سپتامبر ڕۆژێکی زێرین بۆ کوردەکان بە گشتی و بۆ باشووری کوردستان بە تایبەتی

ئەمرۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٠٧ ـ ٠٦ ـ ٢٠١٧ لە کۆبوونەوەیەکی هێزە سیاسی‌یەکان و حیزبە کوردی و خەباتکارەکانی باشووری کوردستان و بە سەرپەرەستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕێزدار کاک مەسعوود بارزانی دوای دانیشتن و تاوتوێ کردنی باسەکانیان و گۆرینەوەی بیرورای خۆیان هەموویان یەکدەنگ ساخ بوونەوە کە رۆژی ٢٥ ی سپتامبری ٢٠١٧ بکەنە ڕۆژی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
لەو پەیوەندی‌یەدا لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە راستەوخۆ ڕۆژی ٢٥ ـ ٠٩ ـ ٢٠١٧ وەک ڕۆژی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان راگەیاندرا و ئەوەی جێگای ئاماژەیە کە جیا لە حیزبە کوردی‌یەکان چەندین حیزبی دیکەی نەتەوەکانی دیکەش وەک حیزبەکانی ئاشووری و تورکەمەن پشتیوانی خۆیان لەو بریارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
شایانی باسە کە لە ماوەی نزیک بە ١٠ ساڵی رابردوو دا حکوومەتی ناوەندی عێراق لە سەر دوو ناوچەی کەرکووک و شەنگال بەڵێنی ڕێفراندۆمی دابوو و پرسیار ئەوە بوو کە ئایا دانیشتووانی کەرکووک و شەنگال دەیانهەوێ سەر بە هەرێمی کوردستان بن و یا سەر بە حکوومەتی ناوەندی. هەر بۆیە ئەم دوو ناوچەیەش تێکەڵ بە ڕێفراندۆمی ٢٥ ی سپتامبر دەبن.

لە سەریەک ئەم بریارە بۆ هەموو کوردەکان بە گشتی و بە تایبەت ئەوانەی چاویان لە سەربەخۆیی کوردستان و باشووری کوردستانە، جێگای دڵخۆشی‌یە و کوردەکان بە گشتی دەبێ بۆ وەدیهێنانی خەونی سەربەخۆیی و ڕێفراندۆم هەوڵی بێ‌پسانەوە و بوێرانە بدەین، لە لایەکی دیکەشەوە سەربەخۆیی خوازان نابێ لە نەیارانی سەربەخۆیی کورد کە لە هەموو بەشەکان دوژمنی کوردەکانی بەشەکانی خۆیانن بترسن . تورکیە، ئێران، عێراق و سوریە بە تووندترین و دڕندەترین شێوە کوردەکانی نیشتەجێی وڵاتی خۆیان دەچەوسێننەوە و ئەوان بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە دۆستی کوردن، دەستی دۆستایەتی بۆ کوردەکانی پارچەکانی دیکە لە سینگ دەدەن، ئیمە نابێ لەوە غافڵ بین کە دوژمنانمان هەروا دەست لە سەر دەست دادەنێن و هیچ ناکەن بەڵکوو ئەوان دیسان هەوڵی بنکۆڵ کردنی ئەم بریارە بە شێوازی خۆیان دەدەن.
بە هیوای ئەوە کە بە چاوی کراوە و بە ورە و ئیمان بە سەربەخۆیی کوردستان هەموو هەوڵەکانی دژبەران و نەیاران و دوژمنانمان پووچەڵ بکەینەوە.
بۆ پێشەوە بەرەو ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان. بەڵێ بۆ ڕێفراندۆم و بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان