ڕێبەری حدکا و حدک ئەگەر کەیفیان لێبێت، بە دوو کۆبوونەوە حیزب دەخەنەوە سەریەك! ، محەممەد سولێمانی

ئەو جاریش دیداری ئاست بەرز لە نێوان دوو دەفتەری سیاسی و دوو سکرتێر و دوولایی ئەندامانی دەفتەری سیاسی حدکا و حدک دا، بەڕێوەچوو و بەگوێرەی سەرچاوەکانی پەیوەندیدار،ئەو ڕۆنیشتنە بۆ مەبەستی وەگەڕخستنەوەی” مەلەفی” یەکگرتنەوەی حیزب ئەنجامدراوە و، زۆر بە ئیجابی و گرینگ تەماشادەکرێت. لەو پەیوەندییەدا پرسیار گەلێك فرەن و، بەڵام تەنیا پرسیارێك دەکەین! ئەگەر بەڕاستی هەر دوولاوەك یەك و بەدڵەوە کاردەکەن بۆ وەسەریەك خستنەوەی حیزب و وەك لە بەرچاوی میدیادا باسدەکرێ و دەڵێن گوایە بەتەواوی موشتاقی یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێمۆکڕاتن، ئەی بۆچی تا ئەمڕۆش ئەو دیدار و کۆبوونەوانە ئەکامێکی ئەوتۆیان نەبووە؟ بەروویەکەی تریدا بڵێین ئەگەر ئەوەندە پشووتان خۆشە بەتەکگرتنەوە بۆ بەجدی کاری بۆ ناکەن و هەر ئەمڕۆ و سبەی پێدەکرێت و بۆ تە پرسێكی هەڵاوەسراوی نێوان دووبەرداش؟ بێگوومان پێناچێت بەوجۆرە دانیشتن و قاوە خواردنەوە و گفتوو گۆی خۆش و پڕ لە نوکتە، مەسەلەکانی پەیوەندیدار یەك لایبکاتەوە و ئومێد و چاوەڕوانی هەموولایەك بەو سانایە بەدی بێت! ئەگەر باس لە زەمینە سازی و هەلومەرجی شیاو بکرێ و بە هۆکاری بنەڕەتی تەماشابکرێت، بابەتێکە بەتەواوی لە شوێنیخۆیدایە. بەڵام بەگوێرەی بیروڕا و سەرنجی سیاسی و تەشکیلاتی دوولایەنی دێمۆکرات لە بەرچاوبکیرێ، لە ئێستادا لایەنگرانی وەسەریەكخستنەوەی حیزب زۆرینەی تەواو ڕەهای هەیە. کەوابوو ئاکامی ئەو لێکدانەوەسەرپێیە ئەوەیە کە بۆچی ئەو پرسە هەستیار و نەتەوەیە ئەو دەستەو دەستی پێدەکرێ! ڕەنگە جەوهەری ئەو مەسەلەیە زۆرتر پەێوەندی بە هێندێك گرێبەست و خاڵی تایبەتی یەوە هەبێت و ئەو دەستە و لایەنەی بە شێوەی گشتی بیر لە دەسەڵات و داهاتووی کورسی بکاتەوە لە نێو هەر دوولادا، لە حیزبی گەورەو بەهێزدا بابەتەکەی ڕەقتر و دژوارتر کردبێ. هەموومان لە ئۆرگانەکانی خوارەوە پێمان خۆشە، حدکا و حدک ببنەوە بە هێزێکی بەهێزتر و کاریگەرتر لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەیدا و، خەباتی مافخوازی لە هەموو وەختێك زیاتر نیازی بەیەكڕیزی و هاوپشتی و یەكدەنگی نیشتیمانی هەیە. کاتێك یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی هێزە سیاسی و تێکۆشەرەکانی کوردستان بەدژی حکوومەتی ئاخوندی ئێران شوێن و کاریگەری بێ وێنەی لەسەر شەقامی کوردی دروست دەکا و لەو کاتانەدا ڕێژیم توشی نیگەرانی و ترس دەبێتەوە لە بەرانبەر بێزاری و ناڕەزایەتی جەماوەری ستەمدیدەی کوردستان. چوونکی دوژمن زۆر باش لە توڕەی یەكگرتووانەی چین و توێژەگەلیەکانی کوردستان نیگەران دەبن و کۆدەنگی نیشتیمانی و هاوپشتی کە هەموو ڕەنگ و فیکرەکان لە نێویدا دەردەکەوێت، دەسەڵات حیسابی لەسەر دەکا. گرینگی یەكگرتن و بەهێزبوون لە یەكتر قبوڵکردن و هاوکاری و یەكدڵیدایە. ڕەنگە کارکردن لە نێو حیزبێکی گەورەتر و بەهێزتردا بۆ هەموو لایەك جێگای دڵخۆشی و بەشانازی بزانین و هەربۆیە دەبێ هەموو لایەك بەکردار بۆ ئەو مەبەستە کار بکات. ئومێد دەکەین چیدیکە ڕێبەری دوولایەنی دێمۆکڕات بە بەهانە و بیانووی دیاریکراو خۆیان لە گەشەپێدانی ڕەوتی یەکبوونەوە نە دزنەوە و بوێرانە بڕیاری سیاسی و تەشکیلاتی سەبارەت بە یەکگرتنەوەی حیزب بدەن. مادام ئێستا پەیوەندییەکان گەلێك باشن و کاتێك لە دەوری یەكدا کۆدەبنەوە و، کاتەکە بە سەیر و سۆحبەت و دیالۆگ بەرێدەکرێ، لازمە ئاورێکی خێرا و جدی و بەهەستێکی بەرزی نەتەوەی ونیشتیمانی دوا بڕیار بدرێ و وەك موژدەیەك بەخەڵکی کوردستان ڕابگەیەندرێت. زۆر بەداخەوە کە ئەو بابەتە بەو جۆرە کراوەتە خۆراکی نێوان دووبەرداش و بەو هیوای چیتر ئەو کۆنگرە و کۆنگرەی پێنەکرێ. لە ڕاستیدا زۆر جێگای داخە کە هەموومان لە داوێنی دێمۆکڕاتدا گەورە بووین و پێگەیشتوون و ڕابردوو و سەروەری زۆرمان بەیەکەوە تۆمارکردوە لە مێژووی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەچی ناتوانین لەسەر باسێك قەرار بدەین کە پەیوەندی بە ئایندەی گەلەکەمانەوە هەیە. “دەمێک بوو دەم و دەستی خۆمگرتبوو کە بەلای ئەو باسەدا نەچم، بەڵام ئەو جاریش دڵی دۆستانم و هاوڕێیانم لە خۆم نەڕەنجاند و هاتمەوە سەر باسی جاران”! هەروەك ئاشکرایە نێو بەنێوە بابەتی یەکگرتنەوەی حیزب وەك پرسێکی گرینگ سەرهەڵدەدا و پاش چەند شەو و رۆژێك دیسان وەك ئەوەی پێویستی بە پشوو درێژی و حاوانەوەبێ، لە بەرچاوی هەمووان بزردەبێتەوە. سەبارەت بەپرسی یەکبوونەوە، ئێستا لە ساڵانی ڕابردوو زۆرتر بەرچاوروونی پەیدابووە و شیاو نابێت بەهۆکاری فەنی و هونەری خۆڵبکرێتەوە چاوی خەڵک و تەشکیلاتی ئاشکرا و نهێنی دوولایەنی دێمۆکرات.” ڕێبەری حدکا و حدک ئەگەر خۆیان کەیفیان لێبێت بە دوو کۆبوونەوە ئەو پرسە یەك لایدەکانە وە دوابڕیار لە بارەی یەکگرتنەوەی حیزب دەدرێ”. وەك دەبینین کێشەکە لە ئاستی بەرزی بڕیارداندایە و بەداخەوە نەتوانراوە بەدڵی خەڵك کۆتا قسەی خێر بکرێ. بەڕاستی ئەگەر کورسی و دەسەڵات ئەوەندە بەنرخ نیە بەلاتانەوە، یەکبوونەوە بکەنە مووژدە بۆ گەلی کورد.

محەممەد سلێمانی