بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان بەگشتی هاو شێوەی یەکن! محەممەد سلێمانی
سەرهەڵدانی زۆربەی شۆڕشە سیاسی و مێژوویەکانی کوردستان کە روویانداوە لە زۆر بواردا لێك نزیکن و پێکچوونیان پێکەوە هەیە و تەنیا شکەستەکان دەتوانێت لێکیان جیابکاتەوە، دەنا ئامانج و ستڕاتیژی زۆربەیان سەرچاوەی هەست و خواستی خەڵکی تێکۆشەری کوردستانن. بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان بەگشتی هاوشێوەی یەکن و ئەگەر تۆزێك ئاوڕ لە ڕابردووی قۆناخە مێژوویەکانی بەرخۆدانی گەلی کوردستان بدەینەوە، ڕەنگە ئەو کات باشتر نێوەڕۆکی دێرەکانی سەرەوەمان بۆ دەربکەوێت.
گەلی کورد زۆر جار لە لوتکەی سەرکەوتندابووە و بەزۆر دەسکەوتی گرینگی گەیشتووە، بەڵام هەموو جارێك بە قەرارێکی سیاسی کە زۆربەیان زادەی ناکۆکیە نێوخۆیەکانبووە ، بەداخەوە هەرەسی گەورەی بە تێکۆشان و رەوتی خەباتی خۆی لە چوار چێوەی کوردستان گەیاندوە و دووچاری شکەست و پاشەکشێیکردن هاتووە لە ئاستی داگیرکەرانی کوردستاندا.
لەڕاستیدا سروشتی گەشەکردن و پەرە ئەستاندنی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی لە هەرچوار بەشی کوردستاندا لە رووی فیکری و داهێنان و ئامانج و خوێندنەوەی بۆ ژینگەی سیاسیەوە زۆر پێکەوە گڕیدراون و کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر یەکدی هەبووە و هەر جۆرە پاشەکشەیەك کە لە نێو شۆڕشدا ڕوویدابێت، بە دڵنیایەوە شوێنی خراپی لە سەر خەباتی بەشەکانی تری کوردستانیش هەبووە. چوونکی شۆڕشەکانی کوردستان بەشێوەی گشتی لە دایك بووی ئەو بارودۆخەن کە بە درێژایی مێژوو ستەمکارانی کوردستان بە سەر گەلی کوردیاندا فەرزکردوە و بە رێگای توندوتیژی و هێزدا کێشەکانیان بەقازانجی خۆیان یەك لایکردۆتەوە و درێژەیان بە حوکمڕانی لە سەر بنەمای پەراوێزخستن و پەرتاوی نژادی بە دژی نەتەوەی کورد داوە و ئەو بیرکردنەوە شۆڤێنیە ئێستاش ئیدامەی هەیە و گەلی کورد بە هاووڵاتی پلە دووهەم لە وڵاتەکاندا سەیر دەکرێت.
ئەرکی هێزە سیاسی و سیاسیەکانی کوردستانە لە سەر کۆمەڵێك چەمکی نەتەوەیی و هێڵی خێرای گەیشتن بەمافەسیاسی و کۆمەڵایەتیەکان وەك بژاردەی گرینگ و چارەنووس ساز بخاتە پێش چاوی نەوەی نوێ هەتا ساناتر بۆ ڕزگارینەتەوەی خەبات بکەن و کاریگەریان لە سەر هەلومەرجی نێوخۆی هەبێت. گەلی کورد و بزووتنەوە سیاسی و نیشتیمانیەکانی لە بەر کێشە و خۆخۆری سیاسی و نەتەوەیی و پشبەستن بەدوژمنی خاك و خوێنی نەتەوەیی، وەك پێویست نەیوانتوانیوە ئەو دەسکەوتە گەورە و بەنرخانەیش بپارێزەن کە بە خوێنی ڕۆڵە ئازا و تێکۆشەرەکانی کوردستان بەدی هاتوون و لەو پەیوەندیەدا بە هۆی لەدەستدانی دەرفەت و خۆبەزلزانی و پاوانخوازی بەرانبەر بە خۆیان، کورد بۆی نەلواوە لە هەنگاونانیدا بەرەوپێشەوە بڕوات و ژێرخانێکی گرینگی نەتەوەیی لە سەر بناخەی ستڕاتیژی گەل بنیات بنێت و تاکتیکی خەباتەکەی دژایەتی و تێکۆشان بێت بەدژی دوژمن. سیاسەتی کورد زۆر جاران لە بەرژەوەندی نەیارەکانیدا، بەدژی هەلومەرجی زێڕینی خۆی قەرار و بڕیاری سیاسی دەرکردوە و زیانی گەورەی بە هەنگاوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیەکانی لە کوردستاندا گەیاندوە. ڕەنگە زۆر کەس ئەوە بپرسێت کەی و لە کوێ روویداوە، ئەگەر تۆزێك کات بەخۆمان بدەین و بڕۆین مێژووی روداوەکانی کوردستان بخوێنینەوە ئەو کات زۆر باشتر هەست بەو گیروگرفتە گەورەیەی کورد دەکەین.
ئەگەر کورد و شۆڕوشەکەی لە سەر ئەو هێڵە مەترسیدار و سیاسەتی دژ بە خۆی بەردەوام بێت، کورد زیانی زۆری بەردەکەوێت و ڕەنگە بەو سانایە خۆی بۆ نە گیرێتەوە و نەتوانێت خەباتەکەی پەرەپێبداتەوە و پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستان بکا. دوژمنانی کورد سەرباری گرژی و ناکۆکیە سیاسیە لە مێژینەکانیان کە پێکەوە هەیانە، بەڵام زۆر بە خێرایی بە دژی کورد و رەوتی خەباتی سیاسی ئەو گەلە لێك نزیك دەبنەوە و بە هاوبەشی دژایەتی خواست و مافە سیاسی و نەتەوایەتیەکانی کورد دەکەن و زۆر کاریگەرانە گەمارۆ دەخەنە سەر بەرخۆدان و خەباتی سیاسی و دیپڵۆماسی کورد.
خۆپێشاندان و ڕاپەڕینە جەماوەریەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش لە ئێستا دا نەیتوانیوە هێزەکانی ئەو بەشەی کوردستان لە دەوری یەك کۆبکاتەوە. کاتێك باس دێتە سەر قسەی جوان و شەریفانە، هەمووی شاکاری پێیە و بەڵام لە کرداردا فاسیلەکان ئەوەندە زۆرن هەر بۆ باسکردن نابن.
ئەمڕۆ ڕۆژی تەبای و یەكدەنگی و هاوپشتی سیاسیە لە هەر چوار بەشی کوردستاندا.
خەڵکی تێکۆشەر و ستەمدیدەی ڕۆژهەڵات لە هەموو وەختێك زیار نیازی بەیەكڕیزی هێزەکانیەتی.
محەممەد سلێمانی