چەند بیرەوەری من و جامانەکەم. سەلاح شەشە

لە بیرم نییە کە یەکەم جامانەم چۆن دەسکەت، هێندەی نامابو شا هەڵی لە کاتی خۆپێشاندنەکان دا لەملم دەهاڵاند و جار جار لە قەدەم دەبەست کە گازی فرمێسکیان

پێدادەداین لە دەموچاوم دەبەست.

دووکانەکەمان جیرانی حەمامی زەند بو ئێواران جامانەکەم لە دیوێکی گەرم و هەڵماوی حەمام دا هەەڵداوەسی کەمێک خاو دەبۆوە و زۆر جوان دەپێچراوە و درەنگ خەرا دە بو لە سەر چۆکم دەمەبەست و لە سەرم دەنا، کوڕەکانی تیمی تۆپێنی مەهاباد لە چایخانەکەی ئەوبەری خەیابان کۆدەبۆنەوە جامانەم بۆ زۆربەیان دەبەست بە تایبەت شەهیدان حەسەن سۆهرابی و پیرۆتی رەحمان خاکی.

1979.08.16 لە سەر چۆمی سێروێی ناوچەی مەرگەوەڕ جامانەکەی کاک دوکتور قاسملوم بەست لە سەری نا لە ئاوێنەی ماشینەکە سەیری خۆی کرد پێی زۆر گەنجانە بوو بە دڵی نە بوو خەرای کرد و بە شێوەی خۆی لە سەرنا منیش گوتم وەک من پێوەی جوان نەبووی بۆیە خەرات کرد، وتەکەی منی بۆ ئاغا شکاکەکان گێڕاوە هەموو پێکەنین.

1979.04.25 لە کشانەوەی شەڕی نەغەدە دا شەو منداڵێکی ئاوارەم بە جامانەکەم لە کۆڵم بەست 1979.09.00 لە کاتی گەڕانەوە لە شەڕی پاوەدا شەوێکی سارد لە دۆڵی خۆرماڵ ماینەوە من و شەهید کەماڵ رەزمان پشتمان پێکەوە ناو و جامانەمان بە خۆمان دادا.

رەشەمەی 1979 لە شەڕی ئاوای باخڵەی کامیاران من و شەهید سمایل خزری (رزگار) کەوتینە نێوان پێشمەرگەو جاشەکان هەردووک لا تەقەیان لێ دەکردین ناچاربوین لە قوڵای چۆمی بەر ماڵان بپەرینەوە سێلاوی دوای باران بو لە نێوە راست چۆمەکە دابوم ئاو لە سەر سنگم بو خۆمپارەیەکیان لە نێوان من و سمایل دا گولەکە نەتەقێوە بەڵام شەپۆلی ئاوەکە هەردووکمانی قوم کرد ئاو رزگارو جامانەکەی منی برد . من و رزگار نەجاتمان بو و جامانەش سێڵاو بردی.

1980.04.30لە شەڕی سنە دا جامانەکەم بە خوێنی شەهید جەبار کۆکەیی خوسابو و شەهید حیسام ئەسعەدی لێی وەرگرتم لەشی شەهید بختیار نادری پێ بەست.

1982.05.17 لە مەهاباد لە شەڕێک دا بە نارنجۆک و گولە هەموو گیانم بریندار بو برینی سینگم زۆر گەورە بو کاک … و شەهید محەممەد کاکەڕەشی بە جامانەکەم بۆیان بەستم و دوای نیزیک بە ١٨ کاتەژمێر بە سینگمەوە رەق هەڵات بوو بە مقەست بڕیان و لە سینگمیان کردەوە.

لە پاییزی 1980 دا لە کەمینێک لە باغەکانی رێگای مەهاباد گوێکتەپە دا بەری بەیانی لە سەرمان هەڵدەلەرزیم و بۆ ئەوەی شەقە شەقی ددانم نەیە لکی جامانەکەم دە زارم نا و شەویلکەکانم شل بون نەمهێشت دەنگیان بێ.

لە نێو دار قەیسێکانی قاوەخەنەی عەوڵاکوردە دا لە بەر مێشان جامانەکەم بە شێوەی پۆپشمینەکەی بابم بە سەر خۆم دادەدا.

من و هاورێ جامانە زۆر بیرەوەی دیکەی تاڵ و شیرینمان هەیە با بمێنێ بۆ دەرفەتێکی دیکە و نهێنێکانیشمان دەگەڵ خۆم دەبەمە گۆڕ.

جامانە گیان ئێستا بوی بە سومبوڵ و لە یادکرنەوەی جێژنی نەتەوەیی نەورۆزدا دەوری سەرەکیت هەیە و بوی بە باقەبێنی پەندی پێشینیان و هەموو شولکەکانت لێک بەستۆ و دڵنیام کە بە کەس ناشکین و بۆ هەمیشە وەک تاجی سەری پێشمەرگە دەمێنیەوە.
نەورۆزی جامانەکان 2017