کوردستانم بۆ بینەوه . شێعری جەلال مەلەکشا

که خۆم ناسی !
وتم :دایه ئەمن کێم و چیم؟
خەڵکی کام شار کام وڵاتی سەر زەویم؟

وتی رۆڵه:
تۆ کوردی و دیل و هەژاری
نیشتمانت کوردستانه
بەڵام ناوی نیشتمانت له سەر نەخشەی
جوغرافیایی جیهان نییه بێ نیشانه.
وتم: دایە باوکم کوانێ؟
بۆچی هەرگیز دەستی حەزی نەگووشیوم؟
بە کام تاوان من هەتیوم؟
وتی: ڕۆڵە ڕۆژێ کاتێ داگیرکەران شاریان سووتاند
تفەنگی مافی کردە شان
ڕووی کردە ئاسۆی سەربەستی
لێزمەی خوێنی گەشی لەشی
بە سەر لێوی خاکا پژاند.
وتم: دایە ئەی براکەم؟
شەپۆلی خەم ئاوی ماتەم،
گۆمی چاوی پڕ کرد لە ئەستێرەی فرمێسک
وتی: ڕۆڵە لە کازیوەی وەرزی ڕەشا
لاشەیان کردە نیشانە
سەری کاسی خەمەکانی بردە ژێر خاک
گیانی پاکی کردە فیدای، سەربەستی ئەو کوردستانە
b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_kchi_kurd.jpgوتم: دایە ئەی من چ بکەم
هەستا سەر پێ
تفەنگێکی بڕنۆ کورتی بزمار ڕێژی دایە دەستم
وتی: ڕۆڵە هەی هۆی ئاوات و مەبەستم
دەیان ساڵە لە چوار لاوە کوردستان دیل و یەخسیرە
دەست و پێی زەنجیر کراوە
ڕێبازی خوێن بگرەو و بڕۆ
دۆعای گەلی چەوساوەی کورد لە پشتی تۆ
سنوورەکان بشێوێنە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با بە دەوریا بسووڕمەوە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با دانیشم لەتە لەتە وڵاتەکەم بدورمەوە