بەیاننامە: بە بۆنەی کۆچی دوایی جەنابی سادق وەزیری

هاونیشتمانە بەڕێزەکان!
خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!
بەداخێکی گرانەوە ئاگادار بووین کە ئەم بەیانییە، چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرامبەر  ٢٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرامبەربە ١١ی ئاوریلی ٢٠١٨ی زایینی کەسایەتیی ناوداری سیاسی و کۆمەڵایەتی و حوقووقیی کورد جەنابی صارم الدین صادق­وزیری لە تەمەنی 97 ساڵیدا لە شاری “ڤێ ڤێ”ی وڵاتی سویس کۆچی دوایی کرد. سارم خان لە بنەماڵەی گەورە و بەناوبانگی وەزیرییەکانی شاری سنە بوو کە هەروەک بنەماڵە نەخشێکی مێژوویی و گرنگیان لە خزمەتی بەرەوپێشبردنی هەمەلایەنەی کۆمەڵی کوردەواری بەتایبەتی لەوشارە و لەو ناوچەیەدا هەبووە.

صارم الدین صادق­وزیری وەک خۆی کەسایەتییەکی لێوەشاوە و هەڵکەوتە بوو کە هەم لە بوواری حوقووقی و هەم لە مەیدانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردی و ئێرانیدا جێ­پەنجەی بە پتر لە نیو سەدە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە دیارە. ئەو مافناسێکی ئەوەندە بەتوانا و ناسراو بوو کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ بوو بە ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەریی کانوونی وەکیلانی دادگوستەریی ئێران و لە هەموو دەورا نی کاری قەزایی خۆشیدا خزمەتی بە جێگیرکردنی عەداڵەت و دیفاع لە مافی زۆرلێکراوان کرد.

لە مەیدانی تێکۆشانی سیاسیدا سادق­وەزیری لە ڕیزی پێشەوەی چالاکانی بوواری خەبات دژی زۆرداری و کۆنەپەرستی لە ئێراندا بوو و هەربۆیەش بۆ ماوەیەکی درێژ کەوتە زیندانی زۆرداری و تەنانەت حوکمی ئیعدامیشی بەسەردا سەپا. ئەو لە خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانیشدا نەخشی بەرچاوی گێڕا. دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان یەکێک لە دیارترین ڕووناکبیران و سیاسەتمەدارانی کورد بوو کە قۆڵی هیممەتیان بۆ وەگەڕخستنەوەی خەباتی ڕزگاریخوازانە و زیندووکردنەوەی ڕێکخراوەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هەڵماڵی. هەر بۆیە لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بەڕادەیەک خۆشەویست و جێی متمانە بوو کە ساڵی ١٣٣٠ وەختێک لە هەڵبژاردنی دەورەی حەڤدەهەمی مەجلیسدا لە حەوزەی مەهاباد خۆی کاندید کرد دەگەڵ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیە نەبوو، زۆربەی نیزیک بە تەواوی دەنگەکانی ئەو حەوزەیەی بەدەست هێنا.

دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و دامەزرانی کۆماری ئیسلامییش سارم خان هەموو توانا و لێهاتوویی خۆی بۆ خزمەت بە مەسەلەی کورد تەرخان کرد، بە هاوکاریی هێندێک لە دڵسۆزانی کورد لە تاران “کۆمەڵەی کوردانی دانیشتووی مەرکەز″ی دامەزراند و بەردەوام دەگەڵ تێکۆشەران و ڕێکخراوە کوردییەکان بەتایبەتی دەگەڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و شەخسی دوکتۆر قاسملوو کە بە نهێنی لە تاران دەژیا لە پێوەندیدا بوو. پاییزی ساڵی ١٣٥٨ دوای دەرچوونی پەیامی ٢٦ی خەزەڵوەری خومەینی کە بەڕواڵەت ڕێگا بۆ وتووێژ لە نێوان بزووتنەوەی کورد و دەوڵەتی ناوەندیدا ڕەخسابوو سادق­وەزیری وەک مافناسێکی گەورە زۆری هاوفکری لەگەڵ دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد کرد و سەرنجامیش بۆخۆی هاتە مەهاباد و لەوێ گەڵاڵەی ٢٦ ماددەی دەستەی نوێنەرایەتیی گەلێ کوردی ئامادە کرد.

ئاغای سادق­وەزیری پاش ئاوارەبوون لە ئێرانیش هیچکات دەستی لە هەوڵدان بۆ مافی نەتەوایەتیی کورد و ئازادیی خەڵکی ئێران و هاوکاریی لەگەڵ تێکۆشەرانی کورد و ئێرانی شل نەکرد و تەنانەت بۆ چەند مانگێکیش وەک نوێنەری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە شووڕای نیشتمانیی بەرگریدا کاری کرد. لە دوای دەرچوونی حیزب لەو شووڕایەش سارم خان هەمیشە دەگەڵ سات بە ساتی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان دەژیا، هەرگیز پێوەندیی دەگەڵ بزووتنەوەی کورد بەتایبەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان نەپچڕا و غەمی نیشتمان و نەتەوەکەی هەمیشە هاودەمی ڕۆژان و شەوانی بوو تا سەرەنجام زۆر بەداخەوە: “ڕۆیی پێش وەی ببینێ کورد ئازاد”.

بەم پێیە بەهەق لەدەستدانی جەنابی صارم الدین صادق­وزیری کۆستێکی گەورە و خەسارێکی قەرەبوو نەکراوە. یادی ئەو تێکۆشەرە مەزنە بۆ هەتاهەتایە لەلای هەموو دڵسۆزێکی کورد و هەموو ویژدانێکی زیندوو بە نەمری دەمێنێتەوە و هەڵدەگرێ خەباتگێڕانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان ژیان و ئاکار و ڕەفتار و ئەفکاری ئەو پیاوە بکەنە سەرمەشق و ڕێنوێنی ژیان و خەباتیان. ڕووحی شاد و یادی بەخێر بێ.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیەوە وێڕای دەربڕینی داخ و کەسەر لە لەدەستچوونی ئەو سەرمایە مەزنە سەرەخۆشی لە خێزان و کەسوکارەکەی، لە بنەماڵەی گەورەی وەزیرییەکان،لە تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری و بەختیاری، لە کۆمەڵگای حوقووقیی کوردستان و ئێران و هەموو خەڵکی کوردستان دەکا و سڵاوی ڕێز و وەفاداری بۆ گیانی پاکی ئەو گەورەپیاوە دەنێرێ. بەئاواتی وەدیهاتنی ئامانجە بەرزە ئینسانییەکانی.

دەفتەری سیاسیی

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

٢٢/١/٩٧ (١١/٠٤/٢٠١٨)