ڕێگە مەدەن ڕێژیمی ئێران گیانی بەندییەکی سیاسیی دیکە بستێنێ!

حەوتووی رابردوو، “دیوانی بەرزی وڵات” حوکمی زاڵمانە و ناڕەوای ئێعدام لە بارەی بەندی سیاسیی کورد رامین حوسێن پەناهیی پەسەند کردەوە.

حوکمی ئێعدامی رامین حوسین پەناهی یەکەم جار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ ژانویەی ٢٠١٨ی زایینی، لە لایەن بە ناو “دادگای شۆرش” لە شاری سنه، بە سەر ئەو بەندییە سیاسییە کوردەدا سەپێندرا. ئەوحوكمە لە كاتێك‌دا بە سەر ڕامین‌دا سەپێندرا کە ناوبراو تەواوی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و پێکهاتنی پەروەندەکەی بە برینداری و لە ژیر ئازار و ئەشکەنجەدا تێپەڕ کردبوو. ئەو بەناو دادگایەش کە بۆ موحاکەمە کردنی ئەو پێک هاتبوو، تەنیا یەک جار کۆ بۆوە! هەر ئەو کات دەرکردنی حوکمی زاڵمانەی ئێعدام بۆ رامین حوسێن پەناهی بووە هۆی سەرسوڕمانی وەکیلەکەی، حوسێن ئەحمەدی نیازو سەرجەم ناوەندەکان و چالاکانی بەرگری لە دادپەروەری و مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران‌دا.

پەسندکرانەوەی حوکمی ئێعدامی ئەو بەندییە سیاسییە کوردە لە لایەن “دیوانی بەرزی وڵات” نیشاندەری ئەو راستییەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دوای پەرەگرتنی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لە ئێران و بە تایبەتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکان، بۆ چاوترساندنی خەڵکی وەزاڵەهاتوو، هەر وا کە لە کوشتنی خۆپێشاندەرەکان لە ژێر ئەشکەنجە دا دەستی نەپاراستوە، دەیەوێ لە ئیعدامی بەندییە سیاسییەکانیش دەست نەپارێزێ.

ئێمە لە هەموو ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی جیهان داواکارین بە دەنگ هاواری بنەماڵەی رامین حوسێن پەناهی و بانگەوازی چالاکانی مافی مرۆڤ و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بێن. داوای بەپەلەیان لێ دەکەین بە مەحکووم کردنی پەسندکردنەوەی حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن پەناهی و گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لەو پیوەندییەدا، پێش بە مەترسیی ئێعدامی ئەو لاوە کوردە تێکۆشەرە بگرن. هەر لەو کاتەدا داوا و چاوەڕوانیمان ئەوەیە سەرنج و بایەخێکی تایبەتی بە چارەنووسی ئەو گیراوانە بدەن کە بە دوای خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی رابردوولە لایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، خوزستان، تاران و شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران گیراون و لە گەڵ مەترسیی مردن لە ژێر ئەشکەنجە و چارەنووسێکی نادیار بەرەوڕوون.

هەر لەم دەرفەتەش کەلک وەردەگرین بۆ راگەیاندنی سپاس و پێزانینی خۆمان هەمبەر هەموو ڕێکخراوە مەدەنییەکان، پارێزەرە بوێرەکان ، چالاکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ و میدیاکارانی ئازادیخوازلە نیوخۆ و دەرەوەی وڵات کە لە پێوەندی لە گەڵ چارەنووسی رامین حوسێن پەناهی و گیراوانی سیاسی و مەدەنیی دیکە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا، بێ ماندووبوون چالاکی دەکەن.

 

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

(پێکهاتوو لە:

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دیموکراتی کوردستان)

٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٧

١٣/٤/٢٠١٨