سەفەرەکانی پارس و کوردستان. نامەی ژمارە ٢٥، بەشی سێهەم

وەرگێرانی کەمااڵ حەسەن‌پوور
دوای جێهێشتنی کوولتەپە، دەوەن لە وڵاتی بێ دار دەردەکەون، و جگە لە سووتەمەنی ئاژەڵان هیچ شتێکی لێ نییە بۆ ئاگر پێکردنەوە. بۆم ئەم مەبەستە پەین زۆر لەوە بەنرخترە تا لەم دەشتانە بەفیڕۆ بدرێ. پیاوان بە گوێدرێژ دوای کاروانان دەکەون و لە توورەکاندا کۆی دەکەنەوە. ئەو حەوشانەی کە شەوانە گاڕان و ڕانەمەڕی لێ دەحاوێننەوە، ئێستا خاوێن کراونەوە و لە گشت گوندێک ژنەکان خەریکی لە قالبدانی شیاکە وەک کیزیک (تەپاڵە) یا کیکێکن کە ٣٠،٥ درێژ و نزیکەی ١٠ سانت ئەستوورن. ئەمانە، دوای وشکبوونەوە لە ژێر هەتاو، لە سەر یەک وەک گومبەز هەڵدەچندرێن کە زۆر جار زیاتر لە ٦ میتر بەرزن، و بەهەمان شت سواغ دراون. دروستکردنی ئەم سووتەمەنییە دەستکردە یەکێک لە گرینگترین پێشەسازییەکانی پارسە، و بەتەواوی بە دەستی ژنان دروست دەکرێ. ئامادەکاریی زەخیرەی زستان نێوان شەش تا چواردە حەوتووی پێدەچێ و کارێکی تەڕی سەختە. سووتەمەنییەکە گەرمایەکی زۆر دروست دەکا بەڵام زوو دەسووتێ. توانایی ئاگر گرتنەکەی بە تێکەڵ کردنی کا زیاد دەکرێ. لەم وەرزەدا، لە نێوان کەڵەکی زەبەلاح و ڕەشی سووتەمەنی و گومبەزی “پێداویستییەکانی” زستان لە سەر بانەکان، گوندەکان زۆر بە زەحمەت دەبینرێن.
مارشەکە بەرەو گاخەود پتر لە ٢٠ مایل (٣٢ کیلۆمیتر) تەختەڵانێکی سووتاو، قوڕی وشک و بەتاڵ لە خەڵکە. گاوخەود و گوندەکان بە درێژایی پەنجا مایل ئەولاتر بێ دیوارن (دیواری پارێزەر)، بەڵام هەرکام لە ماڵەکان، بە حەوشی ئاژەڵانیەوە، و ئاغەڵی سەرزەوی و ژێر زەوی، دیوارێکی پتەوی قوڕی هەیە کە کەمێک بەروە ژوورەوە شۆڕ بۆتەوە و خاوەنی دەروازەیەکی داخراو بە دەرگایەکی قورسی تەختەییە کە بە ئاسن بەهێز کراوە. ئاغەڵە مەڕەکانی سەر زەوی دەرگای ئەستووری بەردینیان هەیە کە میترێک دووجایە. هەر خانوویەک قەڵایەکە و لە سەرووی دیوارەکانییەوە جگە لە چەند دانە میچی هیڵانە هەنگی و ژمارەیەک گومبەزی ئالیکی زستانی لە سەر سەکۆیەکی ناوەندیی کە کەمێکی لەکار کراوە هیچ شتێک نابینرێ.
جلوبەرگی مێینەش جیاوازە. ژنەکان بێ لێچکە، نەترس، و جوان بە جلوبەرگی شێوەی مێگ مێریلیس (ژنێکی قەرەچی کتێبێکی نووسەری سکۆتلەندی گای مەنێرینگ)، سوخمەی ڕەشی بێقۆڵ، دامەنی سوور، و دەسرەی ڕەش لە دەوری سەریان هاڵاوە (شەدە و گێلگێلەی ئەو سەردەم). زۆر کەم بە فارسی قسە دەکەن و لەویش کەمتر تێیدەگەن، و گشت شتەکان دەریدەخەن کە سنووری پارسی ڕاستەقینە واتە پارسی فارسەکانمان تێپەڕ کردووە. گاخەود گوندێکی ٣٥٠ ماڵییە کە گەنم، جۆ، ترێ و کاڵەک بەرهەم دێنێ، و کاروانسەرایەکی لێیە کە لە سەر بەرزاییەک هەڵکەوتووە و سەردەمێک گەلێک نایاب بووە بەڵام ئێستا بانەکەی ڕووخاوە و وەک کەلاوەیەک دەچێ و گوندەکە هیچ ئاوێکی جگە لە جۆگەی ئاوداشتن نییە و دەکرێ بڵێن کە گوندێکی خۆشگوزەرانە.
ماڕشەکە بەرەو بابەڕەشان ٢٠ مایلە کە بە ناو دوڵێکی بێبەری ئاودێرییکراودا کە نزیکە یەک مایل (١٦٠٩ میتر ) پانە و گیا و گژی لێڕواوە و چەند گوندێک کە بیناکانی لە شێوەی کەندووی مێشهەنگوینن و گردی قوڕ لە هەردوو لا کە لە ٤٧ میتر بەرزتر نین تێدەپەڕێ. لە پردێکی خشتەیی کە ئاوێکی کەمی بە بندا دەڕۆیشت پەڕینەوە و بە ناو گوندی مەزنی تولوار تێپەڕین کە لەوێ ئەو پیاوانەی کە مردوویەکیان دەناشت بە ڕێزەوە لەسەر زینی ئەسپەکەم کولێرەی ناشتن کە بە کونجی تامخۆشکرابوونیان دانا، ئێمە بە گردە نەوییە بێ شیناوەردەکاندا هەڵگەڕاین کە زۆربەیان بۆ چاندنی زستانیی کێڵدرابوون تا گەیشتینە گوندی بابەڕەشان کە ١٨٠ خانووی هەیە و خاوەن ئاوی زۆرە. ئێمە بارمان لە لای چەند خێوەتی قەرە تەپە و کاروانێکی مەزن خست. تەپوتۆزی خەرمانەکان کە دەهاتە ناو شوێنی بارخستنەکەمان شتێکی بێزراو بوو بەڵام خۆ لێ لادانی نەبوو. لەم ناوچەیە ” ئامرازی کوتانی خەرمان کە ددانی تیژیان هەیە” کەڵکی لێوەرناگیرێ، بەڵام دەستەیەک ئاژەڵ، کە دەرزەنێک دەبن و پێکەوە بەستراونەوە، گامێش، مانگا، ئەسپ و گوێدرێژ، بە سەر گەنمەکاندا لێیان دەخوڕن.
من تووشی کەمایەسی خاوەنداریی خزمەتکارێکی ڕانەهاتوو بووم. ئەم ئێوارەیە یوهاننێس ڕایکردە ئەمسەر و ئەوسەر بە بێ بەرنامە، قەت کارێکی بە تەواوی نەکرد، سەعاتێک خەریکی چەنەلێدان بۆ کڕینی پەلەوەر بوو، نەیتوانی ئاگر بکاتەوە و لە ئاکامدا نەیتوانی چای ساز بکا، و من بێ ژەمی شەو خەوتم. هەمان سەرلێشێواوییە ڕۆژی دواتریش درێژەی هەبوو، بەڵام دوایە شتەکان باشتر بوون. هیچ ژیانێک وەک هی کەمپ خۆش نییە، بەڵام خزمەتکاری لێنەهاتوو کەمایەسییەکی مەزنە.
ڕێپێوانێکی وەڕەزکەری تر کە ٢٠ مایل بە سەر کەند و لەند و بەناو خڕێک کە ئەمبەر ئەوبەری گردی قوڕە، کە لە سەر ترۆپکەکانی بەردی شکاو دەبینران و دوای تێپەڕین بەناو هەندێک تەپۆلکەی بەردینی خاوەن دیمەن گەیشتینە ئەستێرێک لەناو چیایان کە شاری گرینگی بیجاڕ لە ناو داری سنەوبەر، شۆڕەبی، قەیسی و باغی مێو هەڵکەوتووە کە دەڵێن ٥٠٠٠ دانیشتووی هەیە. ئەوێ حاکمی خۆی و ناوچەی دەوروبەری هەیە و خاوەنی سەربازگەیەکە کە تیپێکی تۆپخانەی لێیە بە ١٠٠ سوارەوە تا کوردە سەرکێشە سنوورییەکان بێننە ژێر ڕکێف. شارەکە دیواری ڕووخاوی گڵیی هەن، بازاڕێکی ئاسایی نییە، تەنیا لێرە و لەوێ دووکانی هەن، لە هەر سێیان یەکیان کەلاوەیە، و زۆربەی ماڵەکان بە کۆشکی حاکمیشەوە خەریکە تێکبڕووخێن. بەڵام ئێرە شوێنێکە کە خەریکی بووژانەوەیە و بە هۆی مافوورە و فەڕشەکانی بەناوبانگە. ئێرە چوار کاروانسەرای لێیە، کە بە دژواری بۆ ژیان دەبن، حەوت حەمام و چەند مزگەوت و حوجرەی فەقێیانی هەیە. هەوایەکی تاقانەی هەیە. من دوو ڕۆژە لێرەم و چونکە خەڵکی بیانی زۆر بە دەگمەن دێنە ئێرە، زۆرینەی خەڵکەکەی بە پەنای خێوەتەکەمدا تێپەڕ بوون.
من وەک هەمیشە لە دەرەوەی دیوارەکان، لە نزیک سەرچاوەیەکی بچووک بارگەم خست، و زۆری پێنەچوو کە فەڕاشباشی لە لای حاکمەوە بە پەیامێک کە تیایدا دڵگرانی خۆی ” لە خێوەتهەڵدانی من لە چۆلگە کرابوو لە کاتێکدا کە من میوانی ئەوان بووم و ئەوان شوێنی ئەمینی خێوەتهەڵدانیان لە باخچەی کۆشکەکە پێم دەدا.” میرزا نامەی ناساندنی منی پێدا و ئەویش پەیامی نارد کە سێ ڕێپێوانی داهاتوو ” گەلێک مەترسیدارن”، و کاتژمێرێکی بۆ چاوپێکەوتن دیاریی کرد. زۆری پێنەچوو کە هەشت چەکداری تۆپخانە، بە یونیفۆرم و کەرەستەی تەواوەوە، بە تفەنگ و سەرنێزەی قایمکراوەوە هاتن و دەستیان بە ئێشک کێشان لەدەرەوەی خێوەتەکەم کرد و هەر شەش کاتژمێر جارێک دەگۆڕدران. ئەمە شەمەزاریی شاربانیان تەکمیل کرد.
رۆژی یەکشەممە گیروگرفتی جیاوازم بۆ هاتنە پێش و بێ ئەوەی پێمخۆش بێ ناچار بووم پەیوەندیی بە حاکمەوە بکەم. ئەو لە جۆرێک دەربار پێشوازیی لێکردم. ڕێژەیەکی بەرچاو پیاو، سکاڵاکەر و خەڵکیتر، داڵانەکان و ژوورەکانی پرسگەیان پڕ کردبوون. هەڵامساو و شێواو دەهاتە بەرچاو و وێدەچوو سەرخۆش بێ. ئەو لە ئەردی لەسەر سەرینان دانیشتبوو بە ڕیزێک ڕاوێژکار ومەلا لە لای ڕاست و چەندین فەڕاش و پاسەوان کە لە نزیک دەرگا وێستابوون. سەیدەکان ڕێکوپێک و لەخۆباییانە چاویان لێدەکردم و حاکمە مەستە دەم بە پێکەنینەکە و ڕیزی بێجووڵە و مڕچومۆنی ڕاوێژکارەکان کە بە ڕاستی خۆسەپێن بوون. چا دروست کرا، بەڵام هەلومەرجەکە هێندە ناخۆش بوو کە بۆ فینجانی سێهەم کە نەریتە ڕانەوەستام. حاکمەکە گوتی کە خانمەکان لە گوندێکن کە چەند مایل لێرەوە دوورە و هیوادار بوو کە بیانبینم، باسی کرد کە هەندێک لە مارشەکانی سەر ڕێگا نائەمنن و ناوبراو نووسراوەم پێدەدا کە بۆ بەکرێگرتنی پارێزەر دوای ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەو بەکەڵکە و کە ئەو بەڕێیکردووە. ئەو گەلێک بەئەدەب بوو، هەر وەک گشت پارسێکی چینی باڵادەست، بەڵام هیوا دەخوازم کە هەرگیز جارێکیتر تووشی ئازاری داوای یارمەتیی لە موسڵمانێک بە بێ هاوڕێیەکی ئوروپایی نەبمەوە.
دواتر هاوسەری یەکەمی فەرماندەی سەربازیی ناوچەکە ژەمێکی باشی شەو لەگەڵ میوەی زۆر بە تاقمێک ژنی داپۆشراو لەگەڵ خزمەتکاران بۆ ناردم. ئەو هات و پێشنیاری کرد کە بچمە ماڵێکی گەلێک جوان کە هی مێردەکەی بوو، زۆر نزیک لە خێوەتەکەم. دوای وتوێژێکی ژیرانە پرسیاری لێکردم ئاخۆ مێرد و مناڵم هەن، و کاتێک کە وەڵامی نەرێنیم دایەوە ئەو زۆر مێهرەبانانە هاودەردی خۆی دەربڕی، بەڵام ئەوەی زیاد کرد، ” شتی زۆر خراپتر هەن، شتی ئەوتۆ کە لە لای ئێوە، کە تەنیا ڕێگا بە یەک هاوسەر دەدرێ، هەرگیز ناقەومێن. مرۆڤ لەوانەیە مێردێک و مناڵی هەبن، سەرەڕای ئەمە، خودا دەزانێ، بە گیروگرفتانەوە شێت بێ.” ئەو بە شێوەیەک بوو کە وێدەچوو بەڕاستی خەمەکانی گەلێک مەزن بن. بێگومان هاوسەرێکی لاو جێگای ئەوی گرتبۆوە، یا لەوانەیە مەترسی تەڵاقدرانی لەسەر بێ.