مرۆڤی پیشکەوتنخواز و خەباتگێڕی کورد سارم خانی سادق وەزیری

هاشم کەریمی.   ئەمرۆ ١١/٤/٢٠١٨ی زاینی٢٢/١/١٣٩٧ی هەتاوی مرۆڤی پیشکەوتنخواز و خەباتگێڕی کورد سارم خانی سادق وەزیری کۆچیدوایی کرد. زیندوویاد سارم خان هەر لە دەورەی کۆماری کوردستانەوە لە گەڵ بزووتنەوەی کوردستانی رۆژهەڵات پێوەندیی هەبوو. لە دەوری سەرەک وەزیریی “دکتور مصدق ” دا لە لایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە کاندیدای مەهابادی دەورەی حەفدەهومی مەجلیسی شوڕای مللی ئێران بوو و هەرچەند زۆربەی خەلکی مەهاباد دەنگی خۆیان دایە، بەڵام لە بەرئەوەی لە کوردستاندا ئەرتەشی دژی گەلی شا دەسەڵاتدار بوو، بە ساختەکاری سندووقەکانی دەنگ بۆ ئیمام جومعەی تاران کە خەڵکی مەهاباد نەیشیان دەناسی پڕ کرایەوە.
دوای کودەتای” ئەمریکایی – ئینگلیزیی شا- زاهیدی “ی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ی هەتاوی سارم خان چەند ساڵ گیرا و دوای بەر بوون دەفتەری پارێزەریی لە تاران کردەوە و یەکێک بوو لە بەناوبانگترین پاریزەرانی ئێران. هەرچەند سارم خان لەبەرکەشی دیکتاتۆریی ئێران لە سایەی رژیمی کودەتاوە بە ئاشکرا تێکۆشانی نەبوو، بەڵام دلی هەرلای تیکۆشەرانی کوردستان بوو. لە کونگرەی ٤ی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران دا بەشداریی کرد و نوێنەرانی بەشداربووی کونگرە داوایان لێکرد خۆی بۆ رێبەرایەتیی حیزب کاندیدا بکا، بەڵام قبووڵی نەکرد. دوای ئەوەش تا کۆچی دووایی لە رێنوینیی تێکۆشەرانی سیاسیی کورد درێخی نەدەکرد و بۆ زۆر کونگرەکانی حیزبی دیموکرات پەیامی دەنارد و رێنوینیی بە کەڵکی دەکرد
لە سەردەمی بزووتنەوەی جەماوەریی رۆژهەڵاتی کوردستان پاش رووخانی رژیمی پاشایەتی و پاشان یەکگرتنی هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵات لە ” کۆڕی نوێنەرایەتیی گەلی کورد ” بۆ رووبەرووبوونەوە لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامی، پاش چەندین قۆناغی شەڕ و وتووێژ، ئەم کۆڕە گەڵاڵەیەکی وەک داوخوازیی گەلی کورد بۆ چارەسەریی نەتەویی لە ئێران و کوردستان داڕشت و پێشکەشی بە رای گشتی، کۆمەڵانی خەڵک و حکوومەتی ناوەندی کرد، ئەم گەڵاڵەی٢٦ مادەیی بە ناوبانگە ئێستەشی لەگەڵ بێت یەکێک لە کامڵ ترین پڕوتوکولەکانە بۆ چارەسەریی مافی نەتەوەیی. شانازیی گەڵاڵەکردن و نووسینی ئەم گەڵاڵە کە بە ” گەڵاڵەی ٢٦مادەیی ” ناوبانگی دەرکردووە هەتا هەتایە بۆ سارم خان دەمێنێتەوە.
من بە نۆبەی خۆم وەک برایەکی گەورە رێزم بۆ دادەنا و ئەویش لە ریی پێوەندیی تەلەفوونیەوە هەمیشە مەحیبەتی براگەورەیی هەبوو. بە گەرمی سەرەخۆشی لە بنەماڵی بەڕیزی و هەموو تێکۆشەرانی ریگەی ئازادی و پێشکەوتنخوازیی مرۆڤ دەکەم. هاشم کەریمی