رێبازی قاسملوو، رێبازی حیزبی دێموکرات (٤)

سەربەخۆیی سیاسی و سەربەخۆیی بڕیاردان
یەکێک لە تایبەتمەندییە هەر بەرز و جێی شانازییەکانی حیزبی دێموکرات “سەربەخۆیی سیاسی” و ” سەربەخۆیی بڕیاردان”ە. لە بڕیاڕی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و چۆنیەتی قبووڵکردنی چارەنووسێ ئەم کۆمارەوە بگرە تا چۆنیەتی درێژەدان بە تێکۆشانی سیاسی و بڕیاری بەرەنگاریی پێشمەرگانە، کەوتنە وتوێژ لە گەڵ تاران، پێهکێنانی بەرەی جۆراوجۆری هاوکاری و پەڕێنەوە بۆ قۆناغە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی ژیانی پڕ لە کەند و کۆسپی سیاسی، پێشمەرگانە و دێپلۆماسی، سەربەخۆیی سیاسی و سەربەخۆیی بڕیاردان، بەشێک لە رێبازی چەسپاو و لەبیرنەکراوەی ئەم حیزبە بووە.
هەرچەند پاراستنی ئەم ئەسڵە لە ڕیباز و تایمەتمەندییەکانی حیزبی دێموکرات، بۆ ئەم حیزبە و بە گشتی بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ‌تێچوو نەبووە، بەڵام بۆ حیزب وەک رێکخراوێکی سیاسی کە خۆی بەرانبەر بە چارەنووسی میللەتێک بە بەرپرس دەزانی، “مێعیارێکی بنەڕەتی بووە.
سەربەخۆیی سیاسی و سەربەخۆیی بڕیاردان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان هێڵی سوورە. بەومانایە کە حیزب ئامادەیە لەنێوان دۆست و هاوپەیمانەکانی و سەربەخۆیی سیاسیدا، دووهەمیان هەڵبژێڕیت.
ئەم بەها و بایەخە جەوهەرییە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان رێشەی بۆ خەڵکیبوونی ئەم حیزبە دەگەڕێتەوە. ئەوەی کە حیزبی دێموکرات ئەم رێبازە لە خەبات دەگرێتە پێش و لە هیچ شەرایەتێکدا دەستەمۆ ناکرێ، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێز و پتانسێلە پشتپێئەستوورەی کە بەدەوام هەستی باوەڕبەخۆبوونی تێدا بەهێز کردوە. ئەم هێزە شتێک نیە جیا لە ئیرادە و پشتیوانیی خەڵک.
لە بڕگەیەک لە قۆناغە هەرە ئاڵۆزەکانی ژیانی حیزبی دێموکراتدا – دەیەیەک دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان – ئەم مێعیارە لە حیزبدا تا ڕادەیەک ڕەنگی خۆی لە دەست دەدات و لە گرێژنە دەکەوێ. بەڵام زۆر ناخایەنێ کە دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو ئەم سەروەرییە بۆ حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێنێتەوە و کۆتایی بە زەمەنێک لە پاشکۆیەتی دەهێنێ.
دوکتور قاسملوو بە پشت بەستن بە ئیرادەی لەبڕاننەهاتووی گەل و لە سەر ئەساسی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بەم جۆرە سەربەخۆیی سیاسی وەک مێعیارێکی بنەڕەتی بۆ حیزبی دێموکرات باس دەکات؛ “ئێمە بە خاتری دۆستایەتی قەت واز لە سەربەخۆیی و قازانجی میللەتەکەمان ناهێنین. بەڵام لەبەر خاتری سەربەخۆیی و قازانجی میللەتەکەمان ئەگەر پێویست بوو، واز لە دۆستایەتی دەهێنین. کەوابوو مێعیار بۆ حیزبی ئێمە سەربەخۆیی بڕیاردان و قازانجی میللەتەکەمانە.”
حیزبی دێموکرات، حیزبێکی سەربەخۆیە و سەربەخۆیی خۆی لە هەموو شتێکی دیکە بەلاوە گرینگرە. ئەوەی بە قازانجی خۆی و خەڵکی بزانێ جێبەجێی دەکات وهیچ کەس و لایەنێکیش ناتوانێ نەزەری خۆی بەسەردا بسەپێنێ.
شەهید قاسملوو ڕەچاوکردنی سەربەخۆیی سیاسی بە یەکێک لە ڕەمزەکانی بەردەوامبوونی خەباتی حیزبی دێموکرات دەزانێ و دەڵێ: نابێ لە بیری بکەین کە سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردان بۆ ئێمە سەرمایەیەکی گەورەیە. ئەو سیاسەتەی کە خۆمان بڕیارمان لەسەر داوە، ئەگەر چەوت و هەڵەش بووبێ، مادام دەستکردی خۆمان بووە، بە ئەرزشە. چونکی پێمان وایە هیچ کەس بە ئەندازەی خۆمان لە واقعییاتی کۆمەڵی کوردستان شارەزا نیە. بۆیە هیچ کەس لێوەشاوەیی بڕیاردانی لە جیاتی ئێمە نیە. جا ئەوە چ دەوڵەتێک بێت چ لایەنێکی تەنانەت دۆستمان.”
تا ئێستایشی لە گەڵ بێت حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر رێبازی سەربەخۆیی سیاسی و سەربەخۆیی بڕیاردان، پابەند بە بنەما مێژووییەکانی خۆی و رێنموونییەکانی شەهید دوکتور قاسملوویە و بۆ بردنە پێشی ئەم مێعیارانە لە سەر ئەساسی باوەڕبەخۆبوون، پشتئەستوور بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.
سمایل شەرەفی