ئاگاداریی یادی ٣٠ ساڵەی تیرۆری شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە وڵاتی ئوتریش

هاونیشتمانانی خۆشەویست!
ئۆگرانی رێی ئازادی و مافخوازیی نەتەوەی کورد!
پووشپەڕی ئەمساڵ ١٣٩٨ (٢٠١٩) ، سی ساڵ بەسەر تێرۆری رێبەری بە توانا و خەباتکاری گەلەکەمان، دوکتور قاسملوو و هاورێیانیدا تێدەپەرێ. ۳٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرە سەروویی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە مەبەستی زەبر لێدان لە بەتەمەنترین حیزبی کارامە لە گۆڕەپانی خەباتی حەقخوازانەی میللەتەکەمان، بە دارشتنی پیلانێکی تێرۆریستی، دیارترین رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و گەلی کوردیان لەسەر مێزی وتووێژ بەدستی دیپلۆمات – تیڕۆریستەکان، شەهید کرد.

بەم ئاکارە دژی گەلییانە، حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی کورد زەربەیەکی قورسی قەرەبوو نەکراوی وێکەوت. بەڵام تیرۆر و شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی نەبو بە هۆی کپ بوونی خەباتی گەلەکەمان و ڕۆڵەکانی کورد لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئاڵای خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمانیان بەرز راگرت. ئەگەرچی شەهید قاسملوو وەک سکرتێری حیزبی دێمۆکرات گیانی لێئەستێندرا، بەڵام ئێستا دوکتور قاسملووی شەهید بۆتە سیمبول و هێمایەکی رزگاری نەتەوەی کورد.
b_300_220_16777215_00_images_AGADARI_dr.ghassemlou2019.jpgبە گشتی ئەمرۆ نێوەرۆک و ماهییەت و کرداری کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبەرانی، زۆر لەجاران زیاتر بۆ جیهانیان ناسراون. سوپای پاسداران و بکوژانی لە لیستی تێڕۆری نێودەوڵەتی هاوێژراون. بۆیە دەرفەتێکی باشتر بۆ دەرخستنی سیاسەت و کردەوە دژی ئینسانیەکانی ئەم رێژیمە نگریسە، پێک هاتوە. پێویستە کوردەکان و ئازادیخوازان لە رۆژی ١٢ ی جوولای لەبەر دەم پارڵمانی ئوتریش لە وییەن کۆبینەوە و وێرای پەیمانی وەفا و درێژەدانی رێگایان، بۆ مەحکووم کردنی ئەو جەنایەتە و وەگەڕخستنی پەروەندەی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە ئەمەگناسیی و خەمخۆرییەوە بەشداری بکەن.
هەرچەند زەمان تێپەرێ، لەسەر ئامانجەکانی تێکۆشانی قاسملوو و هاورێیانی، سوورتر دەبین.
بەشداریتان، نیشانەی وەفا، ئەمەگناسی و ماف ویستیتانە.
بەرز و بەرێز بێ یادی شەهیدانی وییەن.
نەمان و سەرشۆری بۆ تێرۆریستان.
دیدارمان ڕۆژی هەینی ١٢ جولای لە بەردەم پارڵمانی ئوتریش لە ویەن دەبێ.
کۆمیتەی یادی ٣٠ ساڵه‌ی شه‌هیدانی وییه‌ن
ئادرەس و کاتی خۆپێشاندان لە بەردەم پارلەمانی ئوتریش لە ویەن
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٢ ـ ٠٧ ـ ٢٠١٩
کاتژمێر: ١٤:٠٠ بۆ ١٨:٠٠ ی ئێوارە
ئادرەس: Heldenplatz, 1010 Wien