ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (٥)

هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک سەرمایەیەکی نەتەوەیی
شەهید دوکتور قاسملوو لە نووسینەوەی مێژووی حیزبی دێموکرات (چل ساڵ خەبات) دا

بەم جۆرە باس لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات:
“یەکێک لە دەسکەوتە هەرە گەورەکانی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکرات، پێکهێنانی “سوپای میللی” بوو کە بە “هێزی پێشمەرگە” ناو نرا. پێکهێنانی “سپای میللی” بەشێک لە بەرنامەی حیزبی دێموکرات بوو. لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتدا هاتبوو کە هەڵسووڕانی کاروباری کوردستان دەبێ بە دەست گەلی کوردەوە بێت. حیزبی دێموکراتی کوردستان پێویست بوو هەر لەو کاتەوە لە فیکری دواڕۆژی پاراستنی کۆماری کوردستاندا بێ. بۆیە “سپای میللی” دامەزراند و ناوی لێنرا “هێزی پێشمەرگە”ی کوردستان.”
پشتبەستن بە هێزی خۆماڵی و هەوڵدان بۆ پاراستنی دەسکەوتەکان کە لە ئەدەبیاتی حیزبی دێموکراتدا بە “مان و مەوجوودیەت” ناوی هاتووە، جەوهەری فەلسەفەی بوونی “هێزی پێشمەرگە”یە. بە مانایەکی سادەتر حیزبی دێموکرات پێی وابووە کە خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی، دەبێ بە دامەزرانی هێزی پێشمەرگە، کە بێگومان هەر لە ڕۆڵەکانی ئەم خاک و خەڵکە پێک دێت، پشت بە ئیرادەیەکی خۆماڵی ببەستن و، هاوکات بۆ پاراستنی دەسکەوتەکان، هەرچاویان لە هێزێک لە خۆیان بێت کە پارێزگاری لە “مان و مەوجوودیەت”یان بکات.
b_300_220_16777215_00_images_dr_qasmloo.gifخودی دامەزرانی هێزی پێشمەرگە لە چوارچیوەی نیزامێکی رێک و پێکی وەک “سوپای میللی‌”دا کە لە کۆماری کوردستان و کابینەی وەزیراندا، خاوەنی وەزارەتخانە و وەزیری تایبەت بە خۆی بووە، جیا لەوەیکە شانازییەکەی بۆ حیزبی دێموکرات دەگەڕێتەوە لە نەوعی خۆیشیدا دیاردەیەکی نوێی بزووتنەوەی سیاسیی نەتەوەیی کوردە کە داهێنەرەکەی هەر حیزبی دێموکراتە.
جێگەو پێگەی هێزی پێشمەرگە لە بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستاندا کە زۆری نەخایاند پارچەکانی دیکەی کوردستانیشی گرتەوە، ڕۆڵێکی بەرجەستە و کاریگەری لە ناخ و “کەسایەتی”ی ئینسانی کورددا گێڕا. “باوەربەخۆبوون” و “دڵنیابوون” لە “خۆپاراستن”، لە کەسایەتیی ئینسانی کورددا جێی بە بێ‌هیوایی و دۆشدامان لێژ کرد و لە ئاستی نەتەوەیی و نیشتمانیدا، “پێشمەرگە” بوو پێناسەیەکی هەردەم زیندوو بۆ خەباتی خەڵکی کوردستان لە پێناو دەستەبەرکردنی ویست و داخوازییەکانیدا.
لە درێژەی ڕەوتی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتدا، پێشمەرگە رۆژ لە گەڵ رۆژ “بوون”ی وەک زەروورەتێکی هەمیشەیی پێناسە کرا و بووبە بەشێکی دانەبراو لە حیزبی دێموکرات. لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە پێشمەرگە چیدیکە ” ئەو چەکدارە کوردە نیە کە تەنیا ئەرکی پاراستن لە دەسکەوتەکان بێت، بەڵکوو بۆخۆی بەشێکە لە بزووتنەوە و بەشێکە لە پێناسەی نەتەوەیی”. لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە، “پێشمەرگە و خەڵک دەبنە دوو سەرمایەی سەرەکی و لێکجیانەکراوە”. لەم پێوەندییەدا شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ:
“لە گەڵ ئەوەیکە بۆ ئێمە وەک حیزبی دێموکرات سەرمایەی هەرە گەورەمان پشتیوانیی گەلی کوردە، بەڵام هێزی پێشمەرگەش لە گەل جیا نیە و جیاش ناکرێتەوە. بۆیە پێشمەرگە و خەڵک دوو لا نین و من پێم وایە لە جێدا قسەکردن لە یەکگرتوویی خەڵک و پێشمەرگە درووست نیە”.
حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمیشە هێزی پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگانەی بە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتن و مانەوەی خۆی زانیوە و تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت لە ماوەی نزیک بە هەشت دەیە لە خەباتی حیزبی دێموکرات بۆ دەستەبەرکردنی ویست و داخوازە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان، “هێزی پێشمەرگە” بەرچاوترین ڕۆڵ و پڕتێچووترین فیداکاریی کردوە. بۆیە ئێستایش و لە داهاتوویشدا لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە “پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەلە”.

سمایل شەرەفی