ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (١١)

تەنیا دێموکراسییە کە کلیلی چارەسەریی درووستی کێشەکانە
یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی پێکهێنانی حیزبی دێموکرات، “دێموکراسی”یە. حیزبی دێموکرات کە مودێلێکی دیکە و ئەمڕۆژیانەتر لە بزووتنەوەکانی ڕابردووی کوردە، لە سەر ئەساسی کۆمەڵێک مەفاهیم، نۆڕم، ئەرزش، تێڕاونین و کلتووری سیاسیی نوێ، خۆی پێناسە کرد. هەموو ئەمانە تەنیا “ئیدیعا” و خۆڕانان نەبوو، بەڵکوو دامەزرانی کۆماری کوردستان و جۆری بەڕێوەبەریی کۆمار و دەسکەوت و خزمەتەکانی ئەم کۆمارە کە ڕاستەوخۆ لە لایەن پێشەوای حیزبی دێموکراتەوە سەرکۆماریی دەکراو، بەڕێوەبەرانی حیزب بەڕێوەیان دەبرد، سەلمینەری ئەو ڕاستیەن کە حیزبی دێموکرات هەر چەند مانگ دوای دامەزرانی، سەلماندی کە وەک ئیدیعای دەکات، جیاواز و مودێرنە.
لە ماوەی ١١ مانگی دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا نەتەنیا یەک کەسیش لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بە هۆی دەربڕینی بیروبۆچوونی جیاوازەوە دەستبەسەر و لێپیچینەوەی لە گەڵ نەکرا، بەڵکوو شەخسی قازی محەممەد وەک سەرۆکۆماری کوردستان قەتی ئیزن نەدا بەرانبەر بەو شاعیر و نووسەرانەی کە تانە و تەشەر و بۆختانیان بە خۆی دەکرد، هیچ چاو لێ سوورکردنەوە و بێڕێزییەک بکرێ.
تێگەیشتنی حیزبی دێموکرات بۆ دێموکراسی بە پلەی یەکەم تێکەڵ بە تێگەیشتن لە قازانج و بەرژەوەندییەکانی خەڵک و کۆمەڵگە و لە پلەی دووهەمدا تێکەڵ بە تێگەیشن بە چۆنیەتی بەرەپێشچوونی ڕەوتی خەبات لە حیزبدا کراوە. گومان لەوەدا نیە کە لە هەموو حیزب و رێکخراوێکی سیاسییدا کێشەی فکری، تەشکیلاتی و ڕاهبوردی کە هەر هەموویان زادەی تێگەیشتن و بیروبۆچوونی جیاوازی ئەندامان و پێکهێنەرانی ئەو حیزب و سازمانەن، هەیە و دەبێ. حیزبی دێموکراتیش وەک هەموو رێکخراوێکی سیاسی، کێشەی جۆراوجۆری فکری، تەشکیلاتی و ڕاهبوردی هەبووە کە ڕاست بە پێچەوانەی ڕێکخراوە ئیدئۆلۆگ و دوگمەکان، پێڕەویکردن لە دێموکراسی وەک “کلیلی چارەسەریی کێشەکان”، توانیویەتی لە قەیرانی چاوەڕواننەکراو بیپاڕێزێ. بۆیە لە حیزبی دێموکراتدا بوونی جۆراوجۆریی بیرکردنەوە و تێڕوانین بۆ پرسە سیاسی و فکرییەکان ڕاست بە قازانجی بەرەوپێشچوونی حیزب خوێندنەوەی بۆ کراوە. شەهید دوکتور قاسملوو لەم پێوەندییەدا دەڵێ:
“بوونی بیروبۆچوونی جیاواز لەنێو ڕیزەکانی حیزبدا نە تەنیا بە خراپ نازانین، بەڵکوو بە کلیلی چارەسەرکردنی درووستی گیروگرفتەکانی دەزانین کە دەبێتە هۆی بەرەپێشچوونی حیزب”.
حیزبی دێموکرات کە “دێموکراسی” بە یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی پێکێنانی خۆی دەزانێ، چ لە بەرنامەی سیاسی خۆیدا بۆ چۆنیەتی دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لە ئێران کە باوەڕی وایە ئەو ئێرانە پێش هەموشتێک دەبێ “دێموکراتیک” بێت، چ لە مناسباتی دەروون تەشکیلاتی خۆیدا پێداگری لە سەر دەکات و بەشێکە لە ماهییەتی سیاسی و رێکخراوەیی ئەم حیزبە. بۆیە لە هیچ حاڵەتێکدا حیزبی دێموکرات ئامادە نیە واز لە خەبات بۆ دێموکراسی و خەباتی دێموکراتیک لە پێناو ویست و داخوازییە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان بهێنێ و، لە مێژە ڕاشکاوانە لە لایەن شەهید دوکتور قاسملوو، ڕێبەری ئەم حیزبەوە ڕاگەیاندراوە کە؛
“هەرگیز خەبات بۆ دێموکراسی نابێ بچێتە ژێر سێبەری خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی یان خەباتی چینایەتی. چونکە ئەوە هۆی بنەڕەتیی پێکهاتنی حیزبی دێموکراتە و تا حیزبی دێموکرات ماوە، دێموکراسی مەبەست و ئامانجیەتی.
حیزبی دێموکرات کە وەک پڕسیپ و ئوسوول دەڕوانێتە دێموکراسی، نەتەنیا بۆ لەحزەیەک لەم ڕێبازە غافڵ نەبووە، بەڵکوو قۆناغ بە قۆناغ لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا کاری لە سەر بەکلتوورکردنی دێموکراسی کردوە و، لە بەرزترین ئۆڕگانی خۆیدا هەوڵی داوە ئەم ئەسڵە لە ڕەفتاری تاکی حیزبی‌دا بە زیندوویی ڕابگرێ و بیکاتە بەشێک لە کەسایەتیی ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە. بۆیە پێداگرانە لە سەر ئەم وتەیەی شەهید دوکتور قاسملوو جەخت دەکەینەوە کە؛
“ئێمە دێموکراتین و دەبێ تا سەر دێموکرات بین. نابێ لە بیرمان بچێ کە ئەگەر هەنگاوێک بەرەو لەژێر پێنانی دێموکراتی بڕۆێن، تازە بەرەو دیکاتۆری ڕۆیشتووین و گەڕانەوە دژوارە”.

سمایل شەرەفی