ڕاگەیاندراوی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حدک بە بۆنەی سی ساڵەی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوو

ڕاگەیاندراوی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی سی ساڵەی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوو

خەڵکی مافخوازی کوردستان!
ئەویندارانی رێگا و رێبازی شەهید دوکتور قاسملوو!
٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، ٣٠ ساڵ بەسەر تێرۆری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەهید دوکتور قاسملوو و کاک عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتی ئوتریشدا تێدەپەرێ. هەرچەند دوای تێپەڕینی سێ دەیە بەسەر ئەم کردەوە تێرۆریستییەدا پەروەندەی ئەم جینایەتە هەروا بە داخراوی ماوەتەوە، بەڵام ئەم پەروەندەیە لە ویژدانی هەموو تاکێکی هوشیاری کورددا بۆ هەمیشە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و کۆماری ئیسلامی ئێران وەک ڕێژیمێکی تێروریست، ڕیسوا و مەحکوومە.
ڕاستە شەهید دوکتور قاسملوو ڕێبەری فکری و سکرتێری حیزبی دێموکرات بوو، بەڵام کەسایەتیی دوکتور قاسملوو و ڕۆڵی لە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و پانتایی بیر و ئەندێشەکانی، ئەویان لە سەر ئاستی نیشتمانەکەیدا کردۆتە کەسایەتییەکی بەرزی کوردستانی کە هەموو کەس و لایەنێکی دێموکرات و پێشکەتنخواز بە موڵکی خۆی دەزانێ. بۆیە جێی خۆیەتی لە سی ساڵەی تێرۆری ئەم رێبەرە هەڵکەوتووەی کورد و کوردستاندا، هەموومان پێکەوە، بە هەر شکڵ و شیوەیەک کە پێمان دەکرێ و بۆمان دەگونجێ، یادی بکەینەوە و تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران مەحکووم بکەین.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
ئێوە کە دوای شەهیدبوونی رێبەری گەورەمان، شەهید دوکتور قاسملوو بە هەموو هەوڵ و فیداکارییەکی خۆتان، درێژەدەری بیر و ئەندێشەکانی شەهید قاسملوو و هەموو شەهیدان بوون و هەن ، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەبێ‌گوێدان بە هەڕەشە و گوڕەشەکانی کوماری ئیسلامی، لە شارو ناوچەکانی کوردستان بە بەڕێوەبردنی چالاکیی جۆراوجۆر یاد و ناوی دوکتور قاسملووتان بەرز ڕاگرتووە، لە سی ساڵەی ئەم یادەدا ئەرکی زیاترتان دەکەوێتە سەر شان.
بۆیە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕیزو پێزانین بۆ تێکۆشان و ماندووبوونتان، بە دەسنیشانکردنی کۆمەڵێک بەرنامە و ڕێکاری تایبەت، داوا لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات دەکات کە پێکەوە و یەکگرتووانە و بە شکۆیەکی بەرزتر لە ساڵانی ڕابردوو یادی شەهید دوکتور قاسملوو بەرز ڕابگرن.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی سی ساڵەی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملووەوە داوا دەکات:
١- بە هەر شێوەیەک دەگونجێ لە ڕۆژانی ٢١ و ٢٢ی پووشپەڕدا بە بەکارهێنانی ڕەنگی شین، یادی شەهید دوکتور قاسملوو بەرز ڕابگیردرێ و تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران، مەحکووم بکرێ. بۆ ئەم مەبەستە؛ لە شوێنە گشتییەکاندا ئاڵا و نەوارێکی شین هەڵبواسرێ، لە پۆشینی جل و بەگدا هەوڵ بدرێ لە ڕەنگی شین کەڵک وەربگیردرێ.
٢- شەوانی ٢١ و ٢٢ی پووشپەڕ بە هەڵکردنی مۆمێک و بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی تایبەت، نیشان بدەین کە د. قاسملوو لە رێبازیدا زیندووە.
٣- درووشمەکانی تایبەت بە یادی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوو، بە ڕەنگی شین بنووسرێنەوە.
٤- بە بەکارهێنانی عەلامەتی زەربدەر (x) و نووسینی درووشمی “نا بۆ تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی”، تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی مەحکووم بکرێ.

سڵاو لە یاد و ناوی شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێ عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر
ریسوایی بۆ تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
٩ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی