ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (٢٧)

ڕێزگرتن لە بیر و باوەڕەکانی کۆمەڵی کوردەواری
حیزبی دێموکرات وەک ڕەوتێکی نەتەوەیی کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری لە خۆی دەگرێ، بە پێچەوانەی ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی کە ئیدئۆلۆک و تایبەت بە چینێکی تایبەتی کۆمەڵگەن، پێویستە لە ڕووی سیاسەت و ڕەفتارەوە بە پانتایی پێکهاتەکانی جۆراوجۆرەکانی کوردستان سەرنجی تایبەتی بدرێتی. حیزبی دێموکرات بەتەنیا هی چینێکی تایبەتی کۆمەڵگەی کوردستان نیە کە تێڕوانین و هەڵوێست و ڕەفتارەکانی تەنیا بە قازانجی ئەو چینە فورمولە بکات، بەڵکوو نوێنەرایەتیی بزووتنەوەیەکی فرە چەشن لە نێو میللەتێک بە پێکهاتەی جۆراوجۆرەوە دەکات. بۆیە پێویستە بۆ قایمکردنی پێگەی جەماوەریی خۆی، سەرنجی کۆمەڵێکی بەرفراوان لە خەڵکی کوردستان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، بۆ ئەم کارە تەنیا تێفکرین و هەڵوێستی درووستی سیاسی بەس نیە، بەڵکوو دیتنی کۆمەڵگایەکی فرە چەشن، فرە کلتوور، فرە ئایین، فرە تێڕوانین و لە هەموو گرینگتر، بە ڕەسمی ناسینی ئەم جیاوازیانە زەرووری و پێویستە. کە دەڵێین بە ڕەسمی ناسینی ئەم جۆراوجۆریانە بۆ حیزبێکی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان زەروورییە، ڕاست بەو مەبەستەیە کە دەبێ ئەم حیزبە بە چاوی ڕێزەوە لەم جیاوازیانە بڕوانێ.
ئەم باسە بۆ حیزبی دێموکرات ئەو کاتە زیاتر لە ڕەهەندی هەستیارییەوە گرینگیی پەیدا دەکات کە ئەم حیزبە خۆی پێ رێکخراوێکی پێشڕەوە و هەڵگری کۆمەڵێک بەها و مەفهوومی مودێرنە کە بۆی پڕنسیپن و ناتوانێ خۆیان لێ لا بدات. قسەکردن لە مەفهوومی سێکۆلاریزم لە کۆمەڵێکی باوەڕمەند بە بیروباوەڕی مەزهەبی، باوەڕمەندبوون بە مافی بەرانبەری ژن و پیاو لە کۆمەڵگەیەکدا کە تا ئەم چەند ساڵانەی دوایی دیاردەکانی “ژن‌بەژنە”، “گەورە بە چووکە”، “فرەژنی” و”بەرخوێن” تیایدا نۆڕمێکی ئەرزشی بوون، هەروا ئاسان نیە.
حیزبی دێموکرات کە لە بەرنامە و خوێندنەوەدا تێڕوانینێکی پێشکەوتنخوازانەی هەیە و و قسە لە پیادەکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لە دواڕۆژی خەبات و تێکۆشانی خۆیدا دەکات، هاوکات دەزانێ کە لە ژینگەیەکدا دەبێ کار بۆ ئەم ئایدیا و ڕوانینە پێشکەوتنخوازانەیە بکات کە نەتەنیا لە زۆر ڕووەوە یەک دەست نیە بەڵکوو پڕە لە حەساسییەتی جۆراوجۆری مەزهەبی، عەشیرەیی و کلتووری کە نادیدەگرتنیان جیا لە خۆ بێ‌بەریکردن لە پشتیوانیکردنی “خەڵک” ناتوانی ئاکامێکی دیکەی هەبێت. گومانیشی تێدا نیە کە خەڵک لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە سەرمایەیەکی گەورەی زێندوویە کە پشت تێهەڵکردن لێی، ڕاست بەمانای چوونیەژێر پرسیاری ماهییەتی وجوودیی ئەم حیزبەیە.
بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان هاوکات لە گەڵ هەوڵدان بۆ پاراستن و شانازیکردن بە پێشڕەوبوونی خۆی و داهێنان و باوەڕە دێموکراتیکەکانی، هەموو هەوڵێکی ئەوە بووە کە ڕێز لە جۆری بیکردنەوە و باوەڕەکانی کۆمەڵی کوردواری بە هەموو پێکهاتە جۆراوجۆرییەکانیەوە بگرێت یان لانیکەم مافی ئەوە بە خۆی نەدات کە دژایەتییان بکات. بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە تەسلیمی هەموو داب و نەریتێکی دواکەوتوانە بێت و ئیزن بدات کۆمەڵگە بەرەو ئاراستەیەکی دیکەی پڕ لە ناهەنجاری بڕوات. جیاوازییدانان لە نێوان “باوەڕ”ەکانی خەڵک و ئەو “دیاردە” ناحەز و دزێوانەی ریشەیان لە دواکوتوویی و جەهل و نەزانیدا هەیە، لە تێفکرین و دژکردەوەی حیزبی دێموکراتدا بەتەواوەتی دوو شتی لێک جیاوازن. بۆ نموونە هاوکات لە گەڵ ئەوەی حیزبی دێموکرات هەمیشە ڕێزی لە باوەڕە ئایینیەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە شیعە، سوننی، یارسان و…ەوە گرتووە، زۆر سەرسەختانە دژ بە کۆمەڵێک دیاردەی وەک “ژن‌بەژنە”،” گەورە بە چووکە”م “فرەژنی بۆ پیاوان” بە دەرکردنی بڕیار و بە کردوە هەڵوێستی هەبووە و هەیە.
پێشڕەوبوونی حیزبی دێموکرات نەبۆتە هۆی ئەوەیکە کۆمەڵی کوردەواری لە خوێندنەوەکانی ئەم حیزبەدا بە هۆکاری بیروباوەڕی تایبەتی کۆمەڵایەتی یان مەزهەبییان لۆمە بکرێن. بەڵکوو ڕاست بە پێچەوانەوە هەوڵ دراوە بە هەموو ئەو تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و ئاینیانە بە ڕەسمی بناسرێن و ڕێزیان لێ بگیردرێ.
ئەم تێفکرینە کە بەشێکە لە ڕێبازی حیزبی دێموکرات ڕاست “خەڵکیبوون”ی ئەم حیزبەوە سەرچاوە دەگرێ و سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە حیزبی دێموکرات لە قوڵایی دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە هاتووە، بۆیە بە هیچ شێوەیە بیروباوەڕە فرەچەشنەکانی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئەم نیشتمانە بەرانبەر بە خۆی بە بیگانە نازانێ.
سمایل شەرەفی