بەیاننامە بە بۆنەی ٣٠ سالەی تیرۆری د.قاسملووی ڕێبەرەوە

هاونیشتمانە بەڕێزەکان!
ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان!
هۆگران و دڵسۆزانی باوەڕ و ئامانجەکانی د.قاسملوو!

٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ ٣٠ ساڵ بە سەر تیرۆری ١٣ی ژوئیەی ڤییەن کە تێی دا د.عەبدوڵڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات، هاوڕێ عەبدوڵلا قادری ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و د.فازڵ ڕەسووڵ، بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانیان لێ ئەستێندرا، ڕادەبرێ. د.قاسملوو و هاوڕێ عەبدوڵلا قادری ئازەر بۆ چاوپێکەوتن و وتووێژ لە گەڵ نێردراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر داخوازەکانی گەلی کورد، چووبوونە ڤییەن، بەڵام هەر بە دەستی ئەوان درانە بەر دەستڕێژ و شەهید کران.

گومانی تێدا نیە کە لەدەستدانی ڕێبەرێکی بە توانا و لیهاتووی وەک د.قاسملوو بەو هەمووە کاریگەرییەی لە سەر حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیبوو، بەو ناوبانگ و ئیعتیبارەی لە ئاستی بزووتنەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان ولە نێو ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا بە دەستی هێنابوو، هەر وەها بە سەرنجدان بە ناسراوی و نفووزی لە کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و دیپلۆماتیکەکانی جیهان‌دا، بۆ حیزبی دیموکرات و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و بزووتنەوەی کورد، زەبرێکی بەژان و خەسارێکی قەرەبوونەکراو بوو. ڕێبەرانی ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی بە لەداوخستنی ئەو ڕێبەرە گەورەیە و ڕاکێشانی بۆ نێو بۆسەی مەرگ بە ناوی پێشوازی لە پەیامی ئاشتیخوازیی ئەو، بە ئامانجێکی گەورە و لە مێژینەی خۆیان گەیشتن. ئەوان کە لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتەکەیان دا پلانیان بۆ تیرۆری د.قاسملوو داڕشتبوو، توانیان یەکێک لە گرنگترین ڕێبەرانی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، بەرامبەر زاڵبوونەوەی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی وەستایەوە و خەبات و بەربەرەکانییەکی بەرین و سەرسەختانەی لە کوردستان ڕێبەری کرد، لە نێو بەرن. بە تیرۆری د.قاسملوو، حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بەرەوڕووی تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی بوونەوە. بڕیاری ئەوان دەبوایە ناکامیی دەسەڵاتدارانی تیرۆریستی تارانی لێ بکەوێتەوە کە ئارەزووی دامرکانەوە و پووکانەوەی خەبات و خۆڕاگری لە کوردستان بە دوای تێرۆری د.قاسملوویان‌دا دەکرد و، ئاوات و چاوەڕوانیی هۆگران و ئەویندارانی بیروباوەڕی قاسملوو و، دڵسۆزان و پشتیوانانی حیزبی دیموکرات بێنێتە دی کە پووچەڵکردنەوەی خەون و ئاواتەکانی بکوژانی ڕێبەرەکەیان بوو. مێژوو شایەدە کە درێژەدەرانی ڕێگا و ڕێبازی ئەو ڕێبەرە بە تایبەتی و، دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دیموکرات و خەڵکی کوردستان بە گشتی، لە ئاستی چاوەڕوانی و ئەرکێک‌دا بوون کە مێژوو لەم بڕگە هەستیارەدا خستبوویە سەرشانیان. چونکە بە شێلگیربوونیان لە سەر خەبات و گوڕ و تیندان بە بەربەرەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران سەلماندیان: ئامانجەکان، باوەڕەکان، ڕێگا و ڕێبازی ئەو ڕێبەرە و حیزبێک و خەباتێک کە د.قاسملوو نوێنەرایەتی و ڕێبەرایەتیی دەکرد، بە شەهید بوونی ئەو کۆتایی پێ نایە و بەردەوام دەمێنێتەوە.

٣٠ ساڵ بە سەر تێرۆری د.قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات و سەرکردە و کەسایەتیی سیاسیی کوردی ناسراو لە ئاستی ناوچە و دنیادا ڕابردووە. لە بیرەوەریی ٣٠ساڵەی ئەو تاوانە شەرماوییەی ڕێژیمی ئێران‌دا، کۆمەڵێک پرس و بابەتی گرنگ شایانی ئاوڕلێدانەوە و هەڵوێستە لەسەر کردنن و، لێمان دەخوازن لەم یادە دا وەبیرخۆمان و بەردەنگەکانی دیکەیان بێنینەوە و خۆمانیان لە بەرامبەردا ئەرکدار بکەین:

یەکەم: مانەوەی بە داخراویی کەیسی تیرۆرێکی سیاسی و دەوڵەتی. بوو بە ٣٠ ساڵ ، دەوڵەتی ئوتریش نەک هەر ئەرکی سیاسی و قەزایی و حقووقی و ئەخلاقیی خۆی لە ئاست تیرۆری ڕێبەر و کەسایەتییەکی سیاسیی گەورەی کورد لە نێو پێتەختەکەی خۆی‌دا جێبەجێ نەکردوە، بەڵکوو بە هەموو شێوەیەک هەوڵی داوە ئەو پەروەندەیە بە داخراوی بمێنێتەوە و نەکەوێتەوە گەڕ. دەوڵەتی ئوتریش لە کاتی ڕوودانی تیرۆرەکە، بکوژەکانی لە بەردەست‌دا بوون، بەلام لە جیاتی سپاردنیان بە دەزگای لێکۆڵینەوە و زیندان و دادگا، بە ڕێزەوە حەواڵەی تارانی کردنەوە. لەو کاتەوە هیچ کات بۆ وەگەڕکەوتنەوەی ئەم کەیسە و جێبەجێبوونی حوکمی عەداڵەت لە بارەیەوە، هاوکار نەبووە و، بۆ ئەوەی ساتوسەودا نهێنییەکانی پشت ئەم کەیسەیان لە گەڵ ڕێژیمی تاران لێ ئاشکرا نەبێ، هەوڵی پووشبەسەرکردنی داوە . ئەوەش لە کاتێک دایە کە لە ماوەی ٣ دەیەی ڕابردوو‌دا چەندین جار تیرۆریستبوونی ئەو ڕێژیمە و بەشداربوونی ڕێبەران و بەرپرسانی هەرە پلەبەرزی لە پلان و کردەوە تیرۆریستییەکان‌دا لە لایەن دادگا موعتەبەرەکان و دەزگاکانی لێکۆڵینەوە لە ئاستی ئورووپا و ئەمریکا‌دا، بە بەڵگەی ڕوون و ئاشکراوە سەلمێندراوە، کە بڕیاری مێژوویی دادگای میکۆنووس لە بارەی تیرۆری د.سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی یەک لەوانە. ئێمە پێمان وایە لەقاودانی ئەم ڕەفتارەی دەولەتی ئوتریش و، وەڕێخستنی گوشارێکی سیاسی، دیپڵۆماتیک و مرۆڤدۆستانە بۆ سەر دەزگا پێوەنیدارەکانی ئەو وڵاتە بە مەبەستی کردنەوەی ئەم کەیسە و درکاندنی ڕاستییەکان لە بارەی، پێویستە یەکێک لە ئامانجەکانی کاری هاوبەشی هۆگران و درێژەدەرانی ئامانجەکان و ڕێگای خەباتی د.قاسملوو لە ٣٠ ساڵەی شەهیدبوونی‌دا بێ.

دووهەم: قاسملوو، بووە بە هێمایەکی پڕشنگداری نەتەوەیی وخەباتگێڕیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو جێگە و پێگەیەی د.قاسملوو و باوەڕەکانی دوای تێپەڕبوونی ٣٠ساڵ بە سەر شەهید بوونیدا، لە نێو نەتەوەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا هەیانە، لە چەند بارەوە شایانی تێڕامان و لێوردبوونەوەن. لەم ٣٠ سالە دا تا هاتوە ناوی قاسملوو پتر بووە بە هێمای خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان. باوەڕ و ئەندێشەکانی قاسملوو چوونەتە نێو بیرکردنەوە و ڕوانینی نەسلەکانی دوای خۆیشی و، یادی ئەو ڕێبەرە هەر لە بیرەوەریی شەهید بوونی تا بۆنەی لە دایکبوونی، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە ئێران بۆ کۆڕی تێکۆشان و خەبات دژی دیکتاتۆری، بندەستی و بێمافی بانگەواز دەکا. لە مێژ سالە قاسملوو بووە بەو هێمایە کە لە لایەکەوە تێرۆریستبوون وبێپڕەنسیپیی بەڕێوەبەران و بڕیاردەرانی ڕێژیمی تاران و بەکارهێنانی نیازی ئاشتیخوازانەی بەرامبەرەکەیان بۆ تیرۆر و کوشتن وەبیر دینێتەوە، لە لایەکی دیکەش بووە بە هێمای جوانترین هزرەکان و سەرچاوەیەکی ڕوون بۆ ڕاڤە وشیکردنەوەی چەمکەکانی پێوەندیدار بە خەبات و تێکۆشانی سیاسی، بەڕێوەبردنی کۆمەڵ و پێکەوەژیانی گەلان. ئەوە مایەی شانازییە ڕێبەر و کەسایەتییەکی سیاسی و خەباتگێڕ، تا ئەو کاتەی بۆ خۆی لە ژیان و لە چڵەپۆپەی ناوبانگ دابوو و چەقی بڕیار بوو، دژی تاکپەرستی بوو، بەڵام لە دوای نەمانی، بە هۆی گەورەیی و پانتایی بیرکردنەوە و ڕوانینەکانی و، بەخشینی گیانی لە پێناویان‌دا، بووە بە هێمایەکی گشتی و نەتەوەیی خۆشەویست. ئەم ڕاستییە، دروستیی پەیامەکەی ٣٠ ساڵ لەمەوبەری حیزبەکەی قاسملوو دەسەلمێنێ کە: ” نەتەوەیەک ڕێبەرێکی وەک قاسملووی پێگەیاندبێ، ناهومیدی ناناسێ و ڕێگاکەی بەرنادا…”.

سێهەم: بەردەوامیی عەقڵیەتی تیرۆر و سەرکوت و ئینکار لە تاران. ڕێژیمێک کە بە ئامانجی وەشاندنی گەورەترین زەبر لە حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەیی و مافخوازیی خەڵکی کوردستان، د.قاسملووی تێرۆر کرد، هەتا ئیستاش لە بەڕەسمی ناسین و داننان بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد خۆی بواردوە و لە سەر کوشتن و ئیعدام و سەرکوتی ئازادیخوازانی کوردستان لە نێوخۆ و، کردەوەی تیرۆریستی و دەستدرێژکارانە لە دەرەوەی سنوورەکان دژی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بەردەوامە. لە گەڵ ئەوەی نە تیرۆری د.قاسملوو، د.شەرەفکەندی و دەیان و سەدان تیکۆشەری دیکەی حیزبی دیموکرات و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەلات و هێرش بۆ سەر بنکەکان و تیکۆشەرانیان، نە ئیعدام و کوشتنی سەدان و هەزاران لاوی کورد لە ماوەی ٤ دەیەی رابردوودا، نەبوون بە هۆی دەستهەڵگرتنی گەڵی کورد لە داخوازە ڕەواکانیان، ئەم ڕێژیمە لە ڕووبەڕوونەوەی پرسی کورددا، هەر وەک پێشوو پشتی بە سەرکوت وتیرۆر بەستوە. کەمتر لە ساڵێک لەمەوبەر، ڕێبەران و بڕیاردەرانی ئەو ڕێژیمە، داوا و بانگەوازی چارەسەری پرسی کورد بە ڕێگای دیالۆگ و ئاشتیخوازانەیان بە مووشەکبارانی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان دایەوە و تاوانێکی گەورە و پڕشوورەیی دیکەیان خستە سەر کارنامەی رەشی خۆیان بەرامبەر گەلی کورد. بەڵام هاوخەمیی سەرانسەریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی دیکە لە توێی مانگرتنە گشتییەکەی ٢١ی خەرمانان‌داو، لە مەیداندابوونی بەردەوام و پەیتاپەیتایان بۆ بەرگری لە شوناسی خۆیان و داواکردنی مافەکانیان، ناکارامەیی و تێکشکاویی سیاسەتی سەرکوت و دڕندەیی و زەبر و زەنگیان دووبارە سەلماندەوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان ٣٠ سالەی تیرۆری دوکتور قاسملووی ڕێبەر کە گیانی خۆی لە پێناوی چارەسەری پرسی کورد لە ئێران بە ڕێگای ئاشتیخوازی‌دا دانا، بە دەرفەت دەزانێ تا پەیامی ٤٠ ساڵ لەمەوبەر و هەر وەها پەیامی دواساتەکانی ژیانی ئەو ڕێبەرە گەورەیە، جارێکی دیکەش وەبیر ڕێبەران و بڕیاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بێنێتەوە کە “پرسی کوردستان ڕێگا چارەی نیزامی نیە”. بزووتنەوەی حەقخوازانەی کوردستان، بەردەوام دەمێنێتەوە و بەرەوپێش دەچێ. وەبیر بڕیاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی دێنینەوە کە ئەگەر کاتی خۆی بە شەڕ و هێرش و کوشتن وڵامی پەیامی ئاشتیخوازانەیان نەدابایەوە و ڕێگای چارەسەری دروستیان گرتبایە بەر، نە کوردستان ئەو هەمووە قوربانی و وێرانییەی بە خۆوە دەدیت، نە ڕێژیمەکەی ئەوان لە نێوخەڵکی کوردستان ئەوەندە بێزراو و بێ پێگە دەبوو. ئێستاش ئەوە ئەوانن کە دەتوانن بیسەلمێنن ئایا هیچ دەرسێکیان لە مێژووی ڕەشی خۆیان لە پێوەندی لە گەڵ خەڵکی کوردستانی ئێران‌دا وەرگرتوە؟ ئامادەن بەسیاسەتی ناسەرکەوتوو و تاوانخولقێنانەی ٤٠ ساڵەی خۆیان لە بارەی کوردستان‌دا بچنەوە؟ و، لاپەڕەیەکی نوێ لە سەر بناغەی قبووڵکردنی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی گەلی کورد و چارەسەری پرسی کوردستان بەڕێگای سیاسی و ئاشتیخوازانەدا، هەڵ بدەنەوە؟

چوارەم: لە وەبیرهێنانەوە و لێ فیربوونی وانە و ئەزموونەکانی د.قاسملوو نابێ غافڵ بین. ئەو باوەڕانەی ڕێبەری شەهیدمان هێنانیە نێو سیاسەت و تێکۆشانی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی کورد، ئەو بنەما و پرەنسیپانەی د.قاسملوو لە بارەی پێکەوەژیانی جۆراوجۆرییەکان لە وڵاتێکی فرەنەتەوەی وەک ئێران‌دا، لە بارەی هاوپشتی و هاوکاریی بزووتنەوەی کورد لە بەشە جۆراجۆرەکانی کوردستان و لە زۆر بوار و ڕەهەندی دیکەی دیپڵۆماسی، تێکۆشانی سیاسی و خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازی‌دا جێگیری کردن، هەتا ئێستاش شیاوی لێ فێربوون و وەبیرهێنانەوە و ڕەچاوکردنن. ئێمە لە نێو حیزبی دیموکراتی کوردستان‌دا بە شانازییەوە خۆمان بەرعۆدە و ئەرکدار کردوە کە ئەم گەنجینە بە نرخەی وانە و ئەزموونەکانی ئەو ڕێبەرە مەزنە، وەک سەرچاوەیەکی بە نرخ بۆ خۆپێگەیاندن و پەروەردەی فکری و سیاسیی تیکۆشەران، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بەکار بێنین. لەم یادەش‌دا داوا لە ڕووناکبیران، چالاکانی بواری هزر و نووسین دەکەین سەرنج بخەنە سەر نووسین، لێدوان، ڕوانگە و بۆچوونەکان و ژیان و خەباتی ئەو کەسایەتیە بەرزەی نەتەوەکەمان و لە گەشاندنەوە و هەڵێنجان لەم سەرچاوە بە نرخە غافڵ نەبن.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ٣٠ ساڵەی تیرۆری ١٣ی ژوئیەی ڤییەن‌دا، بە ڕێزەوە یادی ڕێبەری شەهید د.قاسملوو و هاوڕێی بەنرخ عەبدوڵلا قادری ئازەر دەکاتەوە و سڵاو بۆ گیانی پاک و یادی نەمریان دەنێرێ. لەم بۆنەیە‌دا داوا لە سەرجەم هۆگرانی بیر و ئامانجەکانی ئەو ڕێبەرە شەهیدە و تێکڕای دلسۆزان و دۆستانی حیزبی دیموکرات لە کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین ٣٠ سالەی ئەم تیرۆرە بکەنەوە بە دەرفەتێک بۆ مەحکوومکردنەوەی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی و بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لەداخرانی کەیسی ئەم تیرۆرە لە لایەن دەولەتی ئوتریشەوە. هەر وەها داواکارین بیرەوەریی تیرۆری دقاسملوو دەرفەتێک بێ بۆ سەلماندنەوەی خۆشەویستیی ئەو ڕێبەرە لە نێو نەتەوەکەی‌دا و دەربڕینی وەفاداری خەڵکی کوردستان بە ئامانجەکانی. با جارێکی دیکە بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بسەلمێنینەوە بە ستاندنی گیانی د.قاسملوو، ڕووناکیی خۆری باوەڕەکانی لە ئاسمانی کوردستان نابڕێ و کاروانی خەبات و تێکۆشانی ئەو ڕێبەرە لێهاتوە، وەستان و پەککەوتن ناناسێ.

حیزبی دیموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٢٢پووشپەڕی ١٣٩٨

١٣جولای ٢٠١٩