خۆپێشاندانی بەرین لە یادی ٣٠ ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو دا لە ویەن

بەڕێوەچوونی ئاکسیۆنێکی بەرین لە ٣٠ سالەی تێرۆری ویەن دا لەبەر پارلەمانی ئوتریش
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی بەرامبەر ١٢ی جولای ٢٠١٩ی زایینی، لە ٣٠هەمین ساڵەوەگەڕێ شەهیدکرانی ڕێبەری زانا و بلیمەتی گەلەکەمان دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و کاک عەبدووڵا قادری ئازەر و دکتور فازڵ ڕەسووڵ بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، خۆپیشاندانێکی بەربڵاو لە شاری وییەن-ی پایتەختی ئوتریش بەڕێوەچوو.

سەدان کەس لە دێژە پێدەرانی ڕێبازی شەهیدان، هۆگرانی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان کە لە زۆربەی وڵاتانی ئوروپاوە ڕوویان لە وییەنی پایتەختی وڵاتی ئوتریش کردبوو، هەروەها نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراوی سیاسی کوردستانی و ئێرانی و ئوتریشی و دەیان کەسایەتی سیاسی کورد و بێگانە، بە مەبەستی سەرکۆنە و ڕیسوا کردنی تێرۆری ناجوانمێرانەی ڕێبەر و سەرکردەی زانا و بلیمەتی کورد و حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە بەردەم بینای پارلەمانی ئوتریش کۆبوونەوە.

سەرەتای خۆپیشاندان بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب کە لە لایەن کۆڕی سروودی حیزبی دیموکراتەوە خوێندرا و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان دەستی پێکرد. پاشان لە لایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامەکە، هاوڕێیان پەرۆش ئالانی و سکاڵا حەکیمزادە بەخێرهاتنی ئامادە بووان کرا.

بە دوای ئەو دا هاوڕێ بەڕێز کاک مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات وتارێکی پڕنێوەرۆکی بە زمانی ئینگلیسی لە پەیوەندی لەگەڵ تێرۆری ناجوانمێرانەی ڕێبەری کارامە و لێهاتوومان دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و چۆنیەتی کردەوەکە و سات وسەودای حکومەتی ئوتریش لەگەڵ ڕژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی پێشکەش کرد. بەڕێز شەڵماشی لە بەشیکی دیکەی وتارەکەی دا بە ئاماژە بە تێروری حکومەتی و نێودەوڵەتی ڕژیمی تاران، ئاماژەی بەو کردەوە تێروریستیانە کرد کە هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوەی وڵات، بە شێوەیەکی سیستەماتیک و پلان بۆ داڕێژراو لە لایەن پلەبەرزترین کەسایەتییەکانی ئەو حکوومەتەوە، هەر لە یەکەم ڕۆژی هاتنە سەر دەسەلاتییەوە بۆ چاوترسێن کردن و سڕینەوە فیزیکی دژ بەرانی خۆی بە کاری هێناوە، کە بە داخەوە سەرەڕای بوونی بەڵگەی حاشا هەڵنەگر، بەڵام هێشتا ڕای گشتی نێودەوڵەتی گوێی خۆی لێ ئاخنیوە و یەکێک لە بەڵگە حاشا هەڵنەگرەکانیشی تێرۆری ڕێبەر قاسملوو و کاک عەبدووڵا قادر و کەسایەتی سیاسی دکتور فازیڵ ڕەسووڵ،ە.
بەڕێز شەڵماشی داوای لە ڕای گشتی ئوروپا و حکومەت و دەسەڵادارانی وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد کە لەوە زیاتر لە ئاست سەرەڕۆییەکانی حکومەتی ئێراندا بێدەنگ نەبن و هاوکات لە ٣٠یەمین ساڵەوەگەڕی تێرۆری وییەن و شەهید کرانی دکتور و قاسملوو و هاوڕێیانی دا بۆ جارێکی دیکە پەروەندەی ئەو تێرۆرە بێننەوە ڕۆژەڤ و هەوڵی ڕاپێچ کردنی پڵان داڕێژان و ئەنجامدەرانی کردەوە قێزەونە بۆ بەردەم دادگا و عەداڵەت بدەن.

ئینجا هاوڕێ عەلی مازووجی بەرپرسی پەیوەندییە نێودەڵەوتییەکانی حیزبی لە وڵاتی ئوتریش وتاری کومیتەی ئامادەکاری ڕێوڕەسمی ٣٠ ساڵەی تێرۆری وییەنی بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرد. بەڕێز عەلی مازووجی لە وتارەکەیدا باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە پرۆسەی شەهید کرانی د. قاسملوو و هاوڕێیانی لە وییەنی پایتەختی ئوتریش و لە لایەن دیپلۆماتی تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی و چونیەتی سات و سەودای حکومەتی ئوتریش لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ئازادکردنی تێرۆرسیتتەکانی کرد. بەڕێزیان باسی لەو هەوڵانە کرد کە بە درێژایی ئەو ٣٠ ساڵە بۆ زیندوو کردنەوەی دۆسییەی ئەو تێرۆرە دراون کرد و باسی لە کەمتەرخەمی و خەمساردی دەسەڵات دارانی ئوتریش چ لە کاتی رووداوی کارەساتەکەدا و چ لە ئیستادا کرد. داوای لە حکومەتی و پارلەمانی ئەو وڵاتە کرد کە گوێ بۆ داواکاری ملیۆنان خەڵکی ئازادی خواز و ماف خواز ڕاگرن کە داوای بە سزا گەیاندنی کاربەدەستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانن لە بەردەم دادگایەکی بێلایەنی نێودەوڵەتی دا کرد.

بە دوای ئەو دا بەڕێز و تێکۆشەر، سیاسەت مەدار و ئەدیبی گەورەی گەلەکەمان مامۆستا عەبدووڵا حەسەنزادە کە بە درێژایی دەیان ساڵ، یەکێک لە نزیکترین یاران و هاوڕێیانی ڕێبەری شەهید دکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو بوو، وتارێکی پوختی پێشکەش کرد. بەڕێز مامۆستا حەسەنزادە لە بەشێکی وتەکانی دا گوتی:

هاونیشتمانانی خۆشەویست!
دۆستانی دکتور قاسملوو!
هاوبیران، هاوڕێیان و قوتابیانی دکتور قاسملووی نەمەر!
بوونی من لێرە دوو هەستی زێدە بە یەکم دەداتێ. یەکیان ئەوەی کە لە شارێکم، لە وڵاتێکم کە ٣٠ ساڵ پێش ئێستا مامۆستایەکی گەورە و ڕێبەرێکی مەزن، ڕفیقێکی خۆشەویست و دۆستێکی لەمێژینە، یەعنی دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و کاک عەبدووڵا قادری ئازەرو دکتور فازڵ ڕەسووڵ،م لە دەست دا.
هەستی خۆشییەکەم ئەوەیە کە دەبینم لە ڕۆژێکی ئاوا دا بە سەدان کەس لە هاوبیران و هاوفیکر و ڕێبوارانی ڕێی قاسملوو لێرەن و من و لە نێوانیان دام، بە دیداریان شاد دەبمەوە و هەرئەوەش نا, ئەوانە هاتوون بۆ گەیاندنی دوو پەیام، پەیامی یەکەم ئەوەیە کە ئەو ڕێبازە، ئەو فیکر و ئەندیشەی کە دکتور قاسملوویان بۆ شەهید بوو هەر زیندوون و هەربەرقەرارن و ئەوانەی قاسملوو، یان لای شاگردانی قاسملوو دەرسیان خوێندووە لە سەر پەیمانەکەیان وەفادارن.

پەیامی دووهەم ئەوەیە کە لە ویژدانی میللەتی کورد دا، لە ویژدانی ئینسانە مەسئوول و ئازادیخوازاکاندا نەبەستراوە. ئەمڕۆش نەبێ ساڵێکی دیکەش نەبی، دە ساڵی دیکە ئەو پەروەندەیە بە ئاوەڵایی دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی بە هیممەتی هەموو خێرخوازان و هەموو ئینسانە باشەکان، پەروەندەی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی وەکوو دوکتور سەعید و هاوڕێیانی بە ریسوایی تەواوەتی کۆماری نیسلامی کۆتایی پێ دێ.

بە دوای وتەکانی مامۆستا دا دۆستێکی گەلەکەمان دکتور ” پیتر پیلتس″ کە پتر لە هەموو کەس خۆی بە پەروەندەی تێرۆر کرانی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانیەوە خۆی ماندوو کردووە، چەند وتەیەکی بەکەڵکی پێشکەشێ ئامادە بووان کرد. ناوبراو باسی لە چۆنیەتی ئەو سات و سەودایە کرد کە حکومەتی ئەو کاتی ئوتریش لەگەڵ کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ پەردەپۆش کردنی ئەو مەسەلەیە ئەنجامی دابوو.

ئینجا خاتوونێکی سیاسەت مەدار و ئازادیخواز بە ناوی خاتوو بێریڤان ئەسڵان، کە چەندین ساڵ لە ناو پەرلەمانی ئەو وڵاتە دا داکۆکی لە کەیسی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی کرد چەند وتەیەکی بەرخی بە زمانی ئاڵمانی پێشکەشی بەشداران کرد.

دوابەدوای ئەو کەسایەتییەکی ناسراو ودۆستێکی دیرینی گەلەکەمان و دژبەرێکی ناسراوی سیاسەتەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران و بەرپرسی ڕێکخراوی ” ستوپ دە بۆمب” دکتور شتیڤان گیرگات چەند وتەیەکی بەنرخی سەبارەت بە کەیسی شەهیدانی وییەن و تێرۆریزمی نێودەوڵەتی ڕژیمی ئیسلامی پێشکەش کرد.

ئینجا کەسایەتییەکی ناسراو و داکۆکی کارێکی بەردەوامی مافی نەتەوە بندەستەکان و سەرۆکی ڕێکخراوی ” پەنابەر لە قەیران دا ” بەڕێز ” میکاییل گیێر” پەیامێکی پڕ نێوەرۆکی پێشکەشی ئامادە بووان. پەیامەکەی ئەو بەڕێزە هەڵگری پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و پشتگیری بۆ دۆزی ڕەوای کورد و بە ئاوڕدانەوە لە دۆسییەی تێرۆری دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، هاوکات لەگەڵ سەرکۆنە کردنی مامەڵە و ساتو سەودای حکومەتی ئوتریش، داوای سەرلەنوێ زیندوو کردنەوەی ئەو دۆسییەی کرد و هیوای خواست کە هەموو خێرخوازان و کەسانی خاوەن هەڵویستی ئوتریشی جیهانی بۆ پشتگیری لە داوای رەوای حیزبی دیموکراتی کوردستان و گەلی کورد بێنە دەنگ.

پاشان بەڕێز ” دیدی تساخ”، کەسایەتی ناسراوی ئوتریشی و یەکێک لە پشتیوانانی گەلی کورد و سەرۆکی حیزبی کمۆنیستی ئوتریش بە پێشکەش کردنی وتارێک دەنگی خۆی خستە پاڵ خۆپیشاندەرانی ڕێوڕەسمی ٣٠ سالەی شەهید کرانی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی و داوای سەرلەنوێ زیندوو کردنەوەی پەروەندی تێرۆری وییەنی کرد. بەڕێزیان باسی لە هۆکارەکانی چاوپۆشی و داخستنی پەروەندەی ئەو تێرۆرە لە لایەن حکومەتی ئوتریشەوە کرد و هاوکات بە ئاماژەی ناوی ئەو کەسانە کرد کە لەو مامەڵە و سات و سەودا سیاسییە دا لەگەڵ حکومەتی ئێران بەشدار بوون. بەڕێزیان داوای لە حکومەتی ئوتریش کرد کە بە پەلکێش کردن ئەو کەسانەی هۆکار بوون بۆ داخستنی ئەو پەروەندەیە، خزمەت بە دیموکراسی و بە دەست هێنانەوە ئێعتباری سیاسی وڵاتەکەیان بدات.

کەسایەتێیەکی دیکەی ئوتریشی بە ناوی ” نیکۆلاز کوسڕات” ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی شاری وییەنی گەورە و یەکێک لە ناسراوترن کەسایەتییەکانی ئەو وڵاتە کە بەردەوام لە وتار و نووسینەکانی دا داکۆکی لە مافی نەتەوە بندەستەکانی گەلی کورد کردووە، وتارێکی زۆر ورد و پڕ ناوەرۆکی پێشکەش کرد. بەڕێزیان بە هێنانەبەرباسی مافی مرۆڤ و یاسا و ڕێسا ناسراو و دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەکان، ئاوڕی لە پەروەندەی تێرۆری وییەن و هەموو کردەوە تێرۆریستیانە دایەوە کە لە لایەن حکومەتی تێرۆرسیت پەروەری ئێرانەوە ئەنجام دراون. بەڕێزیان باسی لەوە کرد کە دەبێ بە گوێرەی ئەو یاسا نێودەوڵەتییانە کە لە مەنشووری نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ دا ئاماژەیان پێکراوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ.

پاشان نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئوتریش بەڕێز″ حەمە کەریم ” پەیامی کۆمیتەی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی لە وڵاتە پێشکەش کرد.

ئینجا پەیامی مەڵبەندی کوردی فییەن لە لایەن نوێنەری ئەو ڕێکخراوە خوێندرایەوە.

بە دوای ئەواندا هاوڕێ کەمال حەسەنپوور پەیامی ڕێکخراوی سوسیال ئینتێرناسیۆڵ،ی خوێندەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە دا پەیامی ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران خوێندرایەوە. پاشان هاوڕێ حەسەن حاتەمی پەیامی شۆڕای دیموکراتی خوازانی ئێرانی خوێندەوە. پەیامی کومیتەی دەرەوەی ولاتی یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو سەیران بایزیدی،یەوە خوێندرایەوە. بە دوای ئەو دا پەیامی کۆمبەندی هەمبەستەگی بۆ ئازادی و پارتیبەرابەری لە ئێران لە لایەن عەبددولقەیووم ویداد،وە پێشکەش کرا.

پێویست بە ئاماژەیە کە دوو تێکۆشەری ناسراوی حیزبەکەمان، هاوڕێیان ” عەلی سوورەچۆمی و ئەحمەد ڕەحمانی ” بە خوێندنەوەی دوو پەخشان و هۆنراوە هەستی پاکی خۆیان لە ٣٠ سالەی ئەو تێرۆرە ناجوانمێرانەیە دا دەربڕی.

لە کۆتایی ئەو ڕێورەسمە دا بەرێز حەمەرەسووڵ کەریمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حدک و بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات چەند وتەیەکی وەک سوپاس و ڕێزلێنان لە بەشداربووان و بەرزنرخاندنی ئەو ڕۆژە و هەروەها داواکاری‌یەکانی خۆپێشاندەران و بەشداربووان لە دادگا و خەڵکی ئوتریش و ناوەندی دەسەڵاتداری وڵاتی ئوتریش و پارلەمان باس کرد و سەبارەت بە دۆسیەی شەهید دوکتور قاسملوو و هاورێیانی چەند وتەیەک پێشکەش کرد و گووتی کە داواکاری‌یەکانی حیزب و بەشداربووان بە نووسراوە تەحویلی چەند ئۆرگانی تایبەتی و دەسەڵاتدار و چەند کەسایەتی گەیشتووە و دواتر سوپاسی حیزبی دێموکراتی کورددستانی بۆ هەڵوێستی هەموو لایەنەکانی دووپات کردەوە.

لە کۆتایی ئەو ئاکسیۆنە دا بڕیارنامەیەک بە ناوی خۆپیشاندەران و بەشدارانەوە لە چەندین خاڵ دا تەنزیم کرا و ڕادەستی سەدری ئەعزەم، سەرۆک کۆمار و پارلەمانی ئوتریش کرا. پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو بڕیارنامەیە واژووی دەیان حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی، ئێرانی و ئوتریشی لە سەر درا بوو و تێیدا داوا لە حکومەتی ئوتریش و بە تایبەت دەزگای دادوەری ئەو ولاتە کرابوو کە پەروەندی تێرۆری وییەن بۆ جارێکی دیکە زیندوو بکرێتەوە.