ڕێبازی قاسملوو، ڕێبازی حیزبی دێموکرات (٢٨)

فیداکاری، گیانبازی و بەردەوامبوون
حیزبی دێموکرات بە ڕابردووترین و تەمەندرێژترین حیزبی کوردستانی و ئێرانییە. ئەم حیزبە لە دانی هەزینەی گیانی و بەختکردنی رۆڵە بە نرخەکانی و، بەتایبەت بەختکردنی ڕێبەرانی‌ بە بارەگای ئازادیی نیشتمان، گیانبازترین ڕەوتی سیاسیی کوردستان و ئێرانە. تا ئێستا کە نزیک بە ٧٥ ساڵی تەمەنە، زیاتر لە پێنج هەزار شەهیدی هەیە؛ لە نێو ڕیزی شەهیدەکانی دا نزیک بە ٤٠ ئەندامی ڕێبەری دەبیندرێ کە سێ کەسیان، سەرقافڵەی شەهیدان؛ پێشەوا قازی محەممەد، د.عەبدولڕەحمان قاسملوو و د.سادق شەرەفکەندی بەدوای یەکدا لە کەسانی یەکەمی حیزب بوون. کەوابوو بەردەوامبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان تێکەڵە بە گیانبازی و دانی تێچووی قورس و گران.
گیانبازی و فیداکاری لە حیزبی دێموکراتدا ئەو کاتە دەتوانرێ وەک پێویست دەرک بە قورس و گرانبوونی بکرێ کە؛ لە لەسێدارەدانی سەرکۆمار و ڕووخانی کۆماری میللەتێکی بێ‌دەرەتانی بە درێژایی مێژوو، چەوساوە و ماف لێ زەوتکراو بگەین. ئەو کاتە دەتوانین لە مەفهوومی “تێچوو” بگەین کە بزانین تێرۆری رێبەرێکی وەک شەهید دوکتور قاسملوو چ زیانێکی گەورە و گران بوو بۆ بزووتنەوەی کورد بە گشتی و حیزبی دێموکرات بە تایبەتی. ئەو کاتە دەتوانین لە خەساری تێرۆری دوکتور شەرەفکەندنی بگەیین کە چۆن حیزبێک توانی لە ماوەی کەمتر لە پێنج ساڵدا دوو سکرتێر و کەسی یەکەمی لە هەستیارترین قۆناغەکانی خەباتی خۆیدا لە دەست بدات. ئەو کاتە دەتوانین کە مانای تێچووی لە دەستدانی کەسی یەکەمی حیزب تێبگەین کە بزانین، ئەم سێ کەسە هەر بەتەنیا کەسی یەکەم و سکرتێری گشتی(جێبەجێکاری بریار و هەڵوێستەکانی حیزب) نەبوون، بەڵکوو پێشەوا، رێبەر، بیرمەند، داهێنەر و خاوەنی کەسایەتیی بەرزی نەتەوەیی بوون.
مانای فیداکاری لە حیزبی دێموکراتدا تەنیا لە لەگەڵدابوونی تاکەکاندا کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە کە لەپێناو پشتیوانی لەم حیزبەدا، سەرکوتکاریی سیستماتیکی دەوڵەتییان لە هەموو شکڵ و شێوازێکی خۆیدا لە سەر تاقی کرایەوە؛ بە دەیان‌هەزار کەس لەپێناو ئەم حیزبەدا گیانیان لێ ئەستێندرا، بە دەیان گوند قەڵاچۆ کران، بە هەزاران بنەماڵە باشترین ڕۆڵەکانیان لەم حیزبەدا گیانیان بەختی نیشتمان کرد، بە هەزاران کەس ئاوارە و دەربەدەربوون و بە هەزاران کەس ژیانیان لە سووچی چاڵە ڕەسەکاندا تێپەڕکرد کە بە سەدان کەسیان لە سێدارە دران و تیرباران کران و، بە دەیان و سەدان و هەزاران کەسی دیکەش بە شێوازی جۆراوجۆر و تەنیا بە تاوانی کوردبوون و “حیزبی”بوون، هەزینەی قورس و گرانیان دا. کەوابوو فیداکاری لە حیزبی دێموکرات و بۆ حیزبی دێموکرات، یانی “ئازاری نەتەوەیەک”.
کاتێک کە شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ؛ “باشترین پاداش بۆ شەهیدان، درێژەدانی رێگاکەیانە”، بۆمان دەردەکەوێ کە “درێژەدان”(بەردەوامبوون) لە حیزبی دێموکرات دا چ جێگەو پێگەیەکی بەرزی هەیە کە دەکرێ وەک “پاداش بە شەهید” ناوی لێ بنرێ. “بەردەوامبوون” لە حیزبی دێموکرات دا لە تێفکرینێکی قووڵی “بەرەنگاری”یەوە دێت کە دەیهەوێ دڕ بە دۆشدامان، تەسلیمبوون و خۆبەدەستەوەدان بدات. بەردەوامبوون لە بەرەنگاری و بەرەوپێشچوون، بە هەموو کەندوکۆسپ و هەزینەکانیەوە، بەشێکە لە ڕێبازی حیزبی دێموکرات.
ئەم رێبازە بە پێچەوانەی وێنا ڕواڵەتیەکەی، نەتەنیا بە مانای “شەهیدپەروەری” و نادیدەگرتنی “تێچوو” نیە، بەڵکوو لە سەر بەرزراگرتنی کەسایەتیی ئینسان و بەختیاریی کۆمەڵ ڕاوەستاوە. ئەم تێفکرینە بە هیچ شێوەیەکیش نایهەوێ خۆی لەو واقعیەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بدزێتەوە کە؛ گەیشتن بەم کەسایەتی و بەختیارییە، بەخۆڕایی و بە بێ‌هەزینە دەست ناکەوێ. هەر بۆیە شەهید قاسملوو هاوکات لە گەڵ ئەوەی دانی بەوەدا دەنا کە “یەکێک لەو شتانەی کە زۆری ناڕەحەت دەکات، شەهیدبوونی هاوسەنگەرانیەتی” و “ئارەزووی دەکرد کە نەسڵی [ئێمە] شەهیدی نەبا”، بەڵام خۆی لەو ڕاستییە نادزێتەوە کە، “گەلێک ئازادیی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدات”.
تەنیا بیانوو و پاڵپشتی بەردەوامبوون و قبووڵکردنی گیانبازی و فیداکاری، “ڕەوابوون”ی ئەو رێگایەیە. بۆیە شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: “خەباتی ئێمە خەباتێکی ڕەوایە. خەبات بۆ ئازادیی میللەتێکە، خەبات بۆ دواڕۆژی منداڵەکان و نەسڵەکانی دیکەیە. بۆیە دەبێ بە بیروباوەڕێکی چەسپا و بە دڵێکی پڕ لە شۆڕش و بە هیوایەکی زۆرەوە خەباتی خۆمان درێژە پێ بدەین.هیچ میللەتێک بە بێ زەحمەت و تێکۆشان و بێ فیداکاری و بەختکردنی ڕۆڵە بەنرخەکانی خۆی بە ئازادی نەگەیشتووە. بۆیە ئێمە باش دەزانین کە گەیشتن بە ئازادی، درێژەدان بە خەبات و فیداکاری دەوێ”.
سمایل شەرەفی