بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە یادی دوکتور قاسملوو لە شاری هەولێر

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سییەمین سالیادی تیرۆری دوکتور قاسملوو ، ڕێوڕەسمێکی تایبەتی لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد. پاش نیوەڕۆی‌ ڕۆژی شەممە ٢٢ی پووشپەڕ کە ڕێکەوت بوو لە گەڵ ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی ، لە شاری هەولێر ڕێوڕەسمێکی بەربڵاو بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی ئەو حیزبە و دەیان کەسایەتی سیاسی و فەرهەنگی و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی کورد، بەڕێوەچوو.
دوای سروودی ئەی‌ڕەقیب، خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، بەتایبەتی شەهیدانی وییەن، ڕاگەیەندرا.
دوای ئەوەی پێشکەشکارانی ئەو ڕێوڕەسمە، خەدیجە مەعزوور و ناسر پیرۆتی، وێڕای بەخێر هاتن کردن لە مێوانان، پێشەکییەکیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، پەیامی دەفتەری سیاسی، لە لایەن بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان خوێندرایەوە.

لە سەرەتای پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئاماژەدان بە پێگەو جێگەی دوکتور قاسملوو لە بزووتنەوەی ئازدایخوازی لە کوردستان و لە ئێراندا هاتبوو؛ گومانی تێدا نیە کە لەدەستدانی ڕێبەرێکی بە توانا و لیهاتووی وەک د.قاسملوو بەو هەمووە کاریگەرییەی لە سەر حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیبوو، بەو ناوبانگ و ئیعتیبارەی لە ئاستی بزووتنەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان ولە نێو ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا بە دەستی هێنابوو، هەر وەها بە سەرنجدان بە ناسراوی و نفووزی لە کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و دیپلۆماتیکەکانی جیهاندا، بۆ حیزبی دیموکرات و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و بزووتنەوەی کورد، زەبرێکی بەژان و خەسارێکی قەرەبوونەکراو بوو. ڕێبەرانی ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی بە لەداوخستنی ئەو ڕێبەرە گەورەیە و ڕاکێشانی بۆ نێو بۆسەی مەرگ بە ناوی پێشوازی لە پەیامی ئاشتیخوازیی ئەو، بە ئامانجێکی گەورە و لە مێژینەی خۆیان گەیشتن. ئەوان کە لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتەکەیان دا پلانیان بۆ تیرۆری د.قاسملوو داڕشتبوو، توانیان یەکێک لە گرنگترین ڕێبەرانی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، بەرامبەر زاڵبوونەوەی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی وەستایەوە و خەبات و بەربەرەکانییەکی بەرین و سەرسەختانەی لە کوردستان ڕێبەری کرد، لە نێو بەرن.
لە درێژەی پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزب بە ئاوردانەوویەک لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تیرۆر و لە ناوبردنی ئازدایخوازانی دێموکرات هاتبوو بەردەوامیی عەقڵیەتی تیرۆر و سەرکوت و ئینکار لە تاران. ڕێژیمێک کە بە ئامانجی وەشاندنی گەورەترین زەبر لە حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەیی و مافخوازیی خەڵکی کوردستان، د.قاسملووی تێرۆر کرد، هەتا ئیستاش لە بەڕەسمی ناسین و داننان بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد خۆی بواردوە و لە سەر کوشتن و ئیعدام و سەرکوتی ئازادیخوازانی کوردستان لە نێوخۆ و، کردەوەی تیرۆریستی و دەستدرێژکارانە لە دەرەوەی سنوورەکان دژی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بەردەوامە. لە گەڵ ئەوەی نە تیرۆری د.قاسملوو، د.شەرەفکەندی و دەیان و سەدان تیکۆشەری دیکەی حیزبی دیموکرات و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەلات و هێرش بۆ سەر بنکەکان و تیکۆشەرانیان، نە ئیعدام و کوشتنی سەدان و هەزاران لاوی کورد لە ماوەی ٤ دەیەی رابردوودا، نەبوون بە هۆی دەستهەڵگرتنی گەڵی کورد لە داخوازە ڕەواکانیان، ئەم ڕێژیمە لە ڕووبەڕوونەوەی پرسی کورددا، هەر وەک پێشوو پشتی بە سەرکوت وتیرۆر بەستوە. کەمتر لە ساڵێک لەمەوبەر، ڕێبەران و بڕیاردەرانی ئەو ڕێژیمە، داوا و بانگەوازی چارەسەری پرسی کورد بە ڕێگای دیالۆگ و ئاشتیخوازانەیان بە مووشەکبارانی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان دایەوە و تاوانێکی گەورە و پڕشوورەیی دیکەیان خستە سەر کارنامەی رەشی خۆیان بەرامبەر گەلی کورد. بەڵام هاوخەمیی سەرانسەریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی دیکە لە توێی مانگرتنە گشتییەکەی ٢١ی خەرمانان‌داو، لە مەیداندابوونی بەردەوام و پەیتاپەیتایان بۆ بەرگری لە شوناسی خۆیان و داواکردنی مافەکانیان، ناکارامەیی و تێکشکاویی سیاسەتی سەرکوت و دڕندەیی و زەبر و زەنگیان دووبارە سەلماندەوە.
پاش پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، لە بڕگەیەکی دیکەدا بەڕێز ئارام مودەڕسی پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی کە بەبۆنەی سی ساڵە تیرۆری دوکتور قاسملوو ئامادە کرا بوو پێشکەش کرد.

b_300_220_16777215_00_images_HAWAL_hawler.jpgلە بەشێک لە پەیامی ناوەندی هاوکاری‌دا هاتبوو: ڕاستە کە نەیارانی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان توانییان ئەم رێبەرە و ڕێبەرانێ دیکەی بزووتنەوەی کورد بە جەستە لەنێو بەرن و حەزفیان بکەن، بەڵام ئێستاش پاش سی ساڵ بە سەر تێرۆری ڤییەن دا، بزووتنەوەی کوردستان لە سەر تێکۆشان بە مەبەستی مافە ڕەواکانی خۆی هەروا بەردەوام و لەسەر پێیە. ئێستاش سەرەڕای ئەوەیکە دەسەڵاتی سیاسیی لە تاران هەمیشە هەوڵی داوە پرسی کورد لە ڕوانگەی ئەمنیەتییەوە بخوێنێتەوە و بۆ حاشالێکردن و سڕینەوەی بەردەوام رێگای توندوتێژ و ئەمنیەتی دەگرێتە بەر، بەڵام حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وێڕای بەرەنگارییەکی ڕەوای فرەچەشن، دیسانیش پێیان وایە لە کۆتایی‌دا هەموو کێشەکان لە سەر مێزی وتوێژ چارەسەر دەکرێن.
بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی ئێران پاش سی ساڵ تێپەڕین بە سەر تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوودا، قۆناغی جۆراوجۆری بڕیوە. ئەوەی لە هەموو گرینگترە ئەوەیە کە بە پێچەوانەی هەوڵی سیستەمی سیاسی لە تاران کە هەمیشە هەوڵی دەدا لە رێگای سەرکوت و داپڵۆسینەوە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان لاواز و بێ‌دەنگ و جووڵە بکات، ئێستا خەباتێکی بەربەرینی جەماوەی لە شکڵی مەدەنی لە ئارادایە. ئەم خەباتە کە ماهییەتێکی عەداڵەتخوازی و نەتەوەیی هەیە، بە شێوازێکی هێمنانە خەریکە بە تەواوەتی ڕیشە دادەکوتێ و رۆژ لە گەڵ رۆژ بەربەرینتر دەبێتەوە. ماهییەت و ئامانجی ئەم خەباتە جەماوەرییە کە هەمان شوناسخوازی نەتەوەیی و گەڕان بەدوای رێگاچارەی دێموکراتیک یه كسانی خوازانەیە، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە سیاسەت و تێڕوانین و تێکۆشانی حیزبەکان، کاریگەری و شوێنەواری قوڵیان لە سەر ئەم کۆمەڵگەیە داناوە.
لە درێژەی ئەو ڕیوڕەسمەدا هەرکام لە بەڕێزان عەدنان موفتی: سیاسەتمەدار و سەرۆکی پێشووی پاڕلمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستان و سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پاڕلمانی کوردستان، د. کاوە مەحموود، سکرتێری حیزبی شیوعیی کوردستان، خاتوو سینەم بەدرخان، دۆستی بنەماڵەیی دوکتور قاسملوو لەسەر کەسایەتیی شەهید دوکتور قاسملوو بۆ ئامادەبووان قسەیان کرد.

دوای پێشکەش کردنی سروودێکی شۆڕشگێڕانە، خاتوو مەهاباد قەرەداغی پارچە شیعرێکی کە بۆ یادی دوکتور قاسملوو ئامادە کرد بوو، خوێندەوە.

لە بڕیگەیەکی دیکە‌دا هۆنراوەی عەبدوڵڵا حیجاب لە لایەن “ژیهات خوراسانی”یەوە خوێندرایەوە.
لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا چەند ئاواز و سروودی تایبەت بەو یادە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و هونەرمەند تاهێر خەلیلی سروودێکی پێشکەش بە یادی ڕێبەری ناوداری کورد دوکتور قاسملوو کرد.