سپاس و پێزانینی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان

سپاس و پێزانینی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێوەندیدار بە چالاکییەکانی تایبەت بە یادی سی ساڵەی تێرۆری دوکتور قاسملوو پانتایی کار و چالاکییەکانی پێوەندیدار بە یادی سی ساڵەی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوو، بۆ جارێکی دیکە و بەهێزتر لە هەمیشە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چ هەڵەیەکی گەورەی کرد کە پێی وابوو بە تێرۆری رێبەرانی کورد دەتوانێ کۆتایی بە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بێنێ. لە سی ساڵەی ئەم یادەدا ڕێبوارانی رێگای شەهید دوکتور قاسملوو لە ئاستێکی بەرێنی بێ‌وێنەدا لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵات سەلماندیان، درێژەدەرێ ڕاستەقینەی ڕێگای شەهیدانن و هاوکات لە گەڵ ڕێزگرتن لە ڕێبەران و کەسایەتییەکانی گەل، کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە بیر ناکەن.

لە سی ساڵەی تێرۆری ڤییەندا چالاکان و تێکۆشەرانی سەر بە حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات هەر لە لوڕستانەوە تا ورمێ بە بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهید دوکتور قاسملوو و تراکتەکانی تایبەت بەم یادە و نووسینی درووشمەکانی هەڵگری پەیامی ڕیزگرتن لە یادی دوکتور قاسملوو و مەحکوومیەتی تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران، حەماسەیەکی بێ‌وێنەیان خوڵقاند. لەم پێوەندییەدا ئەندامانی و لایەنگرانی حیزب لە سەر داوای کەمپەینی “پێکەوە بەرەو یادی ٢٢ی پووشپەڕ”، بە شێوەی جۆراوجۆر لە ڕەنگی شین کەڵکیان وەرگرت و پەیامی یەکبوون و یەکگرتووییان بڵاوکردوە. دانانی وێنەی شەهید دوکتور قاسملوو و داگیرسانی مۆم، بەشێک لە کارە سەمبولیکەکانی دیکەی خەڵکی کوردستان لەم یادەدا بوو.

ئەمساڵ لە کردەوەیەکی ڕچەشکێنانەدا کەسایەتییە سیاسی، ئەدەبی و هونەرییەکانی نێوخۆی وڵات بە دانانی پۆستی جۆراوجۆر و بەرهەمەکانیان لە توڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، گوڕ و تینێکی دیکەیان بەم یادە بەخشی. لەم پێوەندییەدا بە سەدان کەس لە کەسایەتییەکانی کورد لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە بێ ترس لە دەسەڵاتی سەرکوتکەر، بۆ یەکەمجار ئەم ڕچەشکێنیەیان کرد و ڕاشکاوانە بە ناوی خۆیانەوە ڕێزیان لە یاد و ناوی رێبەری ناوداری کورد دوکتور قاسملوو گرت.

لە دەرەوەی وڵات، کوردانی تاراوگە و ئەویندارانی ڕیبازی شەهید دوکتور قاسملوو لە چەند شوێنێکی وەک؛ گۆڕستانی پڕلاشێز، ڤییەن و بروکسێل و.. ئاکسیۆن و کۆبوونەوەی بەرینیان وەرێخست و وێڕای بەرزڕاگرتنی بیر و ئەندیشەکانی شەهید دوکتور قاسملوو، جارێکی دیکە و لە ئاستێکی بەرین دا سەرنجی وڵاتان و کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکانیان بۆ تێرۆری ڤییەن و تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاکێشا. لەم کۆبوونەوانەدا کە یەک ڕەنگ و یەک دەنگ بوون، رۆڵی ئۆڕگان و کۆمیتە و ئەندامانی سەر بە تەشکیلات و رێکخستنی حیزبی دێموکرات جێی سەرنج بوو.

هاوکات لە گەڵ ئەم کاروچالاکییە بێ‌وێنانە، کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای بە ئەمنیەتیکردنی سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستان بە مەبەستی پێشگیری لە بەڕێوەچوونی چالاکیی تێکۆشەرانی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات کە بە خۆشیەوە تیایدا سەرکەوتوو نەبوو، تۆپخانەکانی سپای پاسداران بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بە بیانووی بوونی بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هێرشیان کردە سەر ناوچە سنوورییەکانی بناری هەڵگوورد و کێلەشین و بە خەستی بووردمانی کردن. لەم پێوەندییەدا لە گەڵ ئەوەیکە زەرەر و زیانێکی زۆری مادی بەر دانیشوانی ئەو سنوورانە لە دیوی باشووری کوردستان کەوت و چەند کەسێکش شەهید و بریندار بوون، پێشمەرگە چاونەترسەکانی کوردستان لە چیا سەرکەشەکاندا مانەوە و ڕۆژانێکی پڕ لە ئیمان بە ڕێبازی سەخت و دژواری خەبات بۆ ڕزگاریی خاک و خەڵکەکەیان تەجرووبە کردەوە.

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە سپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە: کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، تێکۆشەران و ئەندامانی ئەرکوەخۆگری حیزب لە نێوخۆی وڵات، چالاکان و کەسایەتییەکانی نێوخۆ و رێکخراوە مەدەنییەکان، کوردانی تاراوگە، ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات و پێشمەرگەکانی کورستان دەکات و بۆ جارێکی دیکە بە دەنگێکی بەرز ئافەرینیان پێ دەڵێ.

ئافەرین بۆ هەموو ئێوە کە سەلماندتان،”قاسملوو هەمیشە لە ڕێبازیدا زیندووە”.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمیسیۆنی تەشکیلات

٢٤ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی