یەکساڵەی تاوانی مووشەکبارانی قەڵای دیموکرات،

یەکساڵەی تاوانی مووشەکبارانی قەڵای دیموکرات، بۆنەیەک بۆ سەلماندنی بەردەوامبوونمان لە خەبات
خەڵکی خاوەن هەڵوێست ومافخوازی کوردستان!

بەشداران و پشتیوانانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان!
١٧ی خەرمانانی ئەمساڵ(٨ی سێپتەمبر)، یەکساڵ بە سەر هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر حیزبی دێموکرات ڕادەبرێ.
١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە قەڵای دێموکرات، هەڵکەوتوو لە باشووری کوردستان، کردە ئامانج و بەم تاوانە جارێکی دیکە دڕندەیی و وەحشەتی خۆی لە ئاست بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بۆ هەموو لایەک سەلماندەوە. لەم پەلامارە دەستدرێژکارانە و تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان، ١٦ کەس لە تێکۆشەرانی دیموکرات کە شەش کەسیان ئەندامی ڕێبەریی حیزب بوون، شەهید بوون و بە دەیان کەس لە کادر و پێشمەرگە، ژن و منداڵی سەر بە بنەماڵەی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات بریندار بوون.
هێرشی مووشەکیی ١٧ی خەرمانان بۆ سەر پلینۆمی حیزبی دێموکراتی کوردستان نیشانەی ترسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و پێگەی جەماوەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. کۆماری ئیسلامی ئێران کە پێی وابوو بە بەئامانجگرتنی سەری حیزبی دێموکرات، دەتوانێ دڵ و مێشکی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لەکار بخات، هەر ٥ ڕۆژ دوای ئەو کردەوە تێرۆریستییە، وڵامێکی ددانشکێنی لە خەڵکی کوردستان وەرگرتەوە. خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاویدا بە وەڕێخستنی مانگرتنی گشتی، کاریگەرترین وڵامیان بە تاوانی مووشەکبارانی قەڵای دیموکرات دایەوە. هەر بۆیە لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، مانگرتنی گشتیی ٢١ی خەرمانانی کوردستان، حەماسەیەکی نەتەوەیی و خەباتگێڕانەی پڕشکۆی ڕۆژهەڵات، ڕێفراندۆمێک بۆ ڕاگەیاندنی هاودەنگیی خەڵکی کوردستان لە پشتگیرییان بۆ تێکۆشەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بوو.
١٧ی خەرمانان، هەر وەها وەبیرهێنەرەوەی لە سێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسیی کورد؛ ڕامین حوسێن پەنایی، زانیار و لوقمان مرادی و دوو ڕۆژ دواتر کەماڵ ئەحمەد نژادە کە هاوکات لە گەڵ مووشەکبارانی قەلای دیموکرات، لە لایەن ڕێژیمی سێدارەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گیانیان لێ ئەستیندرا. یەکدەنگی و یەک هەڵوێستیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی رۆژهەلات بە دوای ئەم ڕووداوانە و، پشتیوانی و هاوپێوەندیی خەڵکی کوردستان لەوان، مانگرتنی گشتیی بێ وێنەی ٢١ی خەرمانانی لێ کەوتەوە. بۆیە جیی خۆیەتی لە یەکساڵەی ئەم تاوانانەدا، وێڕای رێزگرتن لە یاد و ناوی هەر چوار زیندانیی لەسێدارەدراو و شەهیدانی مووشەکباران، یەکدەنگی و هاوهەڵوێستیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێشوازی و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە بانگەوازی ئەوان بۆ مانگرتنی گشتی، بەرز بنرخێنین و بە شانازییەوە دەرس و پەیامەکانیان وەبیر خۆمان بێنینەوە.
هاونیشتمانانی خۆشەویست، خەڵکی بەئەمەگی کوردستان!
دڵسۆزان و هۆگرانی حیزبی دیموکرات!
لە پێناوی مەحکوومکردنەوەی تاوانی مووشەکیی ڕێژیم لە دژی قەڵات دێموکرات و بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان، هەروەها بۆ بێزاری دەربڕین لە سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ئەو ڕێژیمە بە تایبەتی لە داردانی لاوانی کورد، وەک ڕێزگرتنێکیش لە مانگرتنە گشتییە پڕ شکۆیەکەی٢١ی خەرمانانی خەڵکی کوردستان دوای مووشەکبارانی قەڵای دیموکرات، پێویستە هەموومان پێکەوە و یەکگرتووانە لەم بۆنەیەدا هەڵوێستمان هەبێت.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان داوا لە سەرجەم بەشداران، دلسۆزان و هۆگرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە رۆژهەلاتی کوردستان دەکا:
١- کاتژمێر١٠ی ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی خەرمانان(٨ی سێپتامبر) لە هەر کوێیەک دەبن (لە دووکان و بازار، لە ڕێگا و نێو ماشێن، لە سەر مووچە و مەزرا، لە ماڵ و لە ئیدارە و هتد….) بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و گشت شەهیدانی کوردستان، دەقیقەیەک بە بێدەنگی لە شوێنی خۆتان ڕاوەستن.
٢- لەم ڕۆژە دا سەردانی بنەماڵەی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و شەهیدانی دیکە بکەن.
٣- لە ڕۆژانی پێشتر و دواتر لە ١٧ی خەرمانان دا، تراکت و پۆستێرەکانی تایبەت بە بیرەوەریی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکەنەوە.
٤- بە هەر شێوەیەک بۆتان دەگونجێ؛ بە نووسینی درووشمی تایبەت لە شوێنە گشتییەکان، داگیرساندنی مۆم لە مالەکانتان و دانانی وێنەی شەهیدانی ئەو تاوانە تیرۆریستییە لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەکارهێنانی ڕەنگی شین و چالاکیی جۆراوجۆری دیکە لەم ماوەیەدا، یادی کارەساتی ١٧ی خەرمانان بکەنەوە.
سڵاو لە یاد و ئامانج و ڕێگای شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و هەموو شەهیدانی کوردستان،
سڵاو لە خەڵکی کوردستان ،خولقێنەرانی حەماسەی مانگرتنی گشتیی ٢١ی خەرمانان،
سڵاو لە کوردستان قەڵای ڕاستەقینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی