چواردە سوارەی قەڵای دێموکرات. وەستا رەحمان

چواردە سوارەی  قەڵای دێموکرات ،
قەڵای بەرخۆدان ،
قەڵای خۆر و خۆشەویستی نیشتیمان
زۆر لە مێژە لە رێگا دان ، رێگا دەبرن  بۆ هەتاوی وەڵاتی خۆر
ماندوو نابن ، پشوو نادەن ، هیچ بەربەستێک پێشیان ناگرێ تا دەگەنە جێژوانی خۆر
هۆ خەڵک و خاک ، دەزانن
دوژمنانی دڵ رەشی گەل ، حاکمانی شاری تاران ، پاسدارانی رەش پەرەستی زۆر دەترسن ، لە گەیشتنی ئەو کاروانەی وا بەرێوە ، چواردە سوارەی قەڵای کۆیە و سێ رێبەریان لە پێش دایە
هۆ خەڵکینە
سەدان ساڵە و دەیان ساڵە ، پادشاکان و ئاخوندانی قوم و تاران ، بە درۆ و بە فێڵ ، بە موشەک و بە تەیارە ، بە تیرۆرۆ رەشە کوژی ، بە سەروەتی داگیرکراو و هەرچی لە بەر دەستیان دایە بۆ وەستانی ئەم کاروانە لە کار دایە
بەڵام هۆ خەڵک و خاک ، دڵنیا بن و چاوەرێ بن ، چاوەرێ بن و دڵنیا بن
کاروانەکەی گەلی ئێمە خوێنی گەلاوێژی دە لەش دایە و قەت ناوەستێ ، دوای هەر کەوتنێک ، زۆر بە گورتر ، بە ئیمانتر ، بە باوەرتر ، هەنگاوەکان پتەو دەکا و بۆ سەرکەوتن رێگا دەبرێ
دەزانن بۆ
چونکە کاروانەکەی گەلی ئێمە لە گەڵ خۆردا ژوانی هەیە ، گوڵی سەربەستی و ئاڵای رزگاری کوردیان پێیە ، کە خۆر هەڵهات لە گەڵ یەکەم تیری تیژی خۆری بەیان
چواردە سوارەی قەڵای کۆیەی دێموکرات و کاروانە درێژەکەی شەهیدانی بە قەد باڵای مێژووم بەرز و سێ سوارچاکی سەرقافڵەی ئەو کاروانە ، شان بە شانی پێشمەرگەکان  ، هەڵدەگەرێن بە قەد پاڵی کەژ و کێو و دوند و شاخی وەڵاتی خۆر
لە بڵینترین لوتکەی وەڵاتم دا گوڵی سەربەستی و ئاڵای پیرۆزی کوردستان دادەنێن و ئەوسا خۆر لە ئاسۆ دێتە دەرو رووناک دەکات دەشت و دۆڵ و شار و گوندی کوردستانی رۆژهەڵات ، قیبلەی شەهیدانی دێموکرات
لە یادی یەک ساڵەی شەهیدانی رۆژی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات لە شاری کۆیە
وەستا رەحمان