هاوارە بەرە. وەستا رەحمان

هۆ هاوارەبەرە
هاواری من بەرە بۆ رادیۆ دەنگی کوردستان و پێ بڵێ ، شمشاڵەکەی قاڵە مەرە بریندارە و هەواڵەکان مەوەستێنن هۆ هاوارە بەرە
هاواری من بەرە بۆ شێربەگی ، بۆ خوشکە خەج ، پێیان بڵێ ، رۆژهەڵاتی کوردستانمان وا زامدارە و سرنج بدەن سرنج بدەن مەوەستێنن
هۆ هاوارە بەرە
هاواری من بەرە بۆ پێشەوا ، بۆ قاسملو ، شەرەفکەندی ، پێیان بڵێ ، رێبوارانی رێبازەکەو ، رازدارانی بە وەفاتان ، رەفیقانی بێ نازتان وا بەرێوەن بۆ پشوودان دێنە لاتان
قەڵای دم دم بریندارە و تینویەتی و ئاوی دەوێ *٢* مەلای جەزیری داستانەکەی مەم…………. و زین لە کۆیە دەنوسێتەوە و تینویەتی و ئاوی دەوێ
هۆ هاوارەبەرە
هاواری من بەرە  ، بۆ منداڵانی لوتکەی ئومێد ، بووکە بارانەی هیوایان ساز کردوە و هاوار دەکەن : بووکی ئازادی خوێنی دەوێ …………. بووکە بارانە تینویەتی و ئاوی دەوێ
هۆ هاوارە بەرە
هاواری من بەرە بۆ ، رووبارو کانیاوەکانی رۆژهەڵاتی نیشتیمانم ، پێیان بڵێ ، رامەوەستن چاوێک لە باران داگرن با ببارێ ، شەهیدانی ئەمجارەمان ، کاروانەکە قەڵای کۆیە ، قەڵای کۆیەی دێموکراتم تینویانە و ئاویان دەوێ ، تینویانە و ئاویان دەوێ
دە ئێوەش ، ئەی هەڵگرانی مەشخەڵی خەباتی شاخ و شارم ، کاروانیانی رێگای سوری شەهیدانم ، با هەموومان بە یەکەوە ، بە یەک دەنگ و بە یەک هەنگاو ، تەرمی گیانی شەهیدانی سورخەڵاتی ئەو جارەمان ، بە سەر بەرزترین لوتکە و چیای نیشتیماندا سەر بخەین ، تا تیشکی خۆریان تێکەڵ بە ئاسۆی سەرکەوتن بێ و بە سەر هەموو شار و گوند و دەشت و دۆڵی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاو بێتەوە
وەستا رەحمان
15-09-2018 فینلاند