بەبۆنەی تێپەڕینی ساڵێک بە سەر تاوانی مووشەکبارانی “قەڵای دیموکرات”دا

خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!
هێز‌ و لایەن ‌و کەسایەتییە ئازادیخوازەکانی کوردستان و ئێران!
تێکۆشەران! ئەندامان ‌و لایەنگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان!
ساڵێک لەمەوبەر، ڕۆژی ١٧ی خەرمانان (٨ی سێپتەمبەر)، سوپای پاسدارانی ڕێژیمی تاوان ‌و تێرۆر، لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا، تاوانێکی دەستدرێژکارانە ‌و تیرۆریستیی گەورەی لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەنجام  دا. سوپای پاسداران، لە کاتێکدا پەهبادەکانی بە سەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەخولانەوە‌ و چاوساغییان بۆ دەکرد، لە نێوخاکی ئێرانەوە، شوێنی پێکهاتنی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی ئێمەی لە “قەڵای دێمۆکرات” لە نزیک شاری کۆیەی کردە ئامانج‌ و نیشانەی مووشەکە دوورهاوێژەکانی.
بەو هۆیەوە کە قەڵای دیموکرات، شوێنی جێگیربوونی ڕێکخراو‌ و دامەزراوە مەدەنییەکانی حیزب ‌و ناوەندی کار ‌و تێکۆشانی ڕۆژانەی سەدان ژن ‌و پیاو ‌و هاتوچۆی ژن ‌و منداڵ ‌و کەسانی غەیرە نیزامییە، هەر وەها بەو هۆیەوە کە پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی، چالاکییەکی سیاسیی حیزبە کە لە وڵاتێکی دیکە دەبەسترا، حیزبی ئێمە هەوڵێکی ئەوتۆی بۆ بەرگری لە بەرامبەر هێرشی هەوایی ڕێژیمی ئێراندا  نەدابوو. بەڵام بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە لایەکەوە هیچ سنوورێکی سیاسی، نێودەوڵەتی، عورفی ‌و ئەخلاقی ناناسن ‌و لە لایەکی دیکە پێویستیان بە خۆڕانان بە مووشەکەکان‌ و نیشاندانی هێز لە ڕووی نیزامی ‌و زانیارییەوە هەبوو، ئەم دەرفەتەیان قۆستەوە‌ و پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانیان مووشەکباران کرد. لە ئاکامی ئەو تاوانە گەورەیەدا، ١٦ کەس لە تێکۆشەرانی بەوەجی دیموکرات، لە نێویاندا ٦ ئەندامی ڕێبەریی حیزبی ئێمە، شەهید بوون‌ و نزیک بە٤٠ کەس لە بەشدارانی پلینۆم ‌و پێشمەرگە ‌و ژن ‌و منداڵی حازر لە دەوروبەری شوینی ڕووداوەکە بریندار بوون.
هەر لە بەرەبەیانی ڕۆژی مووشەکبارانی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی ئێمەدا، دەسەڵاتدارانی تاوانبار و تاوانکاری کۆماری ئیسلامی، ٣ بەندیی سیاسیی کورد‌ و، دوو ڕۆژ دواتریش لاوێکی دیکەی کوردیان لە دار دا تا بە خەیاڵی خۆیان بەڕێوەبەران‌ و بەشدارانی بزووتنەوەی نەتەوەیی ‌و ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکات لە هەر دوو ئاستی نێوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا، چاوترسێن بکەن.
ئێستا‌ و لە یەکساڵەی هەر دووی ئەم ڕووداوانە‌دا، بە ناوی دەفتەری سیاسی‌ و کۆمیتەی ناوەندییەوە وێڕای مەحکوومکردنەوەی ئەو تاوانە گەورانە، جارێکی دیکە بەداخبوونی خۆمان بۆ لە دەستدانی سەرجەمی ئەو ئازیزانەمان، دووپات دەکەینەوە. هاوخەمیی خۆمان لەگەڵ بنەماڵە سەربەرزەکانیان نوێ دەکەینەوە‌ و ، هەر وەک کاتی خۆی بەڵێنمان پێ دابوون، دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم جۆرە تاوانانە هەنگاومان پێ شل ناکەنەوە و لە خەبات دژی ئەو ڕێژیمە جینایەتکار و دڕندەیە، شێلگیرترمان دەکەن. لەم یەکساڵە‌دا یاد‌ و بیرەوەری ‌و سیمای ئەو شەهیدانە کە بە دڵنیاییەوە لە باشترین و بەوەجترین تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات و نەتەوەکەمان بوون بۆ ساتێکیش بە جێیان نەهێشتووین ‌و بەردەوام ئەوەمان وەبیر دێننەوە کە تەنیا بە درێژەدانی ڕێگاکەیان ‌و بەردەوامبوون لە خەبات هەتا کۆتاییهێنان بە ستەم ‌و بێمافی ‌و تاوان‌ و تیرۆر دژی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەتوانین تۆڵەیان بستێنینەوە‌ و پاداشیان بدەینەوە.
دوای تێپەڕێنی ساڵێک بە سەر تاوانی مووشەکبارانی قەڵای دیموکراتدا، جێی خۆیەتی ئاوڕ وەسەر چەند خاڵی گرینگ  لەم پێوەندییەدا بدەینەوە:
هاودەردیی بەرینی خەڵکی کوردستان‌‌ و هێز و ڕێکخراوە سیاسییەکان بەتایبەتی لە هەر دوو بەشی ڕۆژهەڵات‌ و باشوور لەگەڵ حیزبی دیموکرات ‌و بنەماڵەی شەهیدەکان، هەر وەها مانگرتنی گشتی‌ و سەرانسەریی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان بۆ مەحکوومکردنی تاوانەکانی ١٧ی خەرمانان، بۆ ئێمە مایەی شانازی و،  بەو پەڕی ڕێز و پێزانینەوە شیاوی یاد کردنەوەن. هیچ کردەوە‌ و دژ کردەوەیەک بە ڕادەی ئەو هاوخەمی، یەکگرتوویی‌ و هاوپێوەندییەی ئەو کات، نەیدەتوانی بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان ‌و بنەماڵەی سەرجەم شەهیدەکان، تا ئەو رادەیە ئارامکەرەوە‌ و مایەی دڵگەرمی بێ. هەر لەو کاتەشدا هیچ جووڵەیەکیش نەیدەتوانی بە ڕادەی مانگرتنە گشتی ‌و سەرانسەرییەکەی ٢١ی خەرمانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وڵامێکی  نەتەوەیی ئەوەندە بەهێز بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێت. خەڵکی ئێران ‌و جیهان، ئەوانەی بەدواداچوونی ڕووداوە سیاسییەکان دەکەن، زۆر  بەباشی ئەو پەیامە ڕوون ‌و ڕاشکاوانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان وەرگرت کە ئەو تێکۆشەرانەی لە “قەڵای دیموکرات” یا لە بەندیخانەکانی ئێران، بە مووشەک ‌و تیرۆر‌ و پەتی سێدارە گیانیان لێ دەستێندرێ، کوڕ‌ و کچی ئێمەن. ئێمە دڵمان‌ و هەڵوێستمان لەگەڵ ئەواندایە و، ئەو ڕێژیمەمان ناوێ کە تاوان بەرامبەر ڕۆڵەکانمان ئەنجام دەدا. حەماسەی ٢١ی خەرمانان، بەرهەمی یەکگرتوویی، یەکدەنگی ‌و یەکهەڵوێستیی هێز‌و لایەنە سیاسییەکان‌و، بەدەنگەوەهاتنی وشیارانە‌و بەرپرسانەی چالاکان‌و خەباتکارانی نێوخۆ و وەدەستهاتنی ئاگایانە‌و دڵسۆزانەی خەڵکی بەچۆک دانەهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. لەم یادە‌دا دووبارە ئافەرین‌و سڵاو بۆ ئەم یەکگرتوویی‌و هاوپێوەندیی‌و هەڵوێستگرتنە  مێژووییە دەنێرین‌و سەری ڕێز‌و پێزانین لە ئاستی دادەنەوێنین.
ساڵێک کە بەسەرماندا تێپەڕی، هەم بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان‌ و هەم بۆ بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، تاقیکردنەوەیەک بوو تا بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بسەلمێننەوە کە تیرۆر ‌و تەقینەوە‌ و تاوان، بە هەر ڕادەیەکیش گەورە بن، ناتوانن لە خەبات دژی دیکتاتۆری‌ و بندەستی‌ و لە پێناوی داوا و مافە ڕەواکانی نەتەوەکەمان، شلمان بکەنەوە. لە یەکساڵی ڕابردوو‌دا، تێکۆشەران ‌و هۆگرانی دێموکرات‌ و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکەش، بە تایبەتی بە دوای کارەساتی ١٧ی خەرمانان، هەر وەها لە ٣٠ ساڵەی تیرۆری ڕێبەری مەزن د.قاسملوو و لە ٤٠ ساڵەی فتوای جەهادی خومەینی دژی خەڵکی کوردستاندا، پێتەخت‌ و شارە گەورەکانی وڵاتانی ڕۆژاواییان کرد بە مەیدانی دەنگهەڵبڕین‌ و چالاکی بۆ لەقاودانی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاریدا، پتر هاندەری دیالۆگی سیاسی ‌و تێکۆشانی هاوبەش بە یەکەوە‌ و خۆئامادەکردن بۆ ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو بوون. لە نێوخۆی ڕۆژهەلاتی کوردستانیش، ناڕەزایەتیدەربڕینی مەدەنی‌ و جەماوەریی خەڵک، نە تەنیا کەمی نەکردوە، بەڵکوو ڕووی لە زیادبوون ‌و دەربڕینی ڕاشکاوانەتری داخوازەکانی کردوە. کوژرانی کۆمەڵێک لە مۆرە چەکدار و تاوانکارەکانی ئەو ڕێژیمە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتیش بە دەست ڕۆڵە ئازاکانی گەلەکەمانەوە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوو‌دا، ئەم ڕاستییە دەسەلمێننەوە کە کۆماری ئیسلامی بە مووشەکباران، تەقینەوە‌ و تیرۆر‌و تاوان دژی حیزبەکان‌ و تۆپبارانی بنکەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکانی، ناتوانێ ئەمنیەت ‌و ئاسوودەیی بۆ هێزە بەکرێگیراوەکانی خۆی لە کوردستان دابین بکا. هەتا ئەو کاتەی ئەو ڕێژیمە بە سەرکوت ‌و تیرۆر‌ و مووشەک ‌و ئیعدام بەرەوەڕووی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بێتەوە، بە هەر ڕادەیەکیش دڕندەیی بنوێنێ، لە کوردستان ئاسوودەیی ‌و ئەمنیەت بە خۆیەوە نابینێ.
لە یەک ساڵی ڕابردوودا، هەم سیمای تاوانکارانە ‌و نێوەرۆکی تیرۆریستی ‌و دەستدرێژکارانە و زێدەخوازانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دنیا پتر ڕوون بووەتەوە، هەم گوشاری سیاسی ‌و گەمارۆی ئابووری بۆ سەر ئەو ڕێژیمە بە مەبەستی ملدانی بۆ ئیرادەی نێودەوڵەتی‌ و دەست هەڵگرتنی لە یاغیگەری لە ناوچەدا، پێی ناوەتە قۆناغێکی چارەنووسساز. سپای پاسدارانی ئەو ڕیژیمە لە لایەن ئەمریکاوە بە تیرۆریست ناسراوە. کۆمەڵێکی دیکە لە گەورە کاربەدەستانی ڕێژیم لە لایەن ئەمریکاوە تەحریمیان خراوەتە سەر. ئەم ڕێژیمە دوای هاتنەدەرێی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، بە مانەوەی وڵاتانی دیکەی ئەندام لە بەرجامدا، دڵی خۆی دەدایەوە. بۆ بەرپەرچدانەوە ‌و بەربەرەکانیی گوشاری دەرەکی ‌و گەمارۆی ئابوورییش لەسەر خۆی، بە  یاریکردن بە تاقمە چەکدارە دەسکردەکانی خۆی لە وڵاتانی ناوچە‌ و جبەخانەی مووشەکییەکەی ‌و ڕێگەبەستن لە هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە کەنداوی فارس دەخوڕی. بەڵام لەو چەند مانگەی دواییدا بە ئاشکرا دیارە کە نەیتوانیوە یاریی دڵخواز بەم کارتانە بکا، یا ئاکامی دڵخوازیان پێ وەدەست بێنێ. بە کردەوەش دەبینین کە هەم لە ئاستی ناوچەدا، ڕۆژ بە ڕۆژ دەست ‌و مەچەکە نیزامی و تێکدەرانەکانی، تەنگیان پێ هەڵ دەچنرێ‌ و تێک دەشکێندرێن، هەم لە باری ئابووری، سیاسی و دیپلۆماتیکەوە، لەژێر گوشارێکی بێوێنەدایە‌. ئەم بارودۆخە وای لێ کردوە مۆتەکەی تەقینەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک لەنێوخۆدا و، تێکشکان لەژێر گوشاری دەرەکی، بەروەڕووی خۆی ببینێ‌ و بە دوای دەروویەک بۆ خۆ ڕزگارکردن بگەڕێ.
لەم بارەیەوە وەبیر دێنینەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشوازی لە هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی بەربەستدانان لە بەردەم زێدەخوازی‌ و دەستێوەردانە ناوچەییەکان ‌و تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی دەکا. تەئکیدیش دەکەینەوە کە ئەم جۆرە هەوڵانە کاتێک کاریگەر دەبن‌ و جێگای ڕەزامەندیی خەڵکی ئێران دەبن کە هاوکات ئەرکدارکردنی ئەو ڕێژێمە بۆ ملدان بۆ داخوازەکانی خەڵکی ئێران لە بارەی ئازادی‌ و دیموکراسیەوەیان لەگەڵدا بێ. لە پێوەندی لەگەڵ تاکتیک ‌و مانۆڕەکانی ڕێژیم لە بارەی پرسی کورد لە کوردستانی ئێران لەم مانگانەی ڕابردووشدا کە تێکەڵاوێک بووە لە هەڕەشەی نیزامی لە لایەک ‌‌و لە لایەکی دیکە کۆمەڵێک مانۆڕی سیاسیی جۆراوجۆر، ئێمە ڕادەگەیەنین کە ئەمانەش هەر بەڵگەی بەردەوامی ‌و بەچۆک دانەهاتنی بزووتنەوەی نەتەوەیی ‌و خەباتگێڕی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. حیزبی دێموکراتی کوردستان‌ لەم باوەڕە دایە کە هەر وەک  شەڕ‌ و سەرکوت ‌‌و تیرۆر ‌و ئێعدام ‌و هەڕەشە، نەیانتوانیوە بزووتنەوەی نەتەوەیی ‌و بەرەنگاریی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان خاشەبڕ بکەن، هەر تەرفەند ‌و مانۆڕێکی دیکەش، بێ داننانی کۆماری ئیسلامی بە مافەکانی گەلی کورد ‌و دەستهەڵگرتن لە سیاسەتەکانی تا ئێستای، ئاکامێکی نابێ. ئێمە جارێکی دیکە وەبیر دێنینەوە کە ئەسل بۆ ئێمە چ لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی‌و، چ لەگەڵ هەر هەوڵێکی پێوەندیدار بە داهاتووی سیاسیی ئێراندا، داننان بە پرسی ڕەوای نەتەوەکەمان ‌و  قبووڵکردنی مافەکانی ئەو نەتەوەیەیە.

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان!
تێکۆشەران! ئەندامان! دۆستان و دلسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان!
ئازادیخوازانی کوردستان و ئێران!
ئەو تاوانەی کۆماری ئیسلامی ساڵێک لەمەوبەر لەدژی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لەدژی ئازیزان و خۆشەویستانی ئێوە ئەنجامی دا، لە مێژووی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێژیمە لە گەڵ نەیارانی سیاسیی خۆیدا، بێوێنە بوو. دیارە کۆماری ئیسلامیی ئێران، زۆر تاوانی دیکەشی لە دژی حیزبی دێموکرات ئەنجام داون کە بێوێنە و کەموێنە بوون. بەڵام حیزبی دێموکرات، هەموو جارێ توانیویەتی لەبن ئەم زەبرە گەورانە هەستێتەوە. نهێنیی هەستانەوە و بەردەوامیی دێموکرات، دوو شت زیاتر نییە.  یەکەم، پابەندیی ڕێبەران و تێکۆشەران و ئەندامانی ئەو حیزبە بە درێژەدانی ڕێگای شەهیدەکان تا سەرکەوتن. دووهەم خۆشەویستیی ئەم حیزبە لە نێو خەڵکی کوردستان ‌و دڵگەرمبوونی بە پشتیوانی‌ و خۆشەویستیی بێسنووری ئەم خەڵکە. دڵنیاتان دەکەینەوە کە پشت قایم بەم دوو هۆکارە، بە  ورە‌ و هیوای بەرزەوە، ڕێگای بەردەممان دەبڕین تا ئەو ڕۆژەی ئاواتی ئێوە و، ئاواتی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و هەموو شەهیدانی کوردستان دێتە دی.
سڵاو بۆ گیانی پاکی ئازیزترین هاوڕێیانمان کە خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، کۆماری ئیسلامی بەو پەڕی دڕندەییەوە گیانی لێ ئەستاندن. شانازی و سڵاو بۆ خۆڕاگریی ئێوە بنەماڵەکانیان و هیوای چاکبوونەوەی تەواو بۆ سەرجەم بریندارەکان.
سڵاو بۆ ئێوەی وەفادار بە ڕێگا‌ و ئامانجەکانی ئەم شەهیدانە‌ و، سپاس کە لەم کارەساتە گەورەیەدا هاوخەم و پشتیوان و یارمەتیدەرمان بوون.
نەمان بۆ ڕێژیمی تێرۆریست و تاوانخولقێنی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
١٧ی خەرمانانی ١٣٩٨
٨ی سێپتەمبری ٢٠١٩