خودایە ئێمە کێێن؟ ڕاستی خورماڵی

خودایە ئێمە کێێن؟
بانگی ئیسلامت دا دوای دینی تۆ کەوتین
گەر باسی کەین، ئاشتی نەمامێک بوو کورد ناشتی

خودایە هاوارمان بۆ تۆیە!

گەر مافمان لە ئاسمانە؟

کۆتا ئایەتی خۆت بۆ کورد بنووسە

گەر لەسەر زەوییە؟

مافی ئێمە لەنێو کام دەست و پێنووسە؟

ئایەتت بۆ زۆر قەوم ناردە خوار

جا پاداشتت کردبن یا بۆت ناردبن، بەڵاو سزاو ئازار

خەریکە فیرعەون ئاساکانی ئێرە ، کورد قڕ دەکەن

ئایەتێ بۆ کوردیش دابەزێنە

بەس بێ ئیتر، ئەم جیهانە بێ (مافی مرۆڤ ) ه بەئاگا بێنە

ئەو کافربابانە بەناوی ئایەتی تۆ وەک( فتح )و (ئەنفال)

یا خاکمان دەبەن یا بەزیندوویی دەمانخەنە نێو چاڵ

یا بەپێی پەتی بێ بەرگ و نان

ڕاوماندەنێن پێمان دەڵێن ئێوە بۆمردن کراون

شتێک نیە بۆ ئێوە بەناوی ژیان

ئەو زەوییەی وەک فەرش بۆ مروڤت ڕاخستوە

گەر کورد داوای ڕیشاڵێکیشی کردبێ

یا کۆچی پێکراوە یا لەچاوتروکانێکدا کوژراوە

خودایە؟

تەنها لەبەر ئەوەی کوردین ڕەوایە بمرین ؟

هەتا کەی فرمێسکی چاو بسڕین؟

خودایە کەی ڕۆژی بەختی کوردە؟

کەی کۆتایی دێ ئاوارەیی ئەم هەموو دەشت و هەردە؟

خودایە ئێمە کێین ؟

نەوەی ئادەمی بەندەی تۆین؟

ئەی بۆ هەر ڕاومان دەنێن بۆ هەر دەڕۆین؟

زەوی تۆ ، بووە خەڵاتی تۆ بۆ هەر گەلێک

کورد نیەتی تا ئەمڕۆش لێی بێبەشە

خودایە ئیتر قبوڵ نەکەی ئەم غەشە

بەناوی تۆ و دینی تۆ و قورئانی تۆ

کوشتنمان حەڵاڵ کراوە !

ئیسلام بین یا جوو یا مەسیحی

سەرمان یا بڕاوە! یا بەدارا هەڵواسراوە !

سوێند بە تۆ زۆر شەکەتین

خودایە یا ڕۆحی هەموومان بکێشە بۆ لای خۆتمان بەرەوە

یا موعجزەیەک بۆ ڕزگاری کورد

بە فریشتەیەکتا بنێرە خوارەوە

نووسینی: ڕاستی خورماڵی

خوێندنەوەی: ڕاستی خورماڵی