ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە و دۆخی خراپی زیندانەکان لە ئێران، پاراستنی گیانی زیندانییانی سیاسی لە ئەستۆی دەزگای قەزایی ڕێژیمە.

لەم ڕۆژانەدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا نیگەرانی و مەترسییی جیدی لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی دروست کردوە. ئەم پەتایە خەریکە هەموو وڵات دادەگرێ و لەم سۆنگەیەشەوە بایەخدان بە پرسی بەرگرتن لەو نەخۆشییە و پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی بۆتە خەمێکی گشتی و هەروەها بەرپرسیارەتییەکی نێودەوڵەتی.
وڵاتی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە بازنەی سوور و مەترسیداری بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا جێ دەگرێ، هۆکاری سەرەکیی ئەوەش لەسەرەتادا شاردنەوەی ئەم نەخۆشییە بۆ مەرامە سیاسییەکانی دەسەڵات و بەشداری لە هەڵبژاردن بوو، دواتریش ڕوانگەی ئەمنیەتی و ئایینی لە بری ڕوانگەی زانستی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم نەخۆشییە.
بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا لە ئێران ئەوەندەی مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵکی ئاسایی دروست کردوە، چەند قات هەڕەشە لە ژیانی بەندییەکان، بەتایبەت زیندانیانی سیاسی دەکا و هۆکاری ئەمەش ڕوون و دیارە. ئەگەر لە لایەک بەهۆی نەبوونی بەرنامە و ڕێوشوێنی زانستی و گونجاو و هەروەها نەبوونی ئیرادەیەکی تۆکمە بۆ بەرگری لە پەرەسەندنی ئەم پەتایە؛ ئەم نەخۆشییە بەخێراییەکی سەرسوورهێنەر لە ئێران زیاد دەکا. لە لایەکی دیکە بێبایەخی گیانی زیندانیانی سیاسی و سڵامەتی ئەوان لای کاربەدەستانی ڕێژیم ئەم نیگەرانییەی لای بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی و کۆڕ و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ دروست کردوە.
لەو بارودۆخەدا لەژێر گوشاری چالاکانی سیاسی و مەدەنیدا دەزگای قەزایی ڕێژیم بڕیاری داوە بەشێوەی کاتی بەندکراوان مەرەخەسییان بدرێتێ و لە بەندیخانەکان ڕاگوێزرێن، بەڵام ئەمجارەش زیندانیانی سیاسی و ئەو بەندکراوانەی کۆماری ئیسلامی تاوانی دژی ئەمنیەتیی نیشتمانیی وڵاتی داوەتە پاڵیان؛ ئەم بڕیارە نایانگرێتەوە. زیندانیانی سیاسی کە بێجگە لە دیفاع لە ئازادی و مافە سیاسییەکانی گەلانی ئێران هیچ تاوانێکیان نییە، لەگەڵ ئەوەی کە ئازادییەکانیان پێشێل کراوە و دوور لە یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان کەوتوونەتە بەندیخانەوە، ئەمڕۆ بێجگە لە ئەشکەنجە و ئازار لە زیندانەکاندا دەبێ چاوەڕوانی ڤایرۆسی کۆڕۆناش بن و کۆماری ئیسلامی نەک گیان و ژیانی ئەو ئینسانە شەریف و ئازادیخوازانەی بۆ گرینگ نییە، بەڵکوو دژی هەموو یاساکانی مافی مرۆڤە و گیان و ژیانی گەلانی ئێرانیش بەلایەوە بایەخی نییە.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بەو هەڵاواردنە ڕەخنەی توند لە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی دەگرێ و ئەمە بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی زیندانیانی سیاسی و ناتەبا لەگەڵ یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان دەزانێ. هاوکات داوا لە هەموو کۆڕو کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان دەکا کە بۆ پاراستنی گیانی زیندانیانی سیاسی فشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی و ڕێگە نەدەن بە بەهانەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم ڕێژیمە پاکانە حیساب لەگەڵ زیندانیانی سیاسی بکا. بێگومان پاراستنی گیانی زیندانیان، بەتایبەت زیندانییانی سیاسی بەر لە هەموو شتێک لە ئەستۆی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە پێوەندیدارەکانی دیکەی ڕێژیمە.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی