ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن

هاونیشتمانیانی خۆشەویست
گەلی خەباتگێڕی کورد
ژنانی مافخواز

ڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن لە ئێوە و هەموو ئەو کەسانەی باوەڕمەندن بە دادپەروەری، یەکسانی و بەرابەری پڕ بە دڵ پیرۆزبایی دەکەین و ئاواتەخوازین بەرەی خەبات لە دژی زوڵم و زۆر و نابەرابەری و چەوسانەوەی مرۆڤ و هەڵاواردنی ڕەگەزی بە سەر بەرەی دیکتاتۆری و کۆنەپەرەستیدا سەرکەوتوو بێت و بە خەباتێکی یەکگرتووانەی هەموو چین و توێژەکان و بە تایبەت ژنانی مافخواز و داکۆکیکار لە بەها مرۆییەکان، بە ئامانجەکانمان بگەین.
ژنانی ئازادیخوازی کوردستان
مێژووی خەباتی پڕ لە فیداکاری و قوربانیدانی ژنانی جیهان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەمی زایینی و بە تایبەت خۆپیشاندانی ژنانی ئەمریکایی لە بەرامبەر هەڵاواردنی جینسی و سەرکوتی ئەو خۆپیشاندانە کە بوو بە هۆی قوربانیبوونی دەیان کەس لەو ژنە مافخوازانە. هەر لە درێژەی ئەم خەباتە و پشتیوانی لە خەباتی ژنانی ئەمریکایی و مەحکوومکردنی ئەو تاوانە دژی مرۆییەدا، ساڵی ١٩١٠ ژنە خەباتگێڕی ئاڵمانی، کلارا زتکین، لە کۆنگرەی ژنانی سۆسیالیستدا پێشنیاری کرد ڕۆژی ٨ی مارسی هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی جیهانیی ژن.
لەو کاتەوە تا ئێستا هەموو ساڵێک بە ڕێزگرتن لە خەبات و مافەکانی ژنان، کۆبوونەوە و بۆنەی تایبەت لە وڵاتانی دنیای پێشکەوتوودا و لە لایەن باوەڕمەندان بە ماف و ئازادیی ژنانەوە پێک دێ و جێگە و پێگەی ژنان لە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە بایەخەوە باس دەکرێن. لە دنیای پێشکەوتوو و یاسامەنددا ژن ئێستا بووەتە هێمای دەسەڵات و زۆربەی هەرەزۆری مافەکانی دەستەبەر کراون و لە ئاستی نێونەتەوەییدا داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکات. نموونەی ئەم جۆرە ژنە هەڵکەوتووانە لە بوارەکانی سیاسی، یاسایی، زانستی و… زۆرن و ساڵانە دەیان خەڵاتی بەنرخیان پێ دەبەخشرێ. مخابن لە دنیای دواکەوتوودا کە عەقڵییەتی کۆنەپەرەستانە و چەقبەستوو حاکمە، مافەکانی ژن نکۆڵییان لێ دەکرێت و وەکوو هەڕەشەیەک چاویان لێ دەکرێت. وڵاتی ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە ئاشکرا و بەپێی یاسا و ڕێسا ئایینییەکان کە ئیدئۆلۆژییەکی حوکمڕانیی دواکەوتوویان پێک هێناوە، ژنی لە هەموو مافەکانی بێبەش کردووە و وەک کۆیلە چاوی لێ دەکات.
بەڵام هەروەک مێژوو شاهیدی بەرگری و بەربەرەکانێی مرۆڤەکان بۆ مانەوە و گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی بووە، ژنانی ئێران و کوردستانیش لە ماوەی دەسەڵاتداریی کۆنەپەرەستانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا شکۆی خەباتێکی خوێناویی سیاسی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی بوونە و بە خەبات و بەرخۆدانی چەند مانگی ڕابردووش نیشانیان دا کە لە خەبات دژی دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هێزێکی کاریگەرن.
لەم خەباتە خوێناوی و مافخوازییەدا ژنان و کچانی نیشتمانپەروەری کوردیش چ لە سەنگەری پێشمەرگایەتی و چ لە خەبات و بەرگریی نیشتمانی، سیاسی، مەدەنی و ڕۆشنبیریدا سەمبولی پێشکەوتوویی و هێمای بوێری و مافخوازین و بوونەتە خاوەنی کەسایەتیی شیاو و لێهاتوو لە ئاستی نێونەتەوەییدا و لە خەبات دژی چەوسانەوە و دیکتاتۆری و تێرۆریزم و سیاسەتی هەڵاواردندا بە شێوەیەکی بەردەوام لە خەبات و بەرخۆداندان.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە وێڕای پیرۆزبایی لە ژنانی جیهان، ئێران و کوردستان جارێکی دیکە هیوای سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ و پاڵپشتیی خۆی لە ژنانی خەباتگێڕی ئێران و لەو خەباتە پڕ سەروەری و شانازییەیان ڕادەگەیەنێت.
بەرز و پیرۆز بێ ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٦ـی رەشەمەی١٣٩٨ـی هەتاوی
٦ـی مارسی ٢٠٢٠ـی زایینی