منیش یەکێکم لەو کیژە کوژراوانە. سوهەیلا قەوی‌پەنجە (بێوار)

نووسینی: بێوار. بەشی سێ و چوار و کۆتایی
وادانیشتن، میوانەکە پشتی لەمن بوو سەرو ملی بۆلای من سووڕاندو سیلەی چاوی وەک تیر تێگرتم و بە زەردەخەنەیەکەوە، بەمانای ڕەزایەت سەری لەقاندو گوتی: کاری باشتان کردوە دەستتان خۆشبێ. موبارەکە. لەداخی قسەکەی ئارەقەم کرد؛ ددانم لە چیڕەوە دەبرد؛ گۆشەیەکی مەلافەکەم لە زارم ئاخنی و ددانەکانم لەسەر داگرت.
ھەمان پیاو چوار ساڵ دواتر داوای منی لە بابم کردبوو. بیست ساڵ لەمن گەورەتر بوو. بابم زۆری خۆشدەویست و ھاوڕێی نزیک و جێی باوەڕو متمانەی بوو؛ زۆری پێباشبوو تەحویلی ئەومدا؛ دەیگوت: بۆخۆی کەسێکە لەناو حیزبدا، شەخسییەتێکە، کوڕی چاکەو زۆر باسەوادو موحتەڕەمە. من قەبووڵم نەکردو بابیشم وەک ھەمیشە قەت لەوبارەوە، زۆریی لێنەکردم.
لە تەمەنی ٤-٥ ساڵییەوە ھەرکات لەگەڵ ماڵەوە لە بەربەرەکانی و کێشە دابووم، مانم لە خواردن دەگرت. کە ئازاری جەستەیی دەدرام، پێچەوانەی بیرکردنەوەی ھەموو منداڵێک ھیچ کات، پێموانەبوو من خەتابارم؛ ھەمیشە پێموابوو ئەوان لە ھەڵەدان و توانای کۆنتڕۆڵ کردنی تووڕە بوونی خۆیان نییەو دەبێ مێھرەبان و لەسەرەخۆبن.
جگە لەیەک جار کە لە تەمەنی دەساڵ و نیوی لەسەر دزینی سیگار لە بابم و کێشانیی، ئاخرین لێدانی ژیانم بەدەستی بابم و بنەماڵەی خۆمانەوە، بەقەستی کوشت وێکەوت، ھیچ کات دەست بەرزکردنەوەی ھیچ کام لە ئەندامانی بنەماڵەم لەسەر حەق نەبوو.
وەنەبێ لێدانی ئاخر جاریشم بەڕەوا زانیبێ؛ نا. دایکم زانیبووی سیگارم کێشاوەو زۆر لێی پاڕامەوە بە بابم نەڵێ و قەولمدا غەڵەتی وا نەکەمەوەو؛ تامی لێدانەکانیم دەزانی و لەوکاتەوە کە لە مھاباد ھاتبووینە دەرەوە، وێم نەکەوتبوو و زۆر دەترسام و ھەربە قسەکردن لەگەڵم یا ھەڕەشەکردن لێم چارەسەر دەبوو، بەڵام مەبەستم ئەوەیە لانیکەم تەنیا ئەو جارە، دوو کاری خراپم کردبوو کە لێدانم خوارد.
دوای خەتەنە کردنیشم، وەک ڕابردوو، ھەرچی دایک و بابم تکایان کرد نان بخۆم، فایدەی نەبوو. پێموابوو غەدرو زووڵمێکی زۆر گەورەیان لێکردووم.
چەند ڕۆژ لێوم لە خواردن نەداو نەچوومە توالێت. پێم شەرم بوو بچمە دەرەوەش. تاقەتی ھیچم نەبوو. بێھێزو بێزارو خەمبار لەبەر پەنجەرە دەستەوئەژنۆ دادەنیشتم و لەناخی دڵەوە مردنم بەئاوات دەخواست. ھەزاران پرسیارم بۆ درووست ببوو. پشتیوانێکم شک نەدەبرد.
دەروونم بەتاڵ و ڕۆحم مردبوو. پێمخۆشنەبوو کەس ببینم بەتایبەت دایکم و بابم. ھەرچی زیادتر بۆیان شیدەکردمەوە کە باشبوو خەتەنە کرام، ئەگینا خۆم و دەستاوم گڵاو دەبووین، زیادتر تووڕە دەبووم و دەگریام و نەدەچوومە ژێرباری ئەوەکە کارێکی درووستیان لە مەسڵەحەتی مندا کردبێ.
ژانم زیادترو زیادتر دەبوو و زۆر نزیک ببووم لە تەقینەوەی یەکجاریی. دایکم کە پێی زانیبووم و بڕێکیش ترسی ڕێنیشتبوو و چەند جار بە بابمی گوت: ئەو کچە لاسارەت ئاخری دەمرێ و کەس نازانێ وەک کێ دەچێ؟، بەزۆر بردمییە حەمام و چوونکە لەوێش جوابم نەداوە، دوای لێدانێکی باش لە سەرو گوێلاکم بە قاپی فافۆن، میزی پێکردم. برینم کولاوەو تا ھێزم تێدابوو چریکاندم.
گوتی: وەی زەھری مار. گوێم کەڕبوو. ئەوجار وردە وردە ژانت کەم دەبێتەوە خات بێگوێ. ئەگەر زووتر میزت کردبا لەمێژبوو برینەکەت ساڕێژ دەبۆوەو چاک دەبوویەوە. دیسان فرمێسکی تووڕەییم داباراند. بە ئەسپایی گوتم: رقم لێتانە. نازانم چۆنبوو ھیچی نەگوت؟
دوای حەوتوویەک کە پوورە خورشیدی خۆشەویستم، خوشکی دایکم و لایەنگری ھەمیشەیی و سەرسەختی من، ھاتە سەردانمان و بەگریان خۆم لەباوەشی ھاویشت و بە تێرو تەسەلی لای ئەو شکایەتم لێ کردن، پوورم زۆریان لێ تووڕەبوو بەتایبەت زۆر لەدایکم تووڕەبوو ھەرچەند ئەو خوشکی چووکتر بوو؛
پاشان بە بابمی گوت: عەجەب ئازادیخاھ و دێمۆکڕاتێکن! بەو فکرە عەسری حەجەریانەوە دەتانھەوێ ئێران ئازاد کەن؟ (من حاڵی نەبووم) بۆ ئەو کارە جوانانە ھاتوونە دەرەوەو خۆتان قاچاغ و ئاوارە کردووە؟ باشە باجیم مەزھەبییەکی بەئیمان و دووئاتەشەو موتەعەسیبەو دایکم و بابم مەغزیان شوستشوو داوەو بۆیان پڕکردووە لە درۆ، ئەتۆ بۆ ئیجازەتدا ئەو زووڵمە گەورەیە لەو کچە بکا میرزا سەدیق؟ ئەی حیزبەکەتان ھیچی نەگوت؟ ئێرە ئاوا بێ سەرەوبەرەیە؟ یا ئەنگۆش وەک عەممامە بەسەرەکانی ئێرانێ ئیسلامین و ھەر بەنێو دێمۆکڕاتن؟ قاسملوی ڕەھبەریشتان عەقیدەی وەکوونگۆیە؟ ئەگەر ئاوابێ ئەسڵەن نامھەوێ بیبینم.
بابم کە زۆری پوورم خۆشدەویست و ھاوڕێی نزیکی یەکبوون و لە لایەکی تریشەوە پێدەچوو بەو قسانەی پوورم نەختێک دوودڵ و پەشیمان بووبێتەوە، بە زەردەخەنەوە گوتی: باشە کەچەڵ خۆت شێت کردووەو وەبەر ڕەگبارت داوین، سەری خۆت بەسە؛ لێمانگەڕێ، تازە زەمان ناگەڕێتەوە دواوەو شتێکە کراوە، ئەوەش بە باوەڕی من و کاڵێ (واتە دایکم) مەڕبووتە؛ نە بە حیزب و کاک دوکتور(قاسملوو).
پوورم گوتی: ئاخە بە ئیستلاح ئەنگۆ پێشڕەو و ئۆلگون بۆ جامیعەی؛ دەبێ پێش بە خەڵکی دیکە بگرن ئەو کارە وەحشەتناکانە نەکەن، ئەمما دەبینم بۆخۆتان دەیکەن. سھیلای فەقیر، پووری بمرێ، تەمەشا! وەک مردووی لێھاتووە. لە بەینتان برد.
دایکم گوتی: چاکە، تۆخودا خورشید بەسە. ئەو چەند ڕۆژە بە ئەندازەی کافی ئەزیەتی کردووین، ئەوەندەی دیکە ڕووداری مەکە.
پوورم گوتی: ئاخ باجی! تەنھا دەتوانم زۆر موتەئەسف بم بۆ تۆ.
من گەلێک بەو باس و پشتگیرییەی پوورم خۆشحاڵ بووم.
دوو حەوتوو لە لامانبوو و ھەموو ڕۆژێ بە بیانوویەک وەبیری دێنانەوە کارەکەیان زۆر ھەڵە بووە. ئەو ماوەیەی لەوێ مایەوە، تێر نازی کێشام و زۆر بەباشی ئاگای لێمبوو. دیاریی زۆر جوانیشی بۆ ھێنابووم. بەبوون و قسەکانی ئەو، دڵخۆش و ئەھوەن ببوومەوەو توانیم جارێکی دیکەش ھەستمەوە سەرپێ و سەر بەرز کەمەوەو باوەڕم بەخۆمبێ و بە تەواوەتی دڵنیابم حەق بەمن بووەو کارەکەیان ھیچ قازانجێکی نەبووە.
بەخۆشییەوە خوشکم کە نزیکەی شەش ساڵ لەمن چووکترە لە خەتەنە کران مەعاف بوو و نەکرا.
نامھەوێ بڵێم دایک و بابم خراپ بوون و دایک و بابی تر باش بوون، یا من باشم؛ نا.
من ھەمیشە دەڵێم ٩٩٪ ی دایک و باوکانی ئێمە ھەر ئەوەندەیان لە پەروەردەو فێرکردن زانیوەو بەھەر ھۆیەک بووبێ، ئەوەندەیان لە توانادا بووە کە کردوویانە؛ کاتێک باسی بەدبەختییەکانی ھەڕەتی منداڵیی و گەنجێتی خۆیان دەگێڕایەوە، بۆیان دەگریام.
ئەوانیش قوربانیی بوون؛ بۆیە ئاسانتر دەمتوانی دەرکیان بکەم و بییانبەخشم؛ زۆر کەس ناتوانێ ئەوکارە بکات.
توندو تیژیی و ئازاردان لە ناو مندا مردو کۆتایی پێھات و پەرەی نەستاند بۆ دەوروبەرم و بەخۆشییەوە نەیتوانی دەروونم ڕەش کات.
دایکم و بابم زۆر جار وەک کێو، پەناگەو پشتیوانم بوون، ئەگەر مەرگ مەودا بدا باسیان دەکەم. کە گەورەتر بووم لە تەمەنی ١٢-١٣ ساڵیم بەولاوە، بووینە ھاوڕێی نزیک. زۆر نزیک. ئەوەندە نزیک کە کاتێک دایکم نەخۆش کەوت، بە ھەزاران جار لە خوداکەی دەپاڕامەوە من پێش ئەو بمرم. زۆر جار داوای لێبوردنی لێکردم و منیش دڵنیام کردەوە کە زۆرم خۆشدەوێ و لەمێژە ھیچم لەدڵدا نەماوە.
دەیگوت:دەزانم ئێستا چەندەت خۆشدەوێم؛ ئەوەندەی خەمی تۆمە کە دوای مردنی من، چەندە ناڕەحەت دەبی، نیوھێندە فکر لە نەخۆشی و مردنی خۆم ناکەمەوە. ھەمیشە بە گریانەوە دەیگوت: سھیلا زۆرم خەمی تۆیە.
جارێک کە بۆ چارەسەری دایکم، من و ئەو چووبووینە بەغداو دواتر بابیشم بۆ سەردان ھات، بە بابمی گوت: فڵان کەس، ئەگەر سھیلا نەمانبەخشێ خوداش قەت نامانبەخشێ. زۆرمان زووڵم لێکردووە. دایکت بمرێ؛
منیش فرمێسکم حازربوو. دەمگوت: قەت شتی وامەڵێ؛ تکایە!و دەستم لەملی گرێدەداو ماچم دەکرد. بابیشم دەیگوت: ئەی ئێمە خوێڕی. دایکت بەخشی ئەدی ئێمە؟ ھھھھھ ئەویشم ماچ دەکرد.
ئەوان بۆ خەڵک و حیزبیش، دوو مرۆڤی باش، سادق، شۆڕشگێر و دڵسۆز بوون؛ زۆر دوور بوون لەو پیسییانەی لەناو حیزبدا ڕوویان دەدا.
ئەوەندەی منیش لە ژیانی ھاوڕێکانم لەناو حیزبدا ئاگادار بووم، بەتایبەت منداڵانی سکرتێر، دەفتەری سیاسیی و مەسئولەکان، دایک و بابم بەکردەوە، دێمۆکڕاتترین و ئازادیخوازترین و باشترین دایک و بابی ناو ڕیزەکانی شۆڕش بوون.
کارەساتە سکرتێری حیزبێک بەھۆی ئەوەکە کچەکەی لەگەڵ مامۆستایەک لە حەوشە دەرس دەخوێنن و کەسی تریان لەلا نییە، وەھا لە کچە بیست و چەند ساڵەکەی بدا، کە لە نەخۆشخانە بیخەوێنن و دواتریش بۆ نمایشدان، لەگەڵ ئیسکۆرتەکانی بچێتە مولاقاتی کچەکەی و لە نەخۆشخانە ئەحواڵی بپرسێ. من لەوبارەوە بەتەواوەتی ئازاد بووم.
لەلایەکی تر ئەو بەناو گەورە پیاوە سیاسیانە، بەھۆی نەخۆشی ناوچەگەراییانەوە، نەیانھێشت ھیچ کام لە کچ و کوڕەکانیان بەدڵی خۆیان ھاوسەرگیری بکەن؛ بەڵام خۆیان دەبوونە کەواسووری بەر لەشکرو دەچوونە خوازبێنی و بەزۆر کچی بنەماڵەی پێشمەرگەیان، بۆ کادرو پێشمەرگەی ناو حیزب دەستاند.
یا لە وڵامی منداڵی بنەماڵە پێشمەرگەیەکدا کە قوتابی بوو و پرسی: بۆ بورسی تەحسیلی ھەر وەبەر منداڵی خۆتان دەکەوێ و بەڕێیان دەکەنە ئوڕوپا؟
وەک سکرتێری حیزبێک بڵێی: جا لە ھەموو شوێنێک منداڵی شاو گەدا فەڕقی ھەیە. لەناو حیزبیشدا ھەروا.
کاتێک کردارو ڕەفتارو گوفتاری ئەو، بەناو، گەورە پیاوانەم دەدیت و دەبیست، دڵنیاتر دەبووم، بوونی دایک و بابم چ شانس و بەختەوەری و شانازییەکە بۆ من و دڵخۆش بووم کە دایک و بابی من ئاوا نەبوون و بەو شێوەیە بیریان نەدەکردەوە.
ھیوادارم کەس بەزەیی پێمدا نەھاتبێتەوە؛ چوونکە نە تەئسیری ھەیە لەسەر ژیانی من، نە تەڕەحومی کەسێک شادم دەکات. بۆ من تەنیا ڕەحم و دەرکی ئەشقەکەم گرنگە کە ئەویش ھێشتا لەدایک نەبووە. ھھھھھ
ئاواتەخوازم باسکردنی ئەو بابەتە بووبێتە ھۆی پاشگەزبوونەوەی زۆر دایک و باوک لە خەتەنەکردنی کچەکانیان و خەتەنەکردنی کوڕەکانیان بە گەورەیی یا خەتەنە نەکردنی کوڕانیش.
کچان بەھۆی خەتەنە کردنەوە، لەباری ڕۆحی و جەستەییەوە تووشی کەموکوڕی و داڕمانێکی گەورە دەبن و ژیانی داھاتووشیان تێک دەچێ.
با نە خۆمان ئەو کارە بکەین نە ڕێگە بدەین دۆست و ئاشناو خەڵکانی دەوروبەرمان ئەو ھەڵەیە بکەن.
زۆر بەداخەوە ھەڵوێستێکم لە خەباتکارانی قەڵەم بەدەست و بە ئیدعا، کە زۆربەیان لەناو حیزبەکاندا مەسئولییەتیشیان ھەیە نەدیت، بەتایبەت ژنەکان؛ وەک ئەوەکە ئەو چەند ڕۆژە باسی کێشەیەکی خێزانی و شەخسیم کردبێ، تەنانەت دوو وشەیان لەسەر ئەو کێشە قێزەون و ناشارستانییە باوەی ناو کۆمەڵگە نەنووسی.
وادیارە تا ئێستاش عەقڵی خێڵەکی زاڵەو ئەو شێوە لەعەقڵ نەک بە ڕزگارییمان ناگەیەنێ، بەڵکوو لە ئینسان بوونیش دوورمان دەکاتەوە.
خەتەنە تەنیا کێشەی ڕابردووی کچێک نەبووەو نییە، بەڵکوو مۆعزەلێکی گەورەی کۆمەڵگەی کوردەوارییە کە ئێستاش بوونی ھەیە.
ئێستاش کوردان لە ئوڕوپاوە کچەکانیان دێننەوە کوردستان بۆ خەتەنەکردنیان. ئیتر بزانن لە کوردستان، چ باسە؟
تا ئەو کاتەی بیرکردنەوەمان بەو ئاقارە سەقەتەدا بڕواو ویژدان و ئەخلاقی مرۆڤەکان لەخەوی زستانیدابن، کاروانی شەھید کرانی نھێنی، کچان و ژنان و منداڵانی کوردمان، بەزۆر ھۆی ناڕەواو نادیارەوە بەردەوام دەبێ و سەروەریی تاکی کوردو یەکسانیی ژن و پیاو و ڕزگاریی نەتەوەیی مەحاڵ.
سپاس و ڕێزی بیپایانم بۆ ئەو بەڕێزانەی بێدەنگ نەبوون و ھەڵوێستیان نواند.
بێوار